»  هاوسەران

نھێنی سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەرگیری

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
یەکێک لەو بابەتانەی قسەیەکی زۆر ھەڵدەگرێت ئەوەیە ، چۆن لەم سەردەمەی ئێستا ژیانێکی ھاوسەرگیری سەرکەوتووانەت ھەبێت ، لەوانەیە بەلای ھەندێک کەس بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بێت ، بەڵام لە راستیدا بابەتەکە ئاسانترە و تەنھا پێویستی بە بیرێکی کراوە ھەیە بۆ ئەوەی لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەرگیری تێبگەین . 
لەم بابەتە ھەندێک رێنماییتان بۆ دەخەینە روو کە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی ژیانێکی سەرکەوتووانەت ھەبێت لەگەڵ ھاوژینەکەت .
١.سەرنجت لەگەڵ ھاوژینەکەت بێت . 
لە ئێستادا بەشێکی زۆری ھاوسەران کاتێکی زۆر لەدەرەوە بەسەر دەبەن بەھۆی کارەکانیان ، بەڵام پێویستە لەسەریان ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە ، زیاتر خۆشەویستی بە یەکتری ببەخشن ئەگەر بە سادەترین شێوەش بێت ، پێویستە کارەکان لەدەرەوە جێ بھێلن و ماڵەوە بۆ خۆیان تەرخان بکەن . 
٢.دڵنیاکردنەوەی یەکتری بە خۆشەویستی و بەردەوام بوون لەسەر ژیانی ھاوسەری . 
پێویستە ماوە نا ماوە ھەردوو ھاوسەر خۆشەویستی بۆ یەکتری دووپات بکەنەوە و بەڵێن بە یەکتری بدەن لە خۆشی و ناخۆشییەکان بە یەکەوە بن و ئەمەش تەنھا بە قسە نەبێت بەڵکو بە کرداریش بۆ یەکتری بسەلمێنن . 
٣.گۆڕینی رۆتین . 
ژیانی ھاوسەرگیری بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی رۆتینی دەچێتە سەر ، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر ھاوسەران ماوە نا ماوە گۆڕانکاری لەم رۆتینە بکەن ، جا چ بە گەشت کردن بێت ، یا بەسەربردنی کاتێکی خۆش بێت لەگەڵ یەکتری لەدەرەوە ، بۆ ئەوەی بێزاری لە خۆیان دووربخەنەوە . 
٤.متمانە بە یەکتری بکەن . 
راستگۆیی بنەمای سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەرگیرییە ، لەبەر ئەمە پێویستە ھەردوو لا متمانە بە یەکتری بکەن و راستگۆیانە لەگەڵ یەکتری بدوێن . 
٥. پەیوەندییەکی باشییان ھەبێت :
پێویستە جار جارە ھەدوو ھاوسەر نوێکاری لە پەیوەندییەکانیان بکەن و بەشێوەیەکی شارستانیانە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن و بیروڕا لەگەڵ یەکتری ئاڵوگۆڕ بکەن . 
٦. ژیانی ھاوژینی لە پێش ھەموو شتێک بێت . 
ھەردوولا لە دەرەوە و لەناو ماڵ بەرپرسیاریەتیان لەسەرە ، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی ژیانی ھاوژینیان پشت گوێ بخەن ، پێویستە لەسەر ھەردوو لا لەسەر ئەوەی رێکبکەون کە ژیانی ھاوژینیان لە پێش ھەموو شتێک دێت و ئینجا کارەکانی دیکە پلەبەندی وەردەگرن . 
٧.بەشداری بکەن لە بەخێوکردنی منداڵەکان . 
بەخێو کردنی منداڵ تەنھا ئەرکی یەک کەس نیە ، بەڵکو دایک و باوک بەرپرسن لە بەخێو کردنی منداڵەکان و ھەریەکەیان رۆلێک دەگێڕێت و پێویستە لەسەریان بەتەواوەتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن و نابێت لەکاتی ھەڵەکان یەکتری خەتابار بکەن ، بەڵکو منداڵ نەمامێکە بە ئاودان و بایەخدانی ھەردوو لا پێدەگات . 
سەرچاوە | الموضوع 


610بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Aug 3 2023 7:10PM