تەنھا یەک خولەک بیر بکەوە
لە یەکێک لە شارەکانی ئەوروپا لە نۆرەی پلیت بڕین وەستابووم بۆ ئەوەی پلیتێک بکڕم و گەشت بکەم بۆ شارێکی دیکە کە نزیکەی ٣٣٠ کم لە شوێنەکەم دوورە
لە پیش من ئافرەتێکی بەتەمەن وەستابوو کە شەستەکانی تەمەنی بوو
ئافرەتەکە لەگەڵ فەرمانبەری پلیت بڕ گفتوگۆی دەکرد و ماوەیەکی زۆری خایاند ، لە کۆتاییدا فەرمانبەرەکە گووتی : خانمەکەم تکایە رێگەکە بەردە خەڵکێکی زۆر وەستاوە .
ئافرەتەکە ھەنگاوێک لە پێش پەنجەرەکە دوور کەوتەوە و رێگەی بەمندا پلیت بکڕم
منیش لە فەرمانبەرەکەم پرسی : کێشەی ئەم ئافرەتە چییە ؟
ئەویش گووتی : ئەم ئافرەتە یەک یۆڕۆی کەمە بۆ کڕینی پلیتی پاسەکە و دەیەوێت لە دەرەوەی وێستگەکە سەرکەوێتە سەر پاسەکە ئەمەش بەپێی یاسا قەدەغەیە !
منیش گووتم : فەرموو ئەمە یەک یۆرۆ و پلیتەکەی پێبدە ، رێگەکەم چۆڵ کرد و فەرمانبەرەکە جارێکی دیکە ئافرەتەکەی بانگکردەوە و پلیتێکی پێدا
ئافرەتەکە پلیتەکەی کڕی و لەولاوە راوەستا وەک ئەوەی چاوەڕێی من بکات .
من پێشبینی ئەوەم کرد بۆ ئەوە وەستابێت تا سوپاسم بکات ، بەڵام ئەوکارەی نەکرد !
بەڵکو بۆ ئەوەی وەستابوو تا دڵنیا بێت لەوەی پلیتی خۆم کڕیووە و دەچمە وێستگەکە بۆ ئەوەی سواری پاسەکە ببم .
ئافرەتەکە ئاماژەیەکی بۆ کردم و بە شێوەی فەرمان پێی گووتم : وەرە ئەم جانتایەم بۆ ھەڵبگرە .
کارەکە بۆ من سەیر بوو!
چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی دەکەن ، بەڵام ئەم ئافرەتە بۆ بەم شێوازە رەفتار لەگەڵ من دەکات، ھەرچەندە من یارمەتیم داوە!
منیش بێ بیرکردنەوە جانتایەکەم بۆ ھەڵگرت و بەیەکەوە چووینە لای پاسەکە
شتێکی سروشتی بوو کە شوێنی دانیشتمان بەیەکەوە بێت چونکە نۆرە پلیت بڕینمان لە دوای یەکتری بوو .
ھەوڵمدا لەلای پەنجەرەکە دانیشم بۆ ئەوەی چێژ لە دیمەنی بەفر بارین ببینم ، چونکە بەفر بارینەکە وەک ئەوە وابوو ھاتبێت و رەنگی سروشت بسڕێتەوە و ئەم ناوەی سپی پۆش بکات و پێمان بڵێت : منم خێروخۆشیم بۆ ئێوە ھێناوە و ئێستاش مافی منە سەرکردایەتی ئەم سروشتە بکەم ..!
بەڵام ئافرەتەکە رێگری کرد کە من لەلای پەنجەرەکە دانیشم و بەخۆی چووە لای پەنجەرەکە و ھیچ قسەیەکی نەکرد ..
منیش لە شوێنی خۆم دانیشتم و سەیری پێشەوەم دەکرد و ھیچ گرنگیەکم بە بارودۆخەکە نەدا ..
ئافرەتەکە ئاوڕێکی لێدامەوە و سەیری دەکردم ، ئەم جارەیان زۆر سەیری دەکردم ، منیش بەردەوام سەیری پێش خۆم دەکرد، بەڕاستی کەمێک نارەحەت بووم بە ھۆی شێوازی سەیرکردنی لەبەر ئەمە ئاوڕێکم لێدایەوە و سەیرم کرد .
