»  هاوسەران

چۆن لە ھاوسەرەکەم تێبگەم ؟!

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
یەکێک لەو گرفتانەی رووبەرووی ھاوسەران دەبێتەوە ئەوەیە چۆن لە یەکتری تێبگەن، ھەرچەندە ئەم بابەتە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە ئەمەش بەپێی روشنبیری ھاوسەرەکان دەگوڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت ھەندێک بنەما دابڕێژین بۆ ئەوەی ھاوسەرەکان بتوانن لە یەکتری تێبگەن .

١.گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتری : 
قسەکردن لەگەڵ یەکتری کلیلی چارەسەری ھەموو کێشەکانە، چونکە بنەمای سەرەکی ژیانی خێزانییە، چونکە گەر ھاوسەرەکان قسە لەگەڵ یەک نەکەن کێشەکانیان گەورەتر دەبێت و دەبێتە ھۆی بێزار بوون لە یەکتری . 
لەبەر ئەمە پێویستە یەکێکیان دەست پێشخەری بکات و دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی لەم قسانە بگەنە ئامانج، بەم شێوەیەش رێگری لە پەرتەوازەیی خێزان دەگیرێت.

٢.رێزگرتن : 
مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئارەزوو دەکات رێزی لێ بگیرێت، چونکە ریزگرتن پێویستیەکی دەروونییە، لەم حاڵەتە پیاوان ئارەزوو دەکەن رێز لە خودی کەسایەتیان بگیرێت و لە پێش چاوی کەسانی دیکە نەشکێندرێنەوە، بەتایبەتی ئەگەر کەسانی نزیکی خۆی بێت، بەھەمان شێوەش ئافرەتان ئارەزوو دەکەن رێز لە کەسایەتیان بگیرێت چونکە رێزگرتن کەسایەتیان بەھێزتر دەکات لە ناو کۆمەڵگە . 

٣. واقیعی بن : 
پێویستە لەسەر ھاوسەران واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەن، چونکە ھەموو خێزانەکان کێشەیان ھەیە جا کێشەکە بچووک بێت یا گەورە بێت، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر ھەردوو لایان بزانن کێشەکە چییە و چۆن بە شێوەیەکی سادە چارەسەری بکەن و رێز لە تایبەتمەندی یەکتری بگرن چونکە ھەر یەکەیان بیرکردنەوەیان جیاوازە. 

٤. با لایەنی سێیەم خۆی لەکارەکانتان ھەڵنەقوڕتێنێ : 
ژیانی ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن بونیات دەنرێت، ھەر کاتێک رێگە درا لایەنی سێیەم خۆی بخاتە نێو کێشەکان ئەوا ئەم بنەمایە لاواز دەبێت، چونکە کێشەکان زیاتر دەبێت و چارەسەرکردنی ئەستەم تر دەبێت، لەبەر ئەمە تا دەکرێت کێشەکانی خۆتان بە خۆتان چارەسەر بکەن و رێگە بە خەڵکی دیکە مەدەن بێتە نێوانتان.  


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3797بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - May 31 2022 3:40PM