»  ناودارانی كورد

ژیانی دیبلۆماسی سەیفوڵا خەندان

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

سەیفوڵا خەندان 
(١٨٩٧ - ١٩٧١)
سەیفوڵا خەندانی کوڕی عزەت پاشای کوڕی حسێن پاشای خەندان لە ساڵی ١٨٩٧ لە شاری ئەستانبۆڵ لە دایک بووە، لەو کاتەش عزەت پاشای باوکی چەند پۆستێکی گرنگی لە دەوڵەتی عوسمانی پێ سپێردرابوو، لەوانەش وەزیری ئەوقاف و وەزیری ناوخۆی لە دەوڵەتی عوسمانی . 
سەیفوڵا پاشا خوێندنی خۆی لە شاری ئەستانبۆل تەواو کردوە، دواتر لە ساڵی ١٩٢٣ گەڕاوە عێراق. 
لەنێوان ساڵانی (١٩٢٨ - ١٩٣٥) ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بوو لەسەر پشکی شاری سلێمانی . 
لەساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨ یاریدەدەری نوێنەری عێراق بوو لە کۆمەڵەی نەتەوەکان، دواتر گەڕاوە شاری سلێمانی و جارێکی دیکە بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق ھەڵبژێردرایەوە. 
بەھۆی ئەوەی سەیفوڵا خەندانی زۆر شارەزا و لێھاتوو بوو لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە، کرا بە بەڕێوەبەری تەشریفات لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمەش لە ساڵی ١٩٤١ بوو. 
دواتر لە ساڵی ١٩٤٢ بووە کونسوڵی عێراق لە شاری ئەستانبول و ئینجا بووە سکرتێری یەکەمی باڵیوزخانەی عێراق لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا. 
لە ساڵی ١٩٤٦ بووە راوێژکاری باڵیوزخانەی عێراق لە لەندەن، ئینجا لە ساڵی ١٩٤٧ بووە کاری بەڕێکەری کاروباری عێراق لە پاریس. 
لە ساڵی ١٩٥١ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری زانسیتی سیاسی لە زانکۆی پاریس بەدەستھێنا. 
لە ساڵی ١٩٥٢ جارێکی گەڕایەوە سەر کاری دیبلۆماسی و پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ (وەزیری رێپێدراو) و ئەم جارەش لە بۆنی پایتەختی سویسرا کاری ک رد. 
دواتر لە ساڵی ١٩٥٦ بووە بالیۆزی عێراق لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا. 
لەساڵی ١٩٥٨ بە یەکجاری وازی لە کاری دیبلۆماسی ھێنا و لەساڵی ١٩٧١ لەڤیەننای پایتەختی نەمسا بە ھۆی رووداوێکی ھاتووچۆ لەگەڵ خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا. 
سەیفوڵا پاشا لە ژیانی ھاوسەری خۆی ھیچ منداڵێکی نەبووە. 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2338بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Dec 16 2017 3:49PM