ئینجا ئافرەتەکە پێکەنی و گووتی : ئارامی تۆم تاقی دەکردەوە و بزانم تا چەند ئارامیم لەسەر دەگری؟
من بەشێوەیەکی نارێک لەگەڵ تۆ رەفتارم کرد ، دەزانم ئەو کاتە چۆن بیرت دەکردەوە ..!
منیش گووتم : لەوانەیە نەزانی بیرم لە چی دەکردەوە ، و گرنگیش نییە بزانی چۆن بیرم دەکردەوە .
ئافرەتەکە گووتی : باشە ، دواتر پێت دەڵێم ، بەڵام ئێستا مێشکم سەرقاڵە بەوەی چۆن قەرزەکەت بدەمەوە .
منیش گووتم : کارەکە ئەوەندە ناھێنێت و خۆتی پێ سەرقاڵ مەکە
ئەویش گووتی : شتێکم ھەیە پێتی دەفرۆشم و یەک یۆرۆیەکەت دەدەمەوە ، ئایا دەیکڕی یا بەیەکێکی دیکەی بفرۆشم ؟
گووتم : دەتەوێت شتێک بکڕم بێ ئەوەی بیبینم و بزانم چییە ؟
ئافرەتەکە گووتی : ئەو داناییەکە (پەندێکە) ، یەک یۆرۆم پێبدە و منیش داناییەکەت پێ دەفرۆشم .
گووتم : ئایا ئەگەر سەرنجی رانەکێشام یەک یۆرۆیەکەم پێ دەدەیتەوە ؟
ئافرەتەکە گووتی : نەخێر ، چونکە قسە دوای ئەوەی گوێت لێبوو ناتوانم لێتی وەربگرمەوە ، ھەروەھا من پێویستیم بەم یۆرۆیە ھەیە بۆ ئەوەی قەرزەکەتی پێبدەمەوە .
منیش یەک یۆرۆم لە گیرفانی خۆم دەرھێنا و خستمە نێو دەستی و لەوکاتەش سەیری رووخساریم دەکرد .
چاوەکانی دەبریسکانەوە وەک چاوی کچێکی گەنج و لووتەکانی نوک تیژ بوون و و لەنێو چاوەکانی زیرەکیەکی رێوییانەت بەدی دەکرد .
شێوەی ئافرەتەکە بە شێوەی ئافرەتێکی تێگەیشتوو و خوێندەوار دەچوو ، بەڵام من ھەرگیز ئەو پرسیارەم لێ نەکرد .
چونکە لەناخەوە دەمزانی خۆی بۆم باس دەکات و گەشتەکەمان تازە لەسەرەتایەتی .
ئافرەتەکە پارەکەی لەنێو دەستەکانۆ نوقاند ، ئەوەندە پێی دڵخۆش بوو وەک ئەوە وابوو منداڵێک بێت و پارەت پێی دابێت!
ئافرەتەکە گووتی : من کەسێکی خانەنشینم و مامۆستای فەلسەفە بووم ، لەشارەکەی خۆم ھاتم بۆ ئەوەی خواحافیزی لەیەکێک لەھاوڕێکانم بکەم کە بە فرۆکە گەشتی دەکرد .
ئەو بڕە پارەیەی ھەڵمگرت بوو خەرجم کرد و بەشی ئەوەم ھێشتەوە کە بەھۆیەوە بگەڕێمەوە ماڵەوە ، بەڵام لەکاتی ھاتنم بۆ وێستگەکە شوفێری تاکسیەکە تووشی حاڵەتێکی ئیحراجی کردم و و یۆریەکی زیاتر لێ وەرگرتم .
منیش گووتم لە دەرەوەی وێستگەکە چاوەڕێی پاسەکە دەکەم بۆ ئەوەی یەک یۆرۆ کەمتر بدەم ، بەڵام نەمدەزانی ئەمە قەدەغەیە!
پێم خۆشبوو بە شێوەیەکی جوان سوپاست بکەم ، دوای ئەوەی ئەو ھەڵوێستە مەردانەم لە تۆ بینی ، چونکە تۆ لە جیاتی من پارەکەت دا بێ ئەوەی من داوا بکەم ..!
بابەتەکە لێرە لایەنی ماددی نییە ، چونکە تۆ دەڵێی پارەکە شتێکی کەم بوو .
منیش پێت دەڵێم کارەکەت گەورە بوو چونکە کاری چاکەت کرد بێ بیرکردنەوە !
منیش قسەم بە ئافرەتەکە بڕی و بە پێکەنینەوە گووتم : پێشبینیم دەکرد چیرۆکی ژیانت بۆ من بگێڕیتەوە ، بەڵام کوا ئەو کەلوپەلەی من دەیکڕم لە تۆ ، کوا پەندەکە ..
ئافرەتەکە گووتی : تەنھا یەک خولەک بوەستە ...
منیش گووتم : باشە یەک خولەک چاوەڕێ دەکەم ..
ئافرەتەکە گووتی : نەخێر .. نەخێر .. چاوەڕێ مەکە ..
"تەنھا یەک خولەک " .. ئەمە پەندەکەیە ..
منیش گووتم : تێنەگەیشتم ..!!
ئافرەتەکە گووتی : لەوانەیە وا تێبگەیت من فێڵت لێدەکەم ؟
منیش گووتم : لە وانەیە !
ئافرەتەکە گووتی : ئێستا حیکمەتی (تەنھا یەک خولەکت) بۆ باس دەکەم .
نەکەی ئەم دەستەواژەیە لە بیر بکەیت ، پێش ئەوەی بڕیار بدەیت .
گەر بارودۆخێکت ھاتە پێشەوە و کاتی بڕیاربوو و پەیوەندی بە ژیانی خۆت ھەبوو ، ئەو کاتەی ساتی بڕیاردان بوو ، تەنھا یەک خولەکی دیکە بیر بکەوە ، تەنھا شەست چرکە ..!!
ئەو خولەکەی بە خۆتی دەبەخشی لەوانەیە زۆر شت بگۆرێت ، بەڵام بەمەرجێک ..
منیش گووتم : ئەو مەرجە چییە ؟
ئافرەتەکە گووتی : ئەوەی لەبارەی کێشەکە لە مێشکتە بیخەرە لایەکەوە و ھەموو بەھا مرۆڤایەتیەکان لەخۆت کۆبکەوە , بەشێوەیەکی بابەتیانە سەیری کێشەکە بکە بێ ئەوەی لایەنداری بۆ ھیچ شتێک بکەیت .. !
بۆنموونەی گەر بڕیارت دابوو تۆ خاوەن مافیت و لایەنی بەرامبەر زوڵمی لێتکردووە ، لەم خولەکە کە بیر لە بابەتەکە دەکەیتەوە بە شێوەیەکی بێ لایەنە ..
لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە لایەنی بەرامبەریشت لەوانەیە ھەندێک مافی لە کێشەکە ھەبێت و بەشێک لە ئەویش لەسەر ھەقە ، لەم کاتە لەوانەیە بڕیارەکەت بگۆڕێت ..
ئەگەر بڕیارت داوە کەسێک سزا بدەیت ، لەوانەیە لەماوەی ئەم خولەکە بیانوویەکی بۆ بدۆزیتەوە و سزای نەدەیت و لێی خۆشبیت ..!
یەک خولەک لەوانەیە وات لێبکات پاشگەزبیتەوە لە بڕیارێکی چارەنووسساز کە لەوانەیە بە درێژایی تەمەنت وات زانی بێت کە ئەمە بڕیارە دروستەکە بووە ، بەڵام لە راستیدا لەوانەیە بەکارەسات کۆتایی پێ بھاتبا .
یەک خولەک وات لێدەکات زیاتر پەیوەست بی بە لایەنی مرۆڤایەتی و زیاتر دوور بکەویتەوە خۆپەرستی خوودی خۆت .
یەک خولەک لەوانەیە تەواوی رێرەوی ژیانت و ژیانی کەسانی دیکەبگۆڕێت ، ئەگەر بەرپرسیش بیت لەوانەیە ژیانی کۆمەڵێک خەڵک بگۆڕێت .
ئایا دەزانی ئەوەی بۆم باس کردی ، تەنھا یەک خولەکی خایاند ..!!
منیش گووتم : دەزانم و بە دڵ فراوانییەوە بابەتەکەم وەرگرت لەم