پسپۆڕانی بواری پزیشکی شەکردە ، داوا لەو نەخۆشانە دەکەن کە نەخۆشی شەکرەیان ھەیە تا ئەوپەڕی توانایان خۆیان بپارێزن لەم بارودۆخە و رێککاری توندتر بگرنە بەر بۆ رێگری کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا .
لەمبارەیەوە دکتۆر عەبدولبەدیع ئەبو سەمرە سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی لە وڵاتی قەتەر چەند بۆچوونێک دەربارەی ئەم بارودۆخە دەخاتە روو .
١.بەھیچ جۆرێک خۆتا تووشی دڵەراوکێ زۆر مەکەن ، بەڵام لە ھەمانکاتیش رێککاری پێویست بگرنە بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە .
٢. بەشێوەیەکی گشتی ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، بەرگری لەشیان لاوازترە بەبەراورد بە خەڵکی دیکە ، لەبەر ئەمە شێوازی خۆپاراستنیان دەبێت زیاتر بێت ، لەبەر ئەمە دەبێت بە باشی دەستەکانیان بە سابون و ئاوی گەرم بشۆن و پارێزگاری لە خاوێنی خۆیان بکەن ، قاپ و قاچاغی کەس بۆ خواردن بەکار نەھێنن و دوور کەوتنەوە لە قەرەباڵغی و ئەو شوێنانەی گومانی ئەو ڤایرۆسەی لێدەکرێت .
٣. ڤایرۆسی کۆڤید – ١٩ یەکەم جار ھێرش دەکاتە سەر بۆڕی ھەناسە ، لەبەر ئەمە خۆتان بەدوور بگرن لەو جۆرە کەسانەی گومانیان لێدەکرێت ھەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و دوور بکەونەوە لە تەوقەکردن و قسەکردنی نزیک لەگەڵیان و بەردەوام دەمامک ببەستن لەو شوێنانەی ناچارن سەردانی بکەن .
٤. پێویستە ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، ئامۆژگارییەکانی ستافی پزیشکی بەتەواوەتی جێ بەجێ بکەن و دەرمانەکانیان لە لای خۆیان ھەبێت و نابێت کەمتەرخەمی بکەن لە دابین کردنی دەرمانەکان ئەمەش بە پێی توانا و تا دەکرێت دەرمانی ئەنسۆلین لەماڵەوە ھەبێت و بەشی دوو ھەفتە بکات .
٥. ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە و ترسیان ھەیە لە ناکاو شەکرەیان بێتە خوارەوە ، پێویستە زوو زوو پشکنینی خۆیان ئەنجام بدەن و ھەروەھا ئەگەر رێژەی شەکر لە خوێنت کەم بوو ئەوا کوپێک شەربەتی میوە بخۆ ، یا سێ دانە کلۆی شەکر .
٦. ھەروەھا ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، کاتێک ھەست بە بەھەر نائارامییەک دەکات دەربارەی حاڵەتەکەی و تەشەنەسەندنی ئەوا دەبێت پەیوەندی بە دکتۆری تایبەتی خۆی بکات بۆ ئەوەی رێنمایی پێویستی لێ وەربگرێت سەبارەت بە حاڵەتەکە و چۆنیەتی ھەڵسوکەوتکردن .
سەرچاوە | الجزیرە