ماڵ و کۆمەڵگە و قوتابخانە ڕۆڵێکی گرنگیان ھەیە لە گەشەپێدانی کەسایەتی منداڵ ، بەڵام لەنێو ھەموویان خێزان لەھەمووان زیاتر ڕۆڵی خۆی دەبینێت ، چونکە قۆناغی شەش ساڵی یەکەم لەماڵەوە بناغەی کەسایەتیەکەی دادەندرێت و زۆرترین کاتەکانی لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر دەبات ، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتە بکەن ئەمەش بە گرتنەبەری چەند رێکارێک ، لەوانەش :
١.ھەموو پێداویستیەکانی بۆ دابین مەکە :
دەبێت ھەندێک جاری بەشێک لە داواکاریەکانی رەتبکرێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ھەموو شتێک لە ژیان بە ئاسانی بەدەست نایەت و بەھای شتەکانی لا گرنگ بێت .
٢. لەکاتی پێویست بلێ نەخێر :
لەسەر دایکان وباوکان پێویستە ھەندێک بنەما دابنێن بۆ ئەوەی منداڵەکان لەسەری بڕۆن و نابێت منداڵەکان ئەم رێنماییانە پێشێل بکەن ، چونکە ئەو منداڵانە زۆر بەنازەوە گەورە دەکرێت دەستەبەر کردنیان قورس دەبێت .
٣. ستایشی منداڵەکەت بکە:
لەوکاتانەی کارێکی باش دەکات پێویستە لەسەرتان ستایشی کارەکەی بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەم جۆرە کارانە بەتایبەتی لەکاتی راستگۆیی و یارمەتیدانی کەسانی دیکە .
٤. منداڵەکەت ئاڕاستە بکە :
پێویستە لە قۆناغەکانی ژیان منداڵەکەت بەرەو کاری باش راست ئاڕاستە بکەیت ، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەو کارانە ، وای لێبکە باش بێت و یارمەتی خەڵکی بدات لەکاری باشە .
٥. پێشەنگێکی باش بە :
منداڵ چاودێری کارەکانی دایک و باوکی دەکات و لەوانەوە فێری شتەکان دەبێت ، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر دایک و باوک بە رەوشتێکی بەرزەوە مامەڵە بکەن و رێز لە خەڵکی بگرن و بە نەرم ونیانی ھەڵسوکەوت بکەن ، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی منداڵەکە ھەمان شت دووبارە بکاتەوە.
٦. فێری بکە سوپاسگوزار بێت :
گرنگە منداڵ لە قۆناغەکانی ژیان سوپاسی کەسانی دەوروبەری خۆی بکات بۆ ئەو کارانەی بۆی ئەنجام دەدەن.
٧. با پشت بەخۆی ببەستێت:
ئەو کارانەی پێویستە بەخۆی ئەنجامی بدات بۆی ئەنجام مەدە ، چونکە لەم دۆخە تۆ یارمەتی نادەیت بەڵکو بە پێچەوانەوە وا دەکەیت زیاتر پشت بە تۆ ببەستێت و پشت بە خۆی نەبەستێت ئەمەش کارێکی ھەڵە دەبێت .
سەرچاوە | الموضوع