یەکێک لەو ئەرکانەی کە لەئەستۆی دایک و باوکانە بریتیە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست و باش ، ئەم جۆرە پەروەردەکردنە دەبێت بەشێوەیەک بێت کە منداڵەکە متمانەی تەواوی بەخۆی ھەبێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەھەندێک بابەت رەفتار بکات بۆ ئەوەی لە داھاتوو کەسایەتیەکی بەھێزی ھەبێت .
لەنێو منداڵەکانیش پێویستە دایکان و باوکان گرنگی بە کچەکانیان بدەن و رێگەیەکی تەندروستیان بۆ ھەڵبژێرن بۆ ئەوەی متمانەی تەواویان بەخۆیان ھەبێت و پارێزگاری لە کەسایەتی خۆیان بکەن ئەمەش بەچەند رێگەیەک دەبێت :
١.پەروەردەی بکە تا پشت بەخۆی ببەستێت .
پێویستە لەسەر دیاک و باوکان لە تەمەنێکی دیاریکراودا کچەکانیان رابێنن لەسەر ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن لە ھەندێک کار و کردەوە بۆ ئەوەی متمانە لەلای خۆیان دروست بکەن ، بۆ ئەمەش دەبێت دایکەکان پێشەنگێکی باش بن بۆ کچەکانیان ، ھەروەھا فێریان بکەن چۆن جلەکانی خۆیان دەگۆڕن و چ جۆرە کتێبێک دەخوێننەوە و چ جۆرە ئەرکێکیان لەمالەوە دەبێت و نابێت لە ھەموو شتێک پشت بە دایک و باوکیان ببەستن .
٢. گفتوگۆی بونیاتنەرانە :
پێویستە لەسەر دایکان و باوکان بە شێوەیەکی باش گفتوگۆ لەگەڵ کچەکانیان بکەن و لەرێگەی ئەم گفتوگۆیە کەسایەتی کچەکانیان بونیات بنێن و وایان لێبکەن متمانەی تەواویان بەخۆیان ھەبێت ، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کچەکان کەسایەتیەکی بەھێز و متمانە پێکراویان ھەبێت .
٣. بەیەک شێواز مامەڵەیان لەگەڵ بکەن :
لەوانەیە لەھەندێک خێزان دوو جۆر پەروەردە ھەبێت ، بۆ نموونە باوکەکە کەمێک رەق بێت و دایکەکە نەرم و نیان بێت و بەپێچەوانەوەش ھەیە ، لێرەدا منداڵەکان باجی ئەم جۆرە پەروەردەیە دەدەن ، چونکە کەسایەتی یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەوی دیکە خۆشەویستتر دەبێت ، لەبەر ئەمە پێویستە دایکان و باوکان بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکانیان یەک رەوت بگرنە بەر و ھەردووکیان لەسەری کۆک بن .
٤. ستایشی بکە :
پێویستە دایکان و باوکان بەم شێوەیە کچەکەیان قبول بکەن کە ھەیە ، نەک بەو شێوەیەی کە ئەوان دەیانەوێت ، ناکرێت تۆ داوا بکەیت کچەکەت نموونەیی بێت لە ھەموو شتێک لەکاتێکدا خۆت ئەم کارەت پێناکرێت ، پێویستە لەسەر دایکان و باوکان ستایشی کارەکانی کچەکەیان بکەن و گرنگی بە تایبەتمەندییەکانی بدەن ، چونکە ئەم جۆرە رەفتارە ھۆکارە بۆ گەشەکردنی متمانە بە خۆکردن .
٥. کچەکەت بە کەسی دیکە بەراورد مەکە ، چونکە ھەر مرۆڤێک و کەسایەتی جیاوازی خۆی ھەیە .
٦. رەخنە لە کچەکەت بگرە ، بەڵام نەک لەسەر حیسابی لایەنی دەروونی .
٧. پێویستە دایک پێشەنگێکی باش بێت بۆ کچەکەی و لەھەموو کار و کردەوەکان رابەرایەتی بکات .
سەرچاوە | الموضوع