»  ئۆتۆمبێل

چۆن پارێزگاری لە بزوێنەری (مەکینەی) ئۆتۆمبێلەکەت دەکەیت

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
یەکێک لەو کردارانەی پێویستە شوفێران ئاگاداری بن بزوێنەری(مەکینە) ئۆتۆمبێلە، چونکە بنەمای سەرەکی ھەر ئۆتۆمبێلێک بریتیە لە بزوێنەرەکەی، لەبەر ئەمە پێویستە بە باشی ئاگاداری بیت بۆ ئەوەی زوو تێک نەچێت و ناچار نەبیت بیبەتە شوێنەکانی چاککردنەوە چونکە بڕە پارەیەکی زۆرت دەچێت و ھەندێک جاریش ئەو کەسانەی بەم کارە ھەڵدەستن ناتوانن بزوێنەرەکە وەک خۆی لێبکەنەوە و تۆش زیاتر بەم کارە بێ تاقەت دەبیت، لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر ھەندێک خاڵ کە یارمەتیت دەدات بۆ پارێزگاری کردن لە بزووێنەری ئۆتۆمبێلەکان و ئەم خاڵانەش بریتین لە :

١.گۆڕینی روونی ئۆتۆمبێل : 
یەکێک لەو کارانەی پێویستە شوفێر ئاگاداری بێت ئەوەیە بە شێوەیەکی رێک و پێک و لەماوەی دیاریکراو روونی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت چونکە ئەم کارە پارێزگاری لە بزووێنەری ئۆتۆمبێلەکە دەکات.
ئەگەر ھاتوو شوفێر بۆ ماوەیەکی زۆر روونی بزوێنەرەکەی نەگۆڕی ئەوە دەبێتە ھۆی دروست بوونی کێشە لە بزوێنەرەکە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کێشەکە گەورەتر دەبێت و چارەسەرکردنی ئەستەم تر دەبێت.

پسپۆڕانی بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل ئامۆژگاری شوفێران دەکەن بەشێوەیەک گشتی لە ھەر پێنج ھەزار کیلۆمەترێک روونی ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن و ھەروەھا فلتەری روونەکەش بگۆڕن چونکە بەم شێوەیە پارێزگاری لە بزووێنەرەکەت دەکەیت و تووشی تێکچوون نابێت .

٢. پارێزگاری کردن  لە سیستەمی گەرم کەرەوە و سارد کەرەوە: 
یەکێکی دیکە لە کارەکانی شوفێر ئەوەیە پارێزگاری لە سیستەمی گەرم کەرەوە و ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بکات، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت دووربێت لە کێشە، پێویستە شوفێران ئاگاداری ئاوی بزوێنەرەکە بن چونکە کەمبوونەوەی ئاوی بزوێنەر دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بزوێنەرەکە(حەماوەی ھەڵدەستێت) و ئۆتۆمبێلەکە تووشی کێشە دەبێت و دەوەستێت، لە بەر ئەمە پێویستە شوفێران زۆر وریای ئەم خاڵە بن.
ھەروەھا پێویستە شوفێران ماوە نا ماوە فلتەری سارد کەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان پاک بکەنەوە چونکە گیرانی ئەم فلتەرانە دەبێتە ھۆی ئەوەی سیستەمی سارد کەرەوەکەت کێشەی تێکەوێت و بۆنی ناخۆش دەربکات.

٣. پێش لێخوڕین ئۆتۆمبێلەکەت کەمێک گەرم بکە : 
ھەر چەندە ئەم خاڵە ناکۆکی لەسەرە بەڵام بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن پێویستە شوفێر پێ ئەوەی بەیانیان زوو بەرێکەوت بۆ دەرەوە پێویستە لەسەری کەمێک ئۆتۆمبێلەکەی بەئیش بخات بۆ ئەوەی بزوێنەرەکە ئامادە بێت بۆ رۆیشتن بەتایبەتی ئەو رۆژانەی کەش و ھەوا ساردە چونکە ئەم کردارە بزوێنەرەکە دەپارێزێت لە تێکچوون، هەروەها هەندێک لە پشپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن پیویست ناکات گەمکردنە بە شێوەی وەستان بێت بۆ ماوەیەک بەڵکوو گەمکردنەوەی بەوە دەبێت لە چەند کیلۆمەتری سەرەتای رۆیشتن بە ئارامی ئۆتۆمبێلەکە لێبخوڕدرێت(پێ لە بەنزین نەنێت یان زۆر بە کەمی پێ لە بەنزین بندرێت) .

٤. ھەفتەی جارێک بە خۆت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەت بکە: 
یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی شوفێر ئەوەیە بە لایەنی کەم ھەفتەی جارێک بەخۆی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە لە ھیچ شوێنێک روون یا ھەر شلەیەکی دیکەی وەک روونی ستۆپ و روونی گێر نارژێت، چونکە ئەگەر روون لە ھەر بەشێکی ئۆتۆمبَل بڕژێت و ھەستت پێی نەکرد ئەوا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبیت .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4155بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - Jul 20 2022 3:58PM
12