داود جاف
(١٨٩٤ - ١٩٦٦)
داود جاف یەکێکە لەسەرۆکەکانی عەشیرەتی جاف کە زیاتر لە ناوچەی گەرمیان بوونی ھەیە، داود جاف یەکێک بووە لەکەسایەتیە ناسراوەکانی ناوچەی گەرمیان و لەزۆرینەی کتێبە مێژووییەکان ناوی ھاتووە.
لەناوەراستی ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق ھەڵبژێردرا و تا ساڵی ١٩٥٨ و رووخانی رژێمی پاشایەتی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو.
کاکە داود لە گوندی میرە دێی سەر بەپارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لەوکاتەی منداڵ بووە باوکی مامۆستای تایبەتی بۆ گرتووە تا فێری خوێندن و نووسینی بکات .
کاکە داود جگە لە زمانی کوردی زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیووە .
کاکە داود کەسێکی رۆشنبیر و نیشتمان پەروەر بووە و لەساڵی ١٩٣١ لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید بەشداری شەڕی ئاوباریکی کردوە لە دژی ئینگلیزەکان .
یەکێک بووە لەو کەسانەی ھانی چاکسازی لە ناوچەکەی خۆی و لەمبارەیەوەش چەندین وتاری لە گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی خۆی بڵاوکردەوە .
دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٩٥٨ و نەمانی رژێمی پاشایەتی، کاکە داود عێراقی جێھێشت و لەگەڵ خزم و کەسوکارەکەی روویان لە وڵاتی ئێران کرد و چەند ساڵێک لە ئێران مایەوە.
دوای ئەوەی بارودۆخی عێراق باشتر بوو، جارێکی دیکە کاکە داود گەڕایەوە عێراق .
کاکە داود چەند منداڵێکی ھەبوو بەناوەکانی سەردار و سالار و سەربەست و سەروەت و نەورۆز و شەھرەیار.
دوای مردنی لەساڵی ١٩٦٦ سەرداری کوڕی جێگەی گرتەوە لەسەرۆکایەتی عەشیرەتی جاف، ئەویش وەک باوکی کەسێکی باش و لێھاتوو بوو و خۆشەویست بوو لەلایەن کەسوکار و ھۆزەکەی.