رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت بە ھەموو رێگەکان سەرکەتوو بێت بەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا .
پسپۆڕانی بواری پزیشکی دەروونی دەڵێن: مرۆڤ لەم قۆناغەی ئێستا ھەست بە پاڵەپەستۆیەکی دەروونی زۆر دەکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کاریگەر لەسەر تاک و کۆمەڵگە ھەبووە ، لەبەر ئەمەش پێویستە جگە لە چارەسەری بواری جەستەیی ، چارەسەری لایەنی دەروونیش بکرێت .
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بۆ زاڵ بوون بەسەر لایەنی دەروونی بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆڕۆنا ، شەش ئامۆژگاری پێشکەش دەکات کە بریتین لە :
١.دەبێت بزانی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرتاسەری جیھانی گرتووتەوە دوور لە لەلایەنی نەتەوەیی و یا رەگەز یا ناوچەیەکی جوگرافی یا پەیڕەوکارانی یەک ئاین ، لەبەر ئەمە مرۆڤایەتی بە ھەموو رەنگەکانی گرتووتەوە و زۆربەشیان مرۆڤی بێ تاوانن و ھیچ ھەڵەیەکیان نەکردووە .
٢. ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووینە مرۆڤی ئاسایی و ھیچ تاوانێکیان نییە ، لەبەر ئەمە نابێت بە چاوێکی سەیر یا گوماناوی سەیریان بکەیت ، ئەوانەش مرۆڤی ئاسایین و زۆرینەیان بە تێپەڕبوونی کات و وەرگرتنی چارەسەری چاک دەبنەوە و دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان .
٣. دوور بکەوە لەو ھەواڵانەی کە دڵەراوکێت زیاد دەکەن و ھەوڵبدە گەشبینانە سەیری بارودۆخەکە بکەیت ، لەگەڵ ئەمەش پێویستە پابەندی رێنماییەکان بیت بۆ ئەوەی خۆت و خۆشەویستانت بپارێزی ، ھەروەھا ھەوڵبدە ھەواڵەکان لەسەر چاوەی باوەڕپێکراوە وەربگریت .
٤. خۆت بپارێزە و لەھەمانکات دەستی یارمەتی بۆ دەوروبەرت درێژبکە ، ھەروەھا دەبێت بزانی یارمەتیدانی کەسانی دیکە سوودی بۆ خۆشت دەبێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر لایەنی دەروونیت دەبێت .
٥. ھەوڵبدە رێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ئەرێنی دەربارەی کۆڕۆنا و ھەروەھا باسی ئەو کەسانە بکە کە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە بۆ ئەوەی ھیوا و ئومێدی زیاتر لە نێو کۆمەڵگە بڵاوبکەیتەوە .
٦. رۆلی کارمەندانی تەندروستی بەرز بنرخێنە لە نێو کۆمەڵگە چونکە کاریان بریتیە لە پاراستنی تۆ و کۆمەڵگە و ولات لەم پەتایە و لە ھەموو دەرفەتەکان سوپاسیان بکە چونکە ئەوان ھێلی بەرگری یەکەمن .
سەرچاوە | الامارات الیوم