»  کورتەچیرۆک

ھیچ کات باوەڕ بەوە مەکە کە وانەیەک لە ژیان بە خۆڕایی فێر دەبیت

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
هاوڕێیەکەم گووتی لە کۆنفرانسێک ئامادەبووم لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەمەریکا  رێکخرا بوو بۆ یەکێک لە بازرگانەکانی ئەم وڵاتە بۆ ئەوەی وانەیەک پێشکەش بە قوتابیەکان بکات. 
پیاوە بزنس مانەکە دەست بە قسان کرد و گووتی، ببوورن دەرفەتم نەبوو بۆ ئەوەی وتارێکی رێک وپێک بنووسم، بەڵام ھەوڵدەدەم لەماوەی پێنج خولەکی داھاتوو پوختەی ئەزموونی خۆمتان بۆ بخەمە روو، بەڵام پێویستیم بەیارمەتی ئێوە ھەیە. 
بەڵام ئەوانەی تەنھا دەیانەوێت یارمەتیم بدەن با دەستیان بەرز بکەنەوە. 
لەم کاتە ژمارەیەکی کەم لە قوتابیەکان دەستیان بەرز کردەوە، بەڵام ھەندێکیان ئامادە نەبوون دەستیان بەرز بکەنەوە. 
لێرە بزنسمانەکە گووتی : ئەم حاڵەتە پێی دەگووترێت خاوبوونەوە . 
ئەمەش لە ئەنجامی بێزاری دروست دەبێت یاخود نەبوونی متمانە. 
دەبێت وریا بن لە کاتی کارکردن تووش خاوبوونەوە نەبن چونکە دەرفەتی زۆرتان لە دەست دەچێت. 
ئەم جارە بزنسمانەکە چەکێکی پارەی لە گیرفانی دەرھێنا و گووتی: ئەم چەکێکە بە ١٠ ھەزار دۆلار لە سەرۆکایەتی زانکۆی ئێوەم وەرگرتووە بۆ ئەوەی شتێکتان فێر بکەم. 
ئەم بڕە پارەیە دەدەمە ھەر کەسێک کە بتوانێت دەستی بەرز بکاتەوە بۆ بەرزترین خاڵ. 
کاتێک قوتابیەکان بینیان پیاوەکە واژووی خۆی لەسەر چەکەکە دادەنێت، ھەموو یان دەستیان بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بگەنە بەرزترین خاڵ. 
لەم کاتە پیاوەکە گووتی : ئەمە پێی دەگوترێت ھاندان 
ناتوانێت ھیچ کارێک بکەیت بە بێ ھاندانی کرێکارەکانت. 
لەم کاتە ھەریەک لە بەشداربووەکان سەیری ئەوانی دیکەی دەکرد بۆ ئەوەی دەستی خۆی لەوانی دیکە بەرزتر بکاتەوە و لەوانی دیکە بەرزتری بێت. 
بزنسمانەکە گووتی : ئەمە پێی دەگوترێت رکابەری. 
لەوانەیە قورس بێت، بەڵام ئەمە وا دەکات ھەمووان باشترین شتی خۆیان پێشکەش بکەن. 
یەکێک لە قوتابییەکان گووتی: بەڵام ئەم داد پەروەری نییە، چونکە من باڵام کورتترە و ئەمەش بارودۆخی من خراپتر دەکات. 
لێرە پیاوەکە گووتی : راستە ئەوانە تایبەتمەندییان لە تۆ زیاترە بەڵام نابێت لێبگەڕێی ئەمە بێ ئومێدت بکات. لەبەر ئەمە داوات لێدەکەم بەردەوام بیت. 
دوای چەند چرکەیەک ئەم قوتابییە ھەستایەوە و لەسەر کورسی راوەستا و دەستی لەھەمووان بەرزتر کردەوە. 
لێرەدا پیاوەکە گووتی : زۆر باشە ئەمە پێ دەگوترێت بیرکردنەوە لە دەرەوە بازنە. 
ئەمەش وا دەکات تۆ لە پێگەی سەرکردایەتی بیت. بەڵام ئەمە تەنھا بۆ چەند چرکەیەک دەبێت. 
لێرەدا قوتابیەکان دیکەش لاسایی ئەو کوڕەیان کردەوە و چوونە سەر کورسی و دەستیان بەرزکردەوە، لەم کاتەش قوتابیەکان شتی دیکەیان لە ژێر خۆیان دادەنا بۆ ئەوەی دەستیان بەرزتر بکەنەوە. 
لێرەدا پیاوەکە گووتی : ئەمە پێی دەگوترێت خوی چاککردنی بەردەوام، ئەمەش وا دەکات بەردەوام بیت لە رکابەری. 
ھەندێکی دیکە پێچوو تا سێ قوتابی لە نێو خۆیان پێکھاتن بۆ ئەوەی یارمەتی یەکتری بدەن بۆ ئەوەی یەکێکیان بەرزتری بکەنەوە و خەڵاتەکە بۆ خۆیان بەدەست بێنن و دابەش بکەن. 
لێرەدا پیاوەکە گووتی : ئەمە پێی دەگوترێت کاری بە کۆمەڵ 
ئەمەش لە گروپی بچووک دەست پێدەکات لە نێو دامەزراوەیەک و تا دەگاتە کۆمپانیا گەورەکان و رێکخراوە بازرگانیەکان. 
لەم کاتە لەنێو قوتابیەکان گروپ گروپ دروست بوو بۆ ئەوەی ھەریەکەیان بتوانێت خەڵاتەکە بە دەست بھێنێت و لەو کاتەی ھەر گروپێک دەیویست دەستی بەرزتر بکاتەوە. 
یەکێک لە گەنجەکان بە شێوەیەکی باشتر و رێک وپێکتر گروپەکە خۆی رێکخستەوە و توانیان بەشێوەیەکی باش دەستیان بەرزتربکەنەوە. 
لێرەدا پیاوەکە ھاواری کرد و گووتی : ئەمە پێی دەگوترێت سەرکردایەتی. 
ھیچ کارێک ناگاتە ئاستی جیھانی تا سەرکردەیەکی لێھاتووی نەبێت. 
لێرەدا کاتی پیاوەکە تەواو بوو و سوپاسی تیمە براوەکەی کرد و چەکەکەی خستەوە گیرفانی خۆی و دەستی کرد بە رۆیشتن. 
لێرەدا تیمە براوەکە گووتیان: باشە چەکەکە شایەنی ئێمە نییە. 
پیاوەکە بەھێمنی گووتی : ئەمە وانەی کۆتاییە (ھیچ کات باوەڕ بەوە مەکە کە وانەیەک لە ژیان بە خۆڕایی فێر دەبیت). 
من پیاوێکی بازرگانم و ھاتووم شارەزایی خۆمتان پێ بفرۆشم و ئەم چەکەش مافی خۆمە و ئەمەش بنەمانی ئەوەیە کە ھەموومان قازانجمان کرد. 



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3024بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - May 31 2022 3:33PM