»  رەمەزان

چەند سوودێکی تەندروستی بەرۆژووبوون کە سەرسامت دەکات

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
بەرۆژووبوون یەکێکە لە ئەرکەکانی ئیسلام کە خودای گەورە کردویتە ئەرک لەسەر مۆسڵمانان لە مانگی رەمەزان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەندێک کەس تا ئێستا ئەوە نازانن کە بەرۆژووبوون چەندین سوودی تەندروستی گرنگی ھەیە، چونکە بەرۆژووبوون چالاکیەکی تەندروستی کاریگەرە گەر بە شێوەیەکی راست جێ بەجێ کرا، چونکە بەرۆژووبوون یارمەتی مرۆڤ دەدات لەسەر دەردەدانی ژەھرەکانی ناو جەستە و رێژەی شەکر لە خوێن کەم دەکاتەوە، ھەروەھا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی چەوری لە لەش، ھەروەھا بەرۆژووبون یارمەتی کۆئەندامی بەرگری دەدات بۆ نوێبوونەوە، لێرەشدا بە کورتی ١٠ سوودی گرنگی بەرۆژووبوونتان بۆ روون دەکەینەوە بەو ھیوایەی سوودی لێ وەربگرن :

١.بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ دەردەدانی ژەھری ناو لەش :
ئەو خواردنانەی کە پێشووتر خواردووتە رێژەیەکی زۆری مادەی ژەهراوی تێدابووە لە مادەی پارێزبەندی (حافزە)، ئەم جۆرە مادانە لەبەر ئەوەی بە ئاسانی ھەرس ناکرێن بەتێپەڕبوونی کات دەبنە ژەھر و بەشێوەی چەوری لەناو جەستە دەمێننەوە، لەکاتی بەرۆژووبوون جەستەی مرۆڤ ئەو چەوریانە بەکار دەھێنێت و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ لەناوبردنی ئەو ژەھرانە چ لەناو جگەر یا گورچیلەکان بێت یا بەشەکانی دیکەی لەش کە بەرپرسن لە لەناوبردنی ژەھرەکان .

٢. بەرۆژووبوون یارمەتی کۆ ئەندامی ھەرس دەدات لە پشوو وەرگرتن :
لە کاتی بەرۆژووبوون کۆئەندامی ھەرس بە قۆناغی تێدەپەڕێت، لەم کاتە کاری بەشە فسیۆلۆژیەکانی بەشێوەیەکی سروشتی بەردەوام دەبێت بەتایبەتی رژێنەکان بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، ئەم جۆرە کارانە یارمەتی ھاوسەنگ راگرتنی شلەمەنیەکانی لەش دەدەن، ھەروەھا یارمەتی ھەرس کردنی خۆراک دەدەن بە ئاستێکی چەسپاو، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەرھەم ھێنانی ووزە بەشێوەیەکی پلەبەندی (تدریجی) لەگەڵ ئەوەش رۆژووگرتن رێگە ناگرێ لە دەردانی رژێنە ترشەلۆکەکان لەبەر ئەمە ئەوانەی نەخۆشی برینی گەدەیان (قرحە معدە) ھەیە پێویستە ئاگاداری خۆیان لە بەرۆژووبوون.

٣. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری ئاوسان (التھابات): 
چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان دەرخستووە کە بەرۆژووبوون یارمەتیدەرێکی باشە بۆ چاکبوونەوە لە ھەندێک نەخۆشی ئاوسان و ھەستیاری (حساسیە) وەک ئاوسانی جومگەکان و نەخۆشی سەدەفیە .

٤. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێن : 
لەبەر ئەوەی بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی رێژەی شکانی کلۆکۆز و بەرھەم ھێنانی ووزە بۆ جەستە، ئەمەش مانای وایە کەم بوونەوەی رێژەی بەرھەم ھێنانی ئەنسۆلین و ئەمەش یارمەتیدەر بۆ پشوودانی پەنکریاس، ھەروەھا یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی رێژەی بەرھەم ھێنانی جلیکۆجین بۆ ئەوەی کاری شکانی کلۆکۆز ئاسانتر بکات، بەمەش بەرۆژووبوون یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێن .

