»  گفتوگۆ

ئەگەر کات بگەڕێتەوە دواوە چی دەکەیت ؟

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
ئەم پرسیارە لە رۆژنامەنووسی بەناوبانگ ئیرما بۆمبیک کرا 
ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە دواوە ، ئایا بەھەمان شێوە ، ژیانت بەسەر دەبەیت ؟ 
ئایا بژاردەکانت ھەمان بژاردە دەبن ؟ 
سەرەتا ئێرما گووتی : لەھیچ شتێک پەشیمان نیم لەم ژیانە ، بەڵام دواتر لە وەڵامەکەی پاشگەزبووە و گووتی : 
"ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە ، جارێکی دیکە سکاڵا لە دوو گیان بوونم ناکەم ، ھەرچەندە ئازاری زۆرە ، بەڵام ئەوەی پێمان دەبەخشرێت موعجیزەیەکی خوداییە ، چێژ لە ھەموو ساتەکان وەردەگرم و دەزانم من ھۆکارم بۆ ئەوەی گیانێکی دیکە بێتە سەر ئەم دونیایە ". 
جارێکی دیکە لە ھاوینان پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەم داناخەم لە ترسی ئەوەی ھەوا قژم تێک بدات ... 
بانگھێشتی ھاوڕێیەکانم دەکەم بۆ ماڵەکەم و کاتێکی خۆشییان لەگەڵ بەسەر دەبەم و گرنگ نابێت بەلامەوە رایەخی ماڵەکەم پیس دەبێت یا تاخمی دانیشتنەکەم کۆن دەبێت . 
رێگە بەخۆم دەدەم خواردن لە ژووری نووستن بخۆم و گرنگی بەوە نادەم کە پیس دەبێت . 
زیاتر گوێ لە چیرۆکەکانی باپیرەم دەگرم و چێژی زیاتریان لێ وەردەگرم . 
ئەو مۆمە گرانبەھایە دەسووتێنم کە بەدیاری بۆم ھاتبوو ، رێگە نادەم لە کۆگا کۆن ببێت و تێک بچێت . 
کاتێکی زیاتر لەگەڵ منداڵەکانم بەسەر دەبەم و یاری زیاتریان لەگەڵ دەکەم و گرنگ نابێت بە لامەوە کە جلەکانم پیس دەبێت . 
فرمێسکەکان و پێکەنینەکانم لەبەردەم تەلەفزیۆن کەم دەکەمەوە ، چونکە چیرۆکەکانی پەیوەندی بە من نییە ، ژیانێکی ڕاستیانە دەژیم .. بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە . 
ئەگەر ھەستم بە ماندووبوون کرد ، دەچمە سەر جێگەکەم دەخەوم و خۆم ناخەڵەتێنم بەوەی کارەکان دەوەستن بەھۆی ئەوەی من رۆژێک نەچوومەتە کار . 
ئەگەر منداڵەکەم خۆی بە باوەشم دادا ، دووری ناخەمەوە بەھۆی ئەوەی سەرقاڵم . 
ھیچ شتێک ناکڕم بەھۆی ئەوەی کارەکیە یا بەھۆی ئەوەی زۆر دەمێنێت . 
گوزارشت لەھەستەکانم دەکەم بە تایبەتی بۆ ئەوانەی خۆشم دەوێن .. داوای لێبووردن لەھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ھەڵەم لەبەرامبەریان کردووە . 
گوێ بۆ ئەو کەسانە دەگرم کە قسەم بۆ دەکەن ... 
ئەگەر دەرفەتێکی دیکەی ژیانم پێبدرێت ... دەبینم .... دەژیم ... تاقی دەکەمەوە .. ھەموو ساتەکانی دەژیم .. 


506بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Aug 3 2023 7:01PM