سەرەتای ژیانی قازی مەحمەد
قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە ئەوان تەنیا لەلای خەڵک نا بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش، جێگەی رێز و پێزانین بوون، ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون.
قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێک ھێنا، ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە کۆچیدوایی کرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.
قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێبڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە، دوای تەواوبوونی کاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاریدانی خەڵک ھەر لە تاران مابۆوە.
قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایک بووە، قازی محەممەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتی ھەبووە.
قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ زانایان، کەسایەتیە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.
دوای کۆچیدوایی باوکی، قازی محمد بوو بە دادوەر(قازی)ی شار لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنە سەرەوەی زانیاری خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی فەرمانگەی(دائیرە) فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی لە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە، ھەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێ لە خوێندکاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیکی ھەبووە.
لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ کە کۆماری کوردستان پێک ھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێشبردنی کاروبارەکاندا و بە تایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەییەکاندا دەورێکی بەرچاو بووە، زۆر لە گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێدەوت، چارەسەر بووە.
قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ھەبووە، زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆش ویستوە و گەلێکیان ھەوڵ لەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵە.
قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش کردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە، ھەر کەس چۆتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لە ھەموو کەس چاوی بە ئەو بکەوێ بانگ کرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، کە لەگەڵ وەفدێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.
ھەڵبژاردنی قازی محمد بە سەرۆک کۆمار
لە رۆژی٢٢ی کانونی دووەمی١٩٤٦دا، کۆبونەوەیەکی زیاتر لە ٢٠ھەزار کەسی پێکھاتبووە، دامەزراندنی کومارێکی دیموکراتی لەبەشێکی گرنگی کوردستانا بڵاوکرایەوە بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد، کۆمارێکی پێشکەوتوی ساوا، بەوجۆرە لە مەیدانی (چوارچرا)دا کە رەنگین کرابو بەئاڵای کوردستان و بەشێوەیەکی جوان ڕازابووەوە کە شایانی رۆژیکی مێژوویی وابێت، پێشەوا بەجلوبەرگی ژەنەڕالیەوە لە شوێنێکی بەرز کە بە تایبەتی بۆ ئەو رۆژە دروست کرابوو، و لەھەموو خەڵکەوە دیاربوو، تاقێکی ڕازاوە کە بەگوڵ و ئاڵای وڵات و وێنەی سەرۆک نەخشین کرابوو، لەو شوێنەدا راوەستابوو فەرمووی (وا ئەمرۆ گەلی کورد توانی کۆمارێکی خۆیی پێک بھێنێت و بتوانی وەک گەلێکی سەربەخۆ لە خاکی خۆیا بە ئازادی بژی).
گرنگترین کارەکانی کۆماری مەھاباد
١ـ پەرەدان بە پەروەردە و زانیاری لەھەموو ناوچەکەدا، پێشەوا لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی لەدایکبوونی کۆمار قوتابخانەیەکی بەرزی بۆ کچان کردەوە لە ناو کۆڕی زەماوەندێکی گەورەو ئاھەنگێکی پڕ لە شادمانیدا، و دەست کرا بە کردنەوەی قوتابخانەی نوی لە زۆر شوێندا، بەرنامە و پەرتوک و پێویستی تر لە چاپدرا بۆ وتنەوەیان لەھەموو پۆلەکان، و کتێبی بێگانەیان وەرگێڕا بۆ کوردی بۆ ئەو مەبەستە، و بڕیاردرا بەنەھێشتنی نەخوێندەواری لەوڵاتا و ھەموو کەس فێری خویندن و نووسین بکرێت، بۆ یەکەم جار(٥٠) قوتابیان نارد بۆ یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی لەدانشگا بەرزەکان بخوێنن ھەروەھا دەیانی تر لە قوتابیان بۆ تەورێز بۆ خوێندن لە زۆربەی لقەکانی زانیاریدا.
٢ـ چاپخانەیەک دانرا بۆ لە چاپ دانی پەرتوک و رۆژنامەو گۆڤارو ھۆیەکانیی فراوانکردنی رۆشنبیری لە ناو گەلدا لەو چاپکراوانە رۆژنامەی"کوردستان" بو کە بەناوی کۆمارەوە ئەینوسی، ھەروەھا لە لێکۆڵینەوە لە مێژوو ئەدەبی کۆنی کورد درێغی نەکرد و ھانی نووسەری کوردی ئەدا بۆ لێکۆڵینەوە لەبەشە جۆربەجۆرەکانی فۆلکلۆری کورد و وێژە و زانیاری تر و بڵاوکردنەوەیان .
٣ـ رێکخستنی سوپای میللی بۆ بەرگری و پاراستنی وڵات لە جیی سوپای ڕژێمی کۆنەپەرست، کە لەپێش دامەزراندنی کۆماردا چەوسانەوەی نەتەوەی کورد ئەوپەڕی ھیواو ئاواتی بوو.
٤ـ دانانی حوکمی خۆیی و ھەڵسوراندنی ئیش وکار، بەھۆی فەرمانبەرانی کوردەوە، ھەروەھا ڕەنگڕشتنی وڵات و پێوانی، و پاراستنی ئاسایش لە ناو خەڵکاو دانانی یاسایەکی نوی بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزانە.
٥ـ کردنەوەی نەخۆشخانە و دەرمانگاو لە زۆر شوێن بەپیی توانا، ھێنانی دەرمان و پێویستیەکانی تەندروستی لەدەرەوەی وڵات وە فراوان کردنی ھۆیەکانی پاراستنی تەندروستی بۆ ھەموو خەڵک.
٦ـ ئێستگەیەکی نوی بە زەماوەندێکی جەماوەری کرایەوە لە مەھابادەوە بەرنامەی کوردی و بێگانەی تیادا بڵاوکرایەوە.
٧ـ پێکھێنان و رێکخستنی یەکیەتی لاوان و ئافرەتان بۆ ئەوەی وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان ئافرەت شانبەشانی پیاو بتوانی زۆر لە ئیشوکاری وڵات جیبەجی بکات، مافی خۆی بپاریزی، ھەروەھا یەکیەتی کرێکاران و جوتیاران و بنج بەست کردنی ئیش وکاریان کە بتوانن زەوی و زار بگرنەوە ژێر دەستی خۆیان و لە چنگ دەرەبەگەکانی بسێننەوە ھەروەھا فراوان کردنی ئیشوکار بۆ زەحمەت کێشان و ڕەنجبەران، ئەم ھەموو رێکخراوانە تێ ئەکۆشان بۆ چەسپاندنی دیموکراتیەت و بەختیاری بۆگەلەکەیان.
٨ـ لیژنەیەکی تایبەتی دانرا بۆ چارەسەرکردنی کشتوکاڵ و دابەشکردنی زەوی و زار بە جۆرێکی یەکسان لە ناو جوتیاراندا کە لە ئەنجامدا بوو بە ھۆی بزوتنەوەیەک لەناو جوتیاراندا، و ھەندی لە خاوەن زەویوزارەکان بەمە دڵگران بوون وە خۆیان خستە باوەشی دوژمنەوە و لە مێژوودا رویان رەش بوو، و لە تۆماری خۆفروشاندا ناوی خۆیان نوسی.
٩ـ پتەوکردنی پەیوەندی دوستایەتی لەنێوان کۆماری دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی سۆڤیەت ھەروەھا لەگەڵ کۆماری ئازەربایجاندا.
١٠ـ ھاوبەشی گەشەپێدان (شرکەتی ترقی) مۆرکرا لە نێوان سۆڤیەت و کوردستاندا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەل و پێویستی ژیان بۆ یەک، وەک ناردنی تووتن و بەرھەمە دەستیەکانی وڵات بەرامبەر بە تراکتۆرو دەرمان و پێویستی تر، ھەروەھا کارخانەی سیغاری کوردستان لەمەھاباد دامەزرا.
١١ـ پاراستنی سەربەستی بیروباوەڕ بەبی گوێدان بەرەگەزو ئایین و زمان لە وڵاتاو، پتەو کردنی برایەتی و یەکبوون لە ناویاندا بەھۆی رێکخراوە گەلیەکانەوە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد.
١٢ـ ھاوکاری کردن لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان بەتایبەتی لەگەڵ سوپاو ریکخراوەکانی ھەردووکۆمار.
بەدا خەوە دوای شکست ھێنانی کۆماری مەھاباد، قازی محمد لەگەڵ ھاورێکانی لە رۆژی ٣١ ئاداری ١٩٤٧ لە مەیدانی چوارچرا لە شاری مەھاباد لەسێدارە دران .