عەبدوڵا پەشێو
عەبدوڵڵا پەشێو شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. لەساڵی ١٩٤٦ لەشاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان لەدایکبووە لەساڵی ١٩٧٠ لەدامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لەبەغدا بەشداریکردووە. لە١٩٧٣ ڕۆیشتووە بۆ یەکێتی سۆڤیەتو لەساڵی ١٩٧٩ ماستەری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لەزانکۆی Maurice Thorez لەمۆسکۆ وەرگرتووەو ساڵی ١٩٨٤ش دکتۆرای ئەدەبییاتی بەدەستھێناوە کە تێزەکەی لەسەر شاعیرو نووسەری کورد (پیرەمێرد) بووە.
ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لەزانکۆی (ئەلفاتیح لەلیبیا) مامۆستا بووە، پەشێو لەساڵی ١٩٩٥وە دانیشتووی فینلاندە.
بەرھەمەکان
پەشێو یەکەم ھۆنراوەی لەساڵی ١٩٦٣و یەکەم کۆمەڵە شیعری لەساڵی ١٩٦٧دا بڵاوکردووەتەوە.
ـ فرمێسکو زام (١٩٦٥-١٩٦٧)، چاپی یەکەم لەکەرکووک ١٩٦٧.
ـ بتی شکاو (١٩٦٧-١٩٦٨)، چاپی یەکەم کەرکووک ١٩٦٨.
ـ شەونامەی شاعیرێکی تینوو (١٩٦٨-١٩٧٢)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٧٢.
ـ دوانزە وانە بۆ منداڵانو چەند شیعرێکی قەدەغە (١٩٦٩-١٩٧٣)، چاپی یەکەم بەرلین ١٩٩٧.
ـ شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم (١٩٧٣-١٩٧٩)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٨٠.
ـ برووسکە چاندن (١٩٨٠-١٩٨٨)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠٠.
ـ بەرەو زەردەپەڕ (١٩٨٩-٢٠٠١)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠١.
ـ دیوانی براکوژی، چاپی یەکەم ھەولێر ١٩٩٤.
ھەروەھا پەشێو بەرھەمەکانی چەندین نووسەرو شاعیری گەورەی جیھانی وەکWalt WhitmanوAlexandr Pushkinی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی.
پەشێوی شاعیر بەناوبانگە بەوەی لە رێگەی شیعرەکانی بەرەنگاری ستەم و زۆرداری بووتەوە و ھەردوەم لایەنگری چینی ھەژاران بووە و چەندین جار بەھۆی ئەم ھەڵوێستانەی تووشی تەنگەژە بووتەوە .
نموونەیەک لە شیعرەکانی :
وا تۆفانێک بەڕێوەیە، چ تۆفانێ!
تۆفانی ھەزارەزیلەی
گەدەی برسی و
مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و
ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە
تۆفانی کۆتەرەی دار و
پەردووی زنج و
پەڕ و باڵی ھەڵوەریوی ڕەوەزانە؛
تۆفانی کراسی ڕەش و
گرمەی ھەرەسی بێدەنگی و
قرمەی دەرگەی قەفەزانە؛
ئەو تۆفانەی من دەیبینم
گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی،
لینگی نییە سندمی کەی،
قاسەی نییە تێی بئاخنی،
ملی نییە لە داری دەی!
چی لێ دەکەی؟
دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟
تۆفانێکە و ھەر مل دەنێ:
دەمی نییە،
تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی!
قوونی نییە،
تا بە کورسیی کاغەزینت خەڵاتی کەی!
دە دابەزە،
دە داگەڕێ،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە،
من دەیبینم، چ تۆفانێ!
٢٨/٩/٢٠١٣ ھێلسنکی