»  رەمەزان

چۆنیەتی خۆپاراستن لە تێنوێتی لە کاتی بە رۆژوو بووندا

کوردزۆن
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، مرۆڤی بەرۆژووبوو تووشی ھەندێک کێشە دەبێت، تینۆیەتیش یەکێکە لەو گرفتانەی کە تووشی رۆژووەوان دەبێت، لەبەر ئەمە ھەندێک کەس ھەست بە ماندووبوون دەکەن و بەرۆژوو بونەکەیان بێ تاقەتیان دەکات، لێرەدا ھەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە و کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی تینۆیەتی بە گرتنە بەری چەند رێگەیەک لەوانەش :

چەند ئامۆژگاریەک بۆ رووبەرووبوونەوەی تینۆیەتی لە رەمەزان : 
چەندین ئامۆژگاری گرنگ ھەیە کە رێخۆشکەرن بۆ ئەوەی مرۆڤ رێژەی تەڕی لە جەستەی خۆی پێ زیاد بکات و کەمتر ئاو لەدەست بدات لەوانەش :

پێویستە لەسەرت لەکاتی پارشێۆ رێژەیەکی باش لە میوەو سەوزەوات بخۆیت، چونکە ئەم خۆراکانە رێژەیەکی زۆر ڤیتامینات  و مادە کانزاییەکان و ئاو لەخۆ دەگرن، ئەمانەش تەڕییەکی زۆر بەجەستە دەبەخشن و رووبەرووی برسیەتی و تینۆیەتی دەبنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، چونکە ئەم خۆراکانە بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو جەستە دەمێننەوە.
 
دوور کەوتنەوە لەو خۆراکانەی کە رێژەیەکی زۆر خوێ و بەھارات لە خۆ دەگرێت جا چ لەبەربانگ بێت یا لەپارشێو بێت، چونکە لەکاتی خواردنی ئەم خۆراکانە جەستەی مرۆڤ پێویستی بە رێژەیەکی زۆری ئاو دەبێت .

دووورکەوتنەوە لە خواردنی سوورکراوە و بەتایبەتی لەکاتی پارشێو .

تا پێت دەکرێت خۆت بەدوور بگرە لە تیشکی خۆر، بەتایبەتی دوای نیوەرۆ، چونکە لەم کاتە رێژەیەکی زۆر لەئاو لەدەست دەدەیت .

دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی راھێنانی وەرزشی، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئارەقەیەکی زۆر بکەیت و ئاوێکی زۆر لەدەست بدەیت .

ھەوڵبدە رێژەیەکی باش شووتی بخۆیت بەتایبەتی لەکاتی پارشێو، چونکە شووتی رێژەیەکی زۆری ڤیتامینات و کانزای تێدایە کە پێداویستی مرۆڤ لەتەواوی رۆژەکە پڕدەکەنەوە، ھەروەھا شووتی نەرم کەرەوەیەکی زۆرباشە بۆ گەدە .

ھەوڵبدە رۆژانە زیاتر لە دوو لیتر ئاو بخۆیتەوە بەتایبەتی شەوان لەنێوان بەربانگ و پارشێو .

ھەوڵبدە جلی سپی و رەنگی کاڵ بپۆشت چونکە ئەم جۆرە جلانە گەرمی ھەڵنامژن و ھەوڵبدە جلەکانت تەسک نەبێت و سووک بێت لەسەر جەستەت .

ھەوڵبدە کەمێک پشوو بدەیت بەتایبەتی دوای نیوەرۆ، چونکە ئەمە وا دەکات جارێکی چالاکیت بێتەوە بەر بۆ تەواوکردنی رۆژووەکەت .

ھەوڵبدە رێژەیەکی زۆر زەڵاتە بخۆیت و بابەتەکانی جیاواز بێت، چونکە زەلاتە بەھەمەجۆری خۆی دەوڵمەندە بە ڤیتامینات و مادە کانزاییەکان و ریشالیەکان کە وزەیەکی باش بە جەستە دەبەخشن.

ھاوسەنگی رابگرە لە نێوان خواردنی شیرنەمەنیەکان خواردنەوە شیرینەکان کە رێژەیەکی زۆری شەکر لە خۆ دەگرێت، چونکە ئەم جۆرە خۆراکانە وا دەکات زیاتر میز بکەیت بەمەش رێژەیەکی زۆر ئاو لەدەست دەدەیت و ھەست بە تینۆیەتی دەکەیت .

لەکاتی بەربانگ خۆت بەدوور بگرە لە خواردنەوەی ئاوی زۆر سارد، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت بەسەر گەدە، و وادەکات کاری ھەرس کردنی نارێک بێت و زیان بەگەدە دەگەینێت، لەبەر ئەمە پێویستە ئاو بەھاوسەنگی بخۆیت و کەم بخورێت نەک بەیەکجاری رێژەیەکی زۆری لێ بخۆیتەوە .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4125بینین‌‌‌
7 ساڵ پێشتر - May 20 2018 10:28AM