»  کورتەچیرۆک

شەڕەفی خۆت دەفرۆشی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
خێزانێکی گەورە ھەبوون کە خاوەنی کێڵگەیەکی کشتوکاڵی فراوان بوون و مەڕ و ماڵاتیان بەخێو دەکرد وسەرجەم کارە کشتوکاڵیەکانیان بەیەکەوە ئەنجام دەدا . 
ھەموو ھەفتەیەک باوکەکە لەگەڵ کوڕە گەورەکانی دەچوونە بازاڕ بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان بفرۆشن و بە پارەکەی ھەندێک لە پێداویستیەکانی خۆیان دابین بکەن . 
لە کێڵگەکەش کوڕێکی گەنجیان جێدەھێشت بۆ ئەوەی پاسەوانی ناوچەکە و دایک و خوشکەکانی بکات  
گەنجەکە راھێندرابوو لەسەر بەکارھێنانی چەک و چەکێکی لەلای بوو بۆ ئەوەی بەرگری لە شوێنەکە بکات . 
رۆژێکیان کاتێک گەنجە بە ناوچەکە دەسوڕایەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە موڵک و سامانی خانەوادەکەی بکات . 
چەند کەسێک ھەوڵیاندا لێی نزیک ببنەوە. 
بەڵام گەنجەکە پێی گووتن بوەستن و بواری پێنەدان زۆر لێی نزیک ببنەوە . 
بەڵام پیاوەکان ھەوڵیاندا بە قسەی خۆش و گاڵتە ئامێز لێی نزیک ببنەوە و پێیان گووت کە ئەوان پیاوی باشن و و دەیانەوێت چاکەی لەگەڵ بکەن. 
ئەو پیاوانە باندێکی چەتە بوون و کاریان تاڵان کردنی خەڵک بوو . 
لە دوورەوە کاتژمێرێکی زۆر جوانیان بە کوڕەکە نیشاندا و پێیان گووت دەتوانین ئەمەت بە دیاری پێبدەین .. 
کوڕە گەنجەکە سەرسام بوو بە کاتژمێرەکە و ئارەزووی دەکرد ئەم کاتژمێرە موڵکی ئەو بێت .. 
لە پیاوەکانی پرسی نرخی ئەم کاتژمێرە چەندە ؟ .  
ئەوانیش گووتیان دەتوانین بیگۆڕینەوە لەگەڵ چەکەکەت .. 
زۆری نەمابوو کوڕە گەنجەکە بە مامەڵەکە رازی بێت و چەکەکە بە کاتژمێرەکە بگۆڕێتەوە .. 
بەڵام لە دوا سات پەشیمان بووە و گووتی رۆژێکی دیکە ئەم مامەڵەیەتان لەگەڵ دەکەم .. 
باندەکە رۆیشتن دوای ئەوەی بێ ئومێد بوون لە رازی کردنی کوڕەکە و نەیانتوانی فێڵی لێبکەن .. 
بۆ ئێوارەکەی کاتێک باوکەکە گەڕایەوە، کوڕە گەنجەکە چیرۆکەکەی بۆیان گێڕایەوە .. 
کوڕە گەنجەکە بە سەرسامییەوە باسی لە کاتژمێرەکە دەکرد و دەیگووت کە شتێکی زۆر جوان بوو .. 
باوکەکە رووی تێکرد و پێی گووت : باشە ئەم جارە چەکەکەیان پێبدە ...
ئینجا کاتژمێرەکەیان لێ وەربگرە ، ئەو کات ھێرشت دەکەنە سەر و ھەرچ مەڕوماڵاتت ھەیە بە تاڵانی دەیبەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر خوشکەکانت  و دایکت و تۆش سەیری کاتژمێرە جوانەکە دەکەیت 
تۆش لەم کاتە بڵێ ئەم کاتژمێرە چەند جوانە و چەند سەرسوڕھێنەرە .. 
کوڕەکە لە مەبەستی باوکی تێگەیشت و زانی دەبەنگیەکی گەورەیە مرۆڤ بە دوای ئارەزووەکانی خۆی بکەوێت و ھەست وسۆز بە سەر عەقڵی زاڵ بێت .. 
چونکە ئەنجامەکەی شکست ھێنان و زیانی زۆرە .. 
ئەوەی ئەمڕۆ لەلای ئێمە روودەدات ، رێک ئەو چیرۆکەیە .. زۆرینەی کۆمەڵگە بەدوای شتی لاوەکی کەوتووە و تەنھا گرنگی بە رووخسار و جوانی شتەکان دەدات و پەروەردە و رەسەنایەتی لەدەستداوە و چەکێکی ئەو تۆی لەبەر دەست خۆی نەھێشتووتەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات .. 
ھەموو بەدوای دروشمی بریقەدار کەوتوون و بنەمای خێزان و کۆمەڵگە بە شتە رووکەشەکان بەرەو ھەڵدێڕ دەبەن .. 
لەبەر ئەمە خۆتان مەفرۆشن بۆ کاتژمێرێکی دونیای کە ھیچ سوودێکی ئەوتۆی بۆتان نابێت و باجەکەشی قورس دەبێت .. 
تێبینی:- ئەم چیرۆکە بەشێکە لە ئەدەبی رووسی 



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
431بینین‌‌‌
10 مانگ پێشتر - Jul 14 2023 3:01PM