»  ناودارانی كورد

ژیانی قانع ی شاعیر

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
قانع ی شاعیر 
محەممەد کابولی (١٨٩٨-١٩٦٥) یان قانع، شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بوو. بە ھۆی شیعرەکانیەوە بە «شاعیری چەوساوەکانی کوردستان» ناوبانگی دەركردوە. شیعرەکانی قانع ھەوێنی بیرێکی پێشکەوتووخوازانەیە.
ژیانی منداڵی 
دوای ئەوەی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوکی ئەم شاعیرە ئاوارە دەکەن، بەدەم لێقەوماوییەوە قانع وەکو مناڵی دەربەدەرێک لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی لە گوندی ڕیشێنلە بناری شارەزووری مەریوان لە دایک بووە بەو حاڵەشەوە کڵۆڵی دەستی لە یەخەی نەکردەوە، لە تەمەنی ٤٠ ڕۆژیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و تازە پێ دەگرێت کاتێک دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، مامەکانی نازی دەکێشن.
قانع سەبارەت بە زێدی خۆی وا دەڵێت:

لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوان جێگەی ئەژدادم  
موحەممەد کابولیم ئەمما تەخەللوس قانعم ناوە

کە «دۆڵاش» گوندێک بووە لە نزیکی شاری مەریواندا.
ژیانی گەنجێتی 
لە سەرەتای لاوێتیدا دووچاری نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێت و تا دێت لێی زیاد دەکات لە ئەنجامدا ھەر بەو ئازارەش سەری نایەوە.
ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان بنەماڵەی شاعیر و دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو جموجۆڵی فیکری شاعیردا زیادی دەکرد. ئەمە لە لایەک، لە سەرەتای بیستەکانیش بە دواوە کە ناو بە ناو ھەواڵی پەیوەندی سیاسییانەی توندوتۆڵی ھاریکاری نێوان کۆڕ و کۆمەڵ و تاقمە سیاسییکانی ئەو سەدەمەی باکووری کوردستان و کەمالییەکان دەگەیشت بێ ئارامی خۆی شیعری دادەگرت. دیسانەوە لە لایەکی تریشەوە سەرکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی ئۆکتۆبەر و سەرەتای بڵاوبوونەوەی بیر و باوەڕی پێشکەوتووخوازانەی دژ بە فاشیزم لە نێو توێژ و کۆمەڵە خوێندەوارەکاندا، ئەمانە ھەموو زەمینەیەکی نیشتمان پەروەرانە و نەتەوایەتییانەیان خولقاندبوو، وە پاشگەزبوونەوەی کەمالییەکان بەرانبەر مەسەلەی کورد و بەرپابوونی شۆڕشە ناوبەناو پچڕاو و یەک لەدوای یەکەکانی باکووری کوردستان (ئاگری داخ) بیر و باوەڕی زۆربەی لاوە خوێندەوارەکانی خستە بەر مەودایەکی نەتەوایەتی و نیشتمانیانەی کاریگەر.
لەو کاتەدا کە سەرەتای شاعیرێتی شاعیر بوو زۆر بە گورجی باری سەرنج و شێوەی ناوەڕۆکی شیعرەکانی لە دڵداری و ئایینییەوە گۆڕدران بۆ نیشتمانپەروەرێتی. وەک خۆی چەند جارێک لە پێشەکی دیوانە شیعرەکانی سەردەمی خۆیدا باسی کردووە و لە چەند لایەکی تریشەوە لێی دواوە: کتێبێکی دەستنووسی فارسی بە ناوی (وقایق الاردەلان)ی دەست دەکەوێت کە باسی ڕاپەڕینەکانی تیرەی ئەردەڵانییەکان دەکات بەرانبەر داگیرکەران، ئەمیش ئەوەندەی تر کار دەکاتە سەر دیوی ناوەوەی شاعیر و بەرھەمە شیعرییەکانی کە لێرەدا بە تەواوی قۆناغی شیعری دڵداری جێ دەھێڵێت و شاعیر دوای ئەو قۆناغە دەبێتە شاعیرێکی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەر.

قۆناغی کۆتا ژیانی 
لەشیعرەکانیدا داوای مافەکانی ژنانی کردووە لەبوارەکانی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی و ئابووریدا. 
قانع لەسەرەتای پەنجاکاندا بەھاوکاری مامۆستایان (عەلادین سەجادی و شوکر مستەفا) توانی پێنج بەش لە شیعرەکانی بەشێوەی دیوانی جیاجیا و قەوارەی تایبەتی چاپ بکات، کە ئەم بەرھەمانەن(گوڵاڵەی مەریوان، باخچەی کوردستان، چوارباخی پێنجوێن، شاخی ھەورامان، دەشتی گەرمیان). 
لەژیانیدا گەلێ کارو پیشەی کردووە لەوانە مامۆستای قوتابخانەو کرێکاری و مامۆستای مزگەوت و جوتیاری و ئاشەوانی و فەرمانبەرێتی. 
لەکۆتایی پەنجاکاندا چەند جارێک خراوەتە بەندیخانە. لەساڵی (١٩٦٠)دا لەبەندیخانەی سلێمانی چۆنیەتی نووسینی زمانی کوردی فێری زیندانییەکان کردووە. 
لە (١٩٦٣)دا لەگەڵ وریای کوڕیدا لەبەندیخانەی (قەجەر)ی تاراندا زیندانی ئەکرێ و ھەر لەو بەندیخانەیەدا ھۆنراوە بەناوبانگەکەی نووسیوە کەدەڵێ: 
ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە 
ئەم کەلەپچە مەرھەمی زامی دڵی دێوانەیە.
نموونەیەک لە شیعرەکانی 
باسێ قات نەبێت خانوو سەراکەت    پارە قاتێکیان بدە براکەت 
دەوڵەمەند مەڵێ ھەوڵی بۆ خۆیە     نەبوونی ھەژار ، نەبوونی تۆیە 
کۆچی دوایی 
لە ٢٧ ئایاری ١٩٦٥ لە گوندی لەنگە دێ لە ناوچەی شلێر کۆچی دوایی کردوە.



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
14824بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Nov 11 2017 3:53PM