»  هاوسەران

بەم ھەنگاوانە منداڵەکەت بەھرەمەند بکە

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
١.قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە
لە ھەموو بابەتەکانی ژیان قسەی لەگەڵ بکە و گوێی لێ رابگرە و گفتوگۆی بونیات نەرانەی لەگەڵ بکە ، بەشێوەیەک کە لەگەڵ تەمەنی بگونجێت ، ئەمە وادەکات متمانەی زیاتری بە خۆی ھەبێت و وا دەکات زمانی پاراوتر بێت لە قسەکردن و دەربڕینی بابەتەکان و لایەنی ھزریان بەھێزتر دەکات . 
٢.وەڵامی پرسیارەکان بدەوە : 
منداڵ بە شێوەیەک گشتی زۆر پرسیار دەکەن بە تایبەتی ئەو شتانەی کە نامۆیە بە لایانەوە ، لەبەر ئەمە لەسەر دایکان و باوکان پێویستە بەپێی توانا و تێگەیشتنی منداڵەکە وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە ، چونکە ئەمە یارمەتی دەدات لە تەمەنێکی بچووکەوە بە دوای وەڵامی شتەکان بگەڕێت و زانیاری زیاتر بێت . 
٣. منداڵەکەت ھانبدە
ئەگەر منداڵەکەت کارێکی باشی کرد ھانی بدە بەردەوام بێت لەسەر ئەم جۆرە کارانە ، چونکە ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کاری باشتر و رەفتاری گونجاوتر . 
٤. کورتە چیرۆکی بۆ بخوێنەوە
یەکێکە لەو رێگایانەی یارمەتی دایک و باوکان دەدات گەشە بە بەھرەی منداڵەکەیان بدەن  ، خوێندنەوەی چیرۆکە و سەرسام بوونە بە کەسایەتیە باشەکانی نێو چیرۆکەکان ، ئەم جۆرە چیرۆکانە چالاکی بە ھزری منداڵەکە دەدات بۆ ئەوەی بە دوای زانیاری زیاتر بگەڕێت و زیرەکتری دەکات . 
٥. لێ مەگەڕێ ئالۆدەی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن بێت
لەوانەیە بەشێک لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆن شتی باش و تەندروست بن ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نابێت منداڵ بەردەوام سەرنجی لەسەر تەلەفزیۆن بێت ، چونکە کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی دەبێت ، بەتایبەت ھەندێک بەرنامە کە لەوانەیە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی ئەو نەگونجێت . 
٦. یاری لەگەڵ منداڵەکەت بکە : 
یاریکردن لەگەڵ منداڵ باشترین کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ ھەیە بەتایبەتی ئەو یارییانە بە یاری زیرەک ناسراون کە وا لەمنداڵ دەکات زیاتر بیر بکاتەوە و کاتێک تۆ یاری لەگەڵ دەکەیت منداڵەکە زیاتر چێژ وەردەگرێت . 
سەرچاوە | پێگەی نبراس


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
365بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Oct 2 2024 2:23PM