»  ناودارانی كورد

ژیانی دیبلۆماسی داود حیده‌ری

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

داود حەیدەری 
(١٨٨٦ – ١٩٦٥ )
داود پاشای حەیدەری، یان داود وەھبی کوڕی ئیبراھیم  شێخ ئیسلام کوڕی عاسم حەیدەری، لەساڵی ١٨٨٦ لەشاری ھەولێر لە دایک بووە . 
خوێندنی ئامادەیی لە شاری موسڵ تەواو کردوە ئینجا لەساڵی ١٩٠٤  گەشتی کرد بۆ ئیستانبۆڵ و چووە قوتابخانەی حقووقی و لەساڵی ١٩٠٨ خوێندنی تەواو کرد . 
لەدوای تەواو بوونی خوێندنی وەک فەرمانبەر لە وەزارەتی مەعاریفی تورکی دامەزرا، ئینجا ماوەیەک کاری پارێزەری کرد و کاتێک جەنگی جیھانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ بەرپابوو لە ریزی سوپای عوسمانی شەڕی کرد . 
لەساڵی ١٩٢١ گەڕایەوە بەغدا و بە پلەی سەرپەرشتیاری دادوەری دامەزرا، دواتر لە ساڵی ١٩٢٢ وەک ئەمینداری دیوانی پاشایەتی دامەزرا . 
لەساڵی ١٩٢٤ وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق لەسەر پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا، ئینجا لەساڵی ١٩٢٦ وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاریکرا . 
لەساڵی ١٩٢٨ داود پاشا بووە وەزیری دادی عێراق و ماوەی دوو ساڵ لەم کارەی مایەوە . 
دواتر جارێکی دیکە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق لەسەر پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێدرایەوە .
دوای ساڵی ١٩٣٣ وەک راوێژکاری کۆمپانیای نەوتی بەریتانی عێراقی کاری کردوە . 
لەکاتی بزووتنەوەکەی رەشید عالی گەیلانی، داود پاشا عێراقی لەگەڵ عەبدوئیلاھی خاڵی مەلیک فەیسەڵ جێھێشت و رووی کردە ئوردن . 
دوای دامرکاندنەوەی بزووتنەوەکەی رەشید عالی گەیلانی جارێکی دیکە گەڕایەوە عێراق و ئینجا لەساڵی ١٩٤٢ بووە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراقی . 
ئینجا لە ساڵی ١٩٤٣ بووە وەزیری رێگەپێدراو لە حکومەتی عێراقی و لەلەندەن نیشتەجێ بوو . 
دواتر لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٤٩ بووە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەعیان، ئینجا لە ساڵی ١٩٤٨ کرا بەوەزیری لە حکومەتەکەی سەید مەحمەد سەدر و ئینجا بە کرا بەوەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی . 
لە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی عێراق، وڵاتی جێھێشت و لەوڵاتانی تورکیا و سویسرا و فەرەنسا دەژیا، تا لەساڵی ١٩٦٥ لە تورکیا کۆچی دوایی کرد . 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2399بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Dec 30 2017 3:33PM