»  خواردن و خواردنەوە

چۆنیەتی ئامادەکردنی نانی تۆست

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لە دێر زەمانەوە نانی تۆست لەلای فیرعەونەکان ناسراوبوو، چونکە ئەو نانەیان دەترشاند بۆ ئەوەی کەڕووی ھەڵنەینی و بۆگەنی نەبێت و ھەر لەسەر ئاگر دەترشاندرا و ھەندێک جاریش لەسەر بەردی گەرم دادەندرا، دواتر نانی تۆس لە ئەوروپا بڵاوبووە .

لە سەدەی رابردوو ئامێری ترشاندنی نانی تۆست دروستکرا، ناوی (تۆست) لە بنەڕەتدا لاتینیە و بەمانای ئەو نانەی کە سووتاوە یا زۆر برژێندراوە یا ترشیندراوە دێت . 
لە ئێستادا لە زۆربەی مارکێتەکانی جیھان نانی تۆست ھەیە چونکە بە ئاسانی دروست دەکرێت ھەروەھا لە ھەندێک شوێن لە ماڵان دروست دەکرێت .

سوودەکانی نانی تۆست : 
١.رێژەیەکی زۆر کاربۆھیدرات لە خۆ دەگرێت . 
٢. ووزەیەکی زۆر بە لەش دەبەخشێت . 
٣. لەنانی ئاسایی سووکترە و وات لێدەکات زووتر ھەست بەتێربوون بکەیت . 

نانی تۆست لەناو قالبی تایبەت دروست دەکرێت و لەناو فرن سووردەکرێتەوە و دەکرێتە پارچە پارچە و لە کاتی نانی بەیانی لەگەڵ زبدە و ھەنگوین و شیر دەخورێت.

چۆنیەتی دروست کردنی نانی تۆست :

پێکھاتەکان : 
شەش کوپ ئاردی سپی و دەکرێت ئاردی بۆریش بێت یا ھەردووکی تێکەڵ بکرێت . 
دوو کوپ ئاوی گەرم . 
خومرە، یەک کەوچک و نیوی گەورە. 
دوو کەوچکی بچوکی شەکر . 
یەک چارەگ کوپ زەیت یا زبدە . 
یەک کەوچکی بچووکی خوێ . 
یەک چارەگ کوپ شیر یا ماست . 

چۆنیەتی ئامادەکردنی : 
بۆ ئامادەکردنی ھەویرەکە شەکر و خومرەکە لەگەڵ نیو کوپ ئاوی گەرم تێکەڵ بکە و بەتەواوی تێکیدە، ئینجا لەلایەکی دابنێ و واباشترە شوێنەکە گەرم بێت تا دەترشێت بۆ ماوەی پێنج خولەک . 
لەناو مەنجەڵێکی گەورە و قول یەک کوپ ئاردی تێبکە لەگەڵ زەیت و شیر و خوێ و بابەتەکان تیکەڵی یەکتری بکە ئینجا نیوەی ئاوەکەی تێبکە تا گیراوەیەکی نەرمت دەست دەکەوێت .
ئەو ھەویرە ترشایەی سەرەتا ئامادەت کرد تێکەڵی بکە و ئینجا ئاوەکەی دیکە و ئینجا بە کاغەزی تایبەتی خۆراک (قەسدیر) دایپۆشە بۆ ئەوەی بترشێت و قەبارەی گەورە بێت . 
دوای کاتژمێرێک ئەو ئاردەی ماوە لەگەڵ ھەویرەکە تێکەڵی بکە بە سێ قۆناغ و بەردەوام ەبێت بیشێلی بۆ ئەوەی ھەویریکی لاستیکیت دەست کەوێت. 
ئینجا ھەویرەکە بکە پارچەی خڕ و بەزەیت چەوری بکە و لەناو سینیەکی دابنێ و بەنایلۆن دایپۆشە و لێگەڕی با بترشێت بۆ ماوەی یەک کاتژمێر . 
دوای ئەوەی ترشا ھەویرەکە بکە بە دوو پارچە و ھەندێک پانی کەوە و ئینجا بیخە نێو قالبی نانی تۆست و لێگەڕێ با بترشێت و قەبارەی گەورە بێت . 
نانە تۆستەکە بخە نێو فڕن و با پلەی گەرمی فڕنەکە (١٨٠ ) پلە بێت و پێویستە ماوەی نیو کاتژمێر لەنێو فڕن بێت و دەبێت پێشتر فڕنەکە گەرم کرابێت . 
دوای ئەوەی نانەکە پێگەیشت سەری نانەکە بە شیر یا زبدە چەور بکە بۆ ئەوەی رەونەقی بداتێ ، ئینجا جارێک دیکە سووری بکەوە بۆ ماوەی یەک خولەک (تەنھا بەشی سەرەوەی). 
ئینجا نانەکە پارچەپارچە بکە و بۆ خواردن ئامادە دەبێت . 

سەرچاوە | الموضوع


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4239بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Aug 10 2018 3:17PM