٥. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ سووتانی رێژەیەکی زۆر چەوری لەش : 
لەبەر ئەوەی کاردانەوەی یەکەم لەلەش بریتیە لە شکانی کلۆکۆز، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ سووتانی چەوری بەمەبەستی بەرھەم ھێنانی ووزەی پێویست بۆ لەش بەتایبەتی لەو چەوریانەی لەنێو ھەردوو گورچیلە و ماسولەکەکان کەلەکەبوونە.

٦. بەرۆژووبوون سوودێکی زۆری ھەیە بۆ ئەوانەی نەخۆشی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێنیان ھەیە : 
بەرۆژووبوون یەکێکە لەو چارەسەرە سروشتیانەی بۆ دابەزاندنی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بەکاردەھێندرێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی  مەترسی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان، لەکاتی بەرۆژووبوون چەوریەکان دەسوتێندرێن و کلۆکۆز دەشکێندرێت بۆ ئەوەی ووزەی پێویست بەرھەم بێت بۆ لەشی مرۆڤ، ھەروەھا رێژەی خۆراکی زیادە لەناو لەش کەم دەکات و ھەروەھا رێژەی ھۆرمۆناتی وەک ئەدرینالین کەم دەبێتەوە، ئەمانەش یارمەتیدەرن بۆ کەمبونەوەی رێژەی پاڵەپەستۆی خوێن .

٧. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ کەمبوونەوەی کێش : 
بەرۆژووبوون یارمەتیدەرێکی باش و خێرایە بۆ کەمبوونەوەی کێشی مرۆڤ، چونکە دەبێتە رێگر لەبەر دەم کەلەکەبوونی چەوری لەناو لەش .

٨. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ خواردنی خۆراکی تەندروست : 
بەپێی ئامارەکان تێبینی ئەوە کراوە کە بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ کەمبوونەوەی حەزی مرۆڤ بۆ خواردنە خێراکان، لەبری ئەمەش زیاتر مرۆڤ ئارەزووی بۆ لای ئەو خواردنانە دەچێت کە تەندروستن و لەماڵەوە ئامادە دەکرێن .

٩. بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ بەھێزبونی کۆئەندامی بەرگری : 
پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ھاوسەنگی خۆراک لە کاتی بەرۆژووبوون، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەھێزبوونی کۆئەندامی بەرگری، دواتریش دەبێتە ھۆکارێک بۆ لەناوبردنی ژەھری ناو لەش و کەمبونەوەی رێژەی چەوری و لەکاتی میوە خواردن لەکاتی بەربانگ، ئەمانە دەبنە ھۆکار بۆ ئەوەی رێژەکانی ڤیتامین و کانزاکان لەناو لەش گەشە بکەن وەک ڤیتامین (A، E) کە دوو توخمی بەھێزە بۆ دژە بە ئۆکسیدبوون و ئەمانەش یارمەتی بەھێزبونی کۆئەندامی بەرگری دەدەن.

١٠. بەرۆژووبوون یارمەتیدەر بۆ زاڵ بوون بەسەر نەخۆشیەکانی ئاڵودەبوون : 
زۆرینەی توێژینەوەکانی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەرۆژووبوون یارمەتیدەرە لەسەر زاڵ بون بەسەر کێشەی ئالودەبوون لەسەر نیکۆتین و کافایین، ھەرچەندە ھەندێک سیستەمی چارەسەری ھەیە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم گرفتانە بەڵام بەرۆژووبوون رۆڵێکی کاریگەری ھەیە لەم حاڵەتانە .

لەگەڵ ئەم ھەموو سوودە زۆرەی بەرۆژووبوون بەڵام لەھەندێک حاڵەت پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆر بکەیت پێش ئەوەی بەرۆژوو بیت وەک لەکاتی سکپڕی و شیردان بە منداڵ و نەخۆشی برینی گەدە، چونکە بەرۆژووبوون دەبێتە ھۆی ووشک بوون بەمەش تووشی سەر ئێشەت دەکات، لەبەر ئەمە پێویستە لەو حاڵەتانە رای پزیشکی پسپۆر وەربگریت .



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2717بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Apr 26 2021 1:49AM