زیانی خولە گەورەکانی ئەوروپا بەھۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا
رۆژ لە دوای رۆژ ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سەرتاسەری جیھان بڵاودەبێتەوە و تا دێت ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات و ھەروەھا بەھۆی ڤایرۆسی زیانێکی زۆر بە ئابووری جیھان گەیشتووە ، ئەمەش سەرجەم لایەنەکانی ژیانی گرتووتەوە و لایەنی وەرزشیش بەشێکی گرنگ بوو لەو زیانانەی بەرکەوت .
لەم راپۆڕتە تیشک دەخەینە سەر زۆرترین ئەو زیانانەی بەر خولە گەورەکانی ئەوروپا دەگرێت .
خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی .
فیدراسیۆنی خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی ناچار بوو یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە رابگرێت ، دوای ئەوەی چەند یاریزانێک و راھێنەرێک تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لەگەڵ ئەوەی یانەی لیڤەرپول نزیک بوو لە بەدەستھێنانی نازناوەکەی ئەم وەرزە ، بەڵام یارییەکان راگیرا تا کاتێکی نادیار دەوەستێت و پێشبینی دەکرێت زیانەکانی خولی ئینگلیزی ٩٢٥ دۆلار دەبێت ، ئەمەش بەھۆی نەمانی داھاتی پەخش و فرۆشتنی پلیتەکان و ریکلامەکان دەبێت .
خولی ئیسپانی .
بارودۆخەکە لە خولی ئیسپانی ئاڵۆزترە ، چونکە وەرزش و بە تایبەتی تۆپی پێ سەرچاوەی سەرەکی داھاتی وڵاتە و بەھۆی یارییەکان ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روو لەو وڵاتە دەکەن ، بۆنموونە لە ساڵی ٢٠١٨ لە ٤% گەشتەکان بۆ وڵاتی ئیسپانی بەمەبەستی گەشتی تەرفیھی بووە و بینینی یارییەکان بووە .
ساڵانە وەرزش تۆپی پێ زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئیسپانیا بەدەست دەھێنێت و ھەروەھا ٢٠٠ ھەزار ھەلی کار دەرەخسێنێت ، لەئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی خولی ئیسپانی پێشبینی دەکرێت زیانی ٦٧٧ ملیۆن دۆلار بە ئیسپانیا بگات ، لەوانەش ٦١٠ ملیۆن دۆلاری تایبەت دەبێت بە پەخشی تەلەفزیۆنی .
ھەروەھا یانەکانی ئیسپانیا زەرەرێکی زۆر دەکەن ، بۆنموونە یانەی بەرشەلۆنە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات ، بە تایبەتی ئەگەر خولی ئیسپانی و چامپیۆنزلیگ ھەڵوەشایەوە .
ھەروەھا یانەکە ناچار دەبێت مووچەی یاریزانەکانی بە رێژەی ٢٥% کەم بکاتەوە .
خولی ئیتاڵی
خولی ئیتاڵی یەکەم خولی ئەوروپی بوو یارییەکانی راگرت ، بەتایبەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەربڵاوە لەئیتاڵی و ژمارەی گیان لەدەست دان بەھۆی ڤایرۆسەکە لەم وڵاتە زۆر بوو .
ھەروەھا بەشێک لە یاریزانان و راھێنەرانی خولی ئیتاڵی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و یەکەم یاریزانیش دانیال رۆگانی بەرگریکاری یانەی یۆڤانتس بوو .
بە پێی راپۆڕتە رۆژنامەوانیەکان پێشبینی دەکرێت زیانەکانی خولی ئیتاڵی بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار و ھەروەھا لەم پارەیەش ٢٠٠ ملیۆنی تایبەتە بە پەخشی تەلەفزیۆنی و ١٥٠ ملیۆن دۆلاری پارەی پلیت دەبێت .
لەسەر ئاستی یانەکانیش پێشبینی دەکرێت یانەی یۆڤانتس زەرەر مەندی یەکەم بێت و لە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی خولی ئیتاڵی و چامپیۆنزلیگ یانەی یۆڤانتس زیاتر لە ١٢٢ ملیۆن یۆرۆ زیانی پێبگات .
سەرچاوە | پێگەی الحرە