»  رەمەزان

با لەمانگی رەمەزان ئەم خۆراکانە لەسەر خوانەکەت ھەبێت

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
خۆراکی تەندروست پێداویستیەکی گرنگی مرۆڤە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستی جەستەی بکات و پێویستە مرۆڤ ئەو توخمە خۆراکیانە بۆ لەشی خۆی دابین بکات، ھەرچەندە ھەندێک پێداویستی بۆ پیاوان جیاوازترە لە ئافرەتان بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی ھەندێک خۆراک دیاری بکەین کە سوودی بۆ ھەردوو لا ھەیە .

لێرەدا ھەندێک خۆراکتان بۆ دەخەینە روو کە پێویستە لە سیستەمی خۆراکیت ھەبێت چ بەشێوەیەکی گشتی بێت یاخود لەمانگی رەمەزان بێت لەوانەش :

١.ناوکی کەتان 
یەکێکە لەو خۆراکانەی پێویستە مرۆڤ رۆژانە بیخوات چونکە سوودێکی تەندروستی یەکجار زۆری ھەیە، چونکە لەلایەک ترشەلۆکی ئۆمیگا ٣ چەوری بە لەش دەبەخشێت کە ئەمەش رێگە دەگرێت لە تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمک ھەروەھا وەک دژە ئاوسان کار دەکات و جەستەی مرۆڤ دەپارێزێت لە ئاوسانی جومگەکان و نیشانەکانی نەخۆشی قۆلۆن .

٢. ماسی سەلەمون : 
ئەم جۆرە خۆراکە بەوە ناسراوە کە توخمێکی زۆری ئاسن لەخۆ دەگرێت و ئافرەتان بەشێوەیەکی زۆر پێویستیان پێیەتی بەھۆی ئەوەی جەستەیان رێژەیەکی کەم ئاسنی تێدایە ھەروەھا ماسی سەلەمۆن ترشی ئۆمیگا ٣ی چەور لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی مەزاجی مرۆڤ و چارەسەرکردنی دڵ توندی و ڕاڕایی .

٣.توو : 
یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و نەخۆشییەکانی دڵ ھەروەھا رێگری دەکات لە تووشبون بە ئاوسانی کۆئەندامی میزڵدان و دەکرێت ئەم جۆرە تووە بەشێوەی سروشتی خۆی بیخۆیت یا بیکەیتە شەربەت ئینجا بیخۆیت.

٤. سپێناغ : 
رێژەیەکی زۆرباشی ئاسن لە خۆ دەگرێت و ھەروەھا چەندین کانزای جۆراوجۆرو ڤیتامینات لەخۆ دەگرێت وەک مەگنسیۆم کە یارمەتی ئافرەتان دەدات لە کاتی سووڕی مانگانە و کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەستوور بوون و گەورەبوونی مەمک و زیادبوونی کێش و گەورەبوونی سک .

٥. گوێز : 
رێژەیەکی یەکجار زۆر ترشی ئۆمیگا ٣ی چەور و دژە ئۆکسید و ڤیتۆسترۆلس لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە و چاککردنی سیستەمی تەندروستی ئێسکەکان و ئاوسانی جومگەکان ھەروەھا یارمەتیدەرە بۆ کەمبونەوەی ھەست کردن بە دڵ توندی و دڵەراوکێ .

٦. شۆفان : 
کۆمەڵێک پێکھاتەی خۆراکی زۆر بەسوود لە خۆ دەگرێت کە یارمەتیدەرن بۆ بەھێزکردنی جەستەی مرۆڤ و ھەروەھا پارێزگاری لە تەندروستی دڵ دەکات و یارمەتیدەرە بۆ ئاسان کردنی کرداری ھەرس و پارێزگاری لە ئاستی پاڵەپەستۆی خۆێن دەکات و ھەروەھا شۆفان رێژەیەکی باشی ڤیتامین بی ٦ لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیدەر بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی سووڕی مانگانە وھەروەھا کاریگەری باشی لەسەر مەزاجی مرۆڤ ھەیە، ھەروەھا شۆفان ترشی فۆلیک لەخۆ دەگرێت کە سودێکی زۆری بۆ ئافرەتی دووگیان ھەیە  ورێگری دەکات لەتێکچوونی منداڵ لەناو سکی دایکی .

٧. شیر : 
گرنگترین سەرچاوەی کالسیۆمە کە لەشی مرۆڤ پێویستی پێی ھەیە، ھەروەھا ڤیتامین دی لە خۆ دەگرێت کە رێگری دەکات لە تووشبوون بە لاواز بوونی ئێسکی مرۆڤ و دەکرێت شیر بە شێوەی سروشتی خۆی بیخۆیت یاخود بەرھەمەکانی بخۆیت وەک پەنیر و ماست .

٨. تەماتە : 
پێکھاتەیەکی تێدایە کە پێی دەگوترێت (لیکۆبین) کە لەشی مرۆڤ پێویستی پێی ھەیە ھەروەھا تەماتە رێگری دەکات لەتووشبوونی ئافرەتان بە شێرپەنجەی مەمک و ھۆکارە بۆ دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە نەخۆشییەکانی دڵ .



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4276بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Apr 26 2021 1:53AM