»  رەمەزان

چەند خۆراکێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێنوێتی لە مانگی رەمەزان

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
خەڵکێکی زۆر لەمانگی رەمەزانی پیرۆز بەدەست برسیەتی و تینۆیەتی دەناڵێنن، ھەرچەندە ھەندێکیان بەرگەی برسیەتیەکەش دەگرن بەلام تینۆیەتی ھەراسانیان دەکات، لەبەر ئەمە ھەوڵدەدەن بەھەر شێوەیەک بێت چارەسەرێک بۆ ئەم حاڵەتە بدۆزینەوە، لەبەر ئەوەی رەمەزانی ئەم ساڵیش لەنێو وەرزی ھاوینە گرفتەکە زیاتر بووە چونکە ئەوانەی بەرۆژوو دەبن نزیکەی ١٦ تا ١٧ کاتژمێر بێ ئاو دەبن ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێت و زیاتر ماندووی دەکات.

لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی بەرۆژوو دەبن پەنا ببەنە بەر چەند چارەسەرێک بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لەبەرگە گرتنی ئەو جۆرە تینۆ بوونە، لەوانەش پێویستە ھەندێک خۆراک بخۆن کە یارمەتیان دەدات بەرگەی تینۆیەتی بگرن و ئەم گرفتەیان لا کەم دەکاتەوە، لێرەشدا ھەوڵدەدەن بە کورتی ئەو خۆراکانەتان پێ بناسێنین کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی تینۆیەتی :

١.شووتی : 
شووتی یەکێکە لەدەوڵەمەندترین میوەکان بە ریشاڵی خۆراکی و رێژەیەکی یەکجار زۆریش ئاو لەخۆ دەگرێت ئەمەش یارمەتی تەڕبوونی ناوەوەی لەش دەدات، پسپۆڕانی خۆراکی دەڵێن شووتی لە ٩٢% ئاوە ئەمەش وا دەکات رێژەی کالۆری لەم خۆراکە کەم بێت و نەبێتە ھۆی زۆربۆنی کێش، بۆنموونە لە ھەر ١٠٠ گم شووتی تەنھا ٣٠ یەکەی کالۆری لە خۆ دەگرێت، ھەروەھا شووتی زۆر دەڵەمەندە بە ڤیتامینات و کانزا پێویستەکان کە زۆر پێویستن لە مانگی رەمەزانی پیرۆز و وەرزی ھاوین، دەکرێ شووتی لەکاتی بەربانگ لەسەر سفرە دابندرێت و یاخود دواتر بخورێت، چونکە میوەیەکی بەچێژە و بە ئاسانی ھەرس دەبێت و یارمەتی گەدە دەدات بۆ ھەرس کردنی خواردنەکان، ھەروەھا شووتی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ پۆتاسیۆم و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رێگە گرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک .

٢. ئارو (خەیار) : 
ئارو رێژەیەکی زۆر لە ئاو لە خۆ دەگرێت و نزیکەی لە ٩٠% ئارو لە ئاو پیک دێت و ئەمەش وای کردوە ببێتە یەکێک لە گرنگترین سەوزەواتەکان و یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ بەرگەگرتنی تینۆیەتی و خەڵک بەشێوەیەکی گشتی لە مانگی رەمەزان پشتی پێ دەبەستن، ئارو رێژەیەکی زۆر لەریشاڵی خۆراکی لەخۆ دەگرێت و ئەمەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ تەرکردنی ناوەوەی لەش و جەستەی مرۆڤ بۆ چەند کاتژمێرێکی زۆر سوودی لێ دەبینێت .
ھەروەھا ئارو رێگری دەکات لە تووشبوون بە قەبزی و شێرپەنجەی قۆلۆن، چونکە یارمەتیدەرە بۆ دەرکردنی ژەھرەکانی نێو ریخۆلەکان .
ئارو رێژەیەکی زۆر لە کالۆری لە خۆ ناگرێت و ١٠٠ گم ئارو تەنھا ١٥ یەکەی کالۆری ھەیە، ھەروەھا ئارو سەرەچاوەیەکی سەرەکییە بۆ پۆتاسیۆم و ھەر ١٠٠ گم ئارو نزیکەی ١٤٧ ملی گم پۆتاسیۆم لە خۆ دەگرێت ئەمەش یارمەتی مانەوەی ئاو دەدات لەناو لەش.

٣. ماست : 
خواردنی ماست لەکاتی پارشێو یارمەتیت دەدات لە خۆپاراستن لە ھەست کردن بە تینۆیەتی چونکە ماست یارمەتی مرۆڤ دەدات لە کاریگەریەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەرێگەی ئەو پۆتاسیۆمە زۆرەی لەخۆی دەگرێت و ئەوەش رۆلی خۆی ھەیە لە پارێزگاری کردن لە شلەمەنیەکانی نێو لەش، ھەروەھا ماست یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ماندووبوون و دڵەراوکێ چونکە رێژەیەکی زۆر پرۆتین و چەوری سوک بە لەش دەبەخشێت و یارمەتیدەرە بۆ ھەرس کردنی خواردن. 
ھەروەھا ماست یارمەتیدەرە بۆ چالاککردنی ئەرکەکانی مێشک و توانا و تەرکیزی مرۆڤ زیاد دەکات، وا باشترە رۆژانە نزیکەی کوپێک ماست لەکاتی پارشێو بخۆیت چونکە یارمەتی کۆئەندامی ھەرس دەدات بۆ لەناوبردنی بەکتریا زیان بەخش بە لەش.

٤. سەوزەواتی گەڵایی : 
گەڵای ھەندێک سەوزەوات وەک خاس و مەعدەنووس یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ قەرەبووکردنی ئەو بڕە ئاوەی لەدەست دەدات لەکاتی بەرۆژووبوون، خواردنی ئەم خۆراکانە یارمەتی مرۆڤ دەدات لەسەر تەڕکردنی ناوەوەی لەش، گەڵای ئەم سەوزەواتانە رێژەیەکی زۆر ئاو لە خۆ دەگرێت و بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێو گەدە دەمێنێتەوە ئەمەش یارمەتی مرۆڤ دەدات لەسەر کەمکردنەوەی ھەستی برسیەتی و تینوو بوون، ھەروەھا دەکرێ لەگەڵ ئەم خۆراکانە ھەندێک زەیتی زەیتون زیاد بکەیت لەگەڵ دەنکە ترێ چونکە ئەمانەش ھۆکارن بۆ مانەوەی تەڕیەتی ناو لەش، پێویستە لەسەرت لەمانگی رەمەزان ھەوڵبدەیت جۆرەھا سەوزەواتی گەڵایی بخۆێت بەتایبەتی لە کاتی پارشێو بۆ ئەوەی ھەستی تینۆیەتیت کەم ببێتەوە.

٥. گرێب فروت (مۆتروبە کراوی ھەنار و پرتەقال) : 
 ئەم جۆرە میوەیە یارمەتی دەرێکی باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تینۆیەتی لەبەر ئەمە واباشترە بەشێک بێت لە پێکھاتەی خۆراکی پارشێو، چونکە یارمەتیت دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تینۆیەتی بۆ ماوەیەکی باش، ئەم میوەیە چەندیم پێکھاتەی خۆراکی گرنگ و ئاو لەخۆ دەگرێت و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ سووتاندنی چەوری زیادەی لەش، ھەروەھا ئەم میوەیە یارمەتیت دەدت لە ھاوسەنگ راگرتنی رێژەی شەکر لەناو خوێن و دەتوانی وەک شەربەت بیخۆیتەوە یاخو لەنێو زەەڵاتە دابێت، ھەروەھا دەکرێ پرتەقاڵیش بخۆیت چونکە پرتەقاڵیش میوەیەکی دەوڵەمەندە بە ئاو و یارمەتدەرێکی باشە بۆ تەڕکردنی ناوەوەی لەش و بەرگە گرتنی ھەستی ماندووبوون .



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4132بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Apr 26 2021 1:49AM