»  ناودارانی كورد

ئاسیا تۆفیق وەھبی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

به‌شێك له‌ كاروانی ژیانی خاتوو ئاسیا تۆفیق وەھبی 
١٩٠٠ – ١٩٨٠ 
خاتوو ئاسیا خێزانی خواڵیخۆشبوو مامۆستا تۆفیق وەھبی یە، ناوبانگی بە نازناوی ھاوسەرەکەی دەکردوە و ئاسیا خان کچی بازرگانی بەناوبانگ (رەزا ریزەلی) یە و خوشکی ماھیر و دکتۆر عەبدولجەبار ریزەلی یە. 
خاتوو ئاسیا یەکێک بووە لە ئافرەتە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئافرەتان لە عێراق، رۆلێکی بەرچاوی بینیووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی رۆشنبیری و خێرخوازی . 
خاتوو ئاسیا له‌ سەرۆکایەتی یەکێتی ئافرەتانی عێراقی بوو لە ساڵی ١٩٤٥ لە کاتی دامەزراندنی تا کۆتایی ساڵی ١٩٥٨، ھەروەھا ئەندامی دەستەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان بوو. 
خاتوو ئاسیا لە ساڵی ١٩٤٩ گۆڤاری یەکێتی ئافرەتانی عێراقی دەرکرد.
لەم سەردەمەش یەکێتی ئافرەتانی عێراق بەرگری لە مافی ئافرەتان دەکرد و ھەردوو داوای یەکسانی نێوان پیاوان و ئافرەتانی لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکرد. 
لە ساڵی ١٩٥٤ خاتوو ئاسیا لە رێگەی یەکێـتی ئافرەتانی عێراق کۆنفرانسێکی دەربارەی بارودۆخی ئافرەتان رێکخست کە تێیدا زۆرینەی پیاوان سیاسی و دادوەری و رۆژنامەنووسان ورۆناکبیرات بەشداربوون . 
ھەروەھا خاتوو ئاسیا لە ساڵی ١٩٥٢ سەرۆکایەتی کۆنگرەی ئافرەتانی عەرەبی کرد کە لەبەغدا بەسترا، ھەروەھا خاتوو ئاسیا لە زۆربەی کۆنگرەکانی تایبەت بە ژیانی ئافرەتان بەشداری کردوە و رۆلێکی بەرچاوی ھەبووە لە گەیاندنی کێشەی ئافرەتان و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان. 
ھەروەھا خاتوو ئاسیا لە ساڵی ١٩٥٥ بەشداری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد سەبارەت بە کیشەکانی ئافرەتان لە سەرتاسەری جیھان، ئەم کۆنفرانسەش لە وڵاتی لوبنان سازکرا. 
دوای شۆڕشی ١٩٥٨ خاتوو ئاسیا عێراقی جێھێشت و رووی کردە لەندەن و بۆماوەیەک لەگەڵ مامۆستا تۆفیق لە لەندەن ژیا، دواتریش ھەر لە لەندەن کۆچی دوایی کرد . 
لەسەر راسپاردەی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە بەغدا و لەمەزاری گەیلانی بەخاک سپێردرا. 
خاتوو ئاسیا لە ساڵی ١٩٢٧ لەگەڵ مامۆستا تۆفیق وەھبی ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە . 



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2226بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Nov 25 2017 3:36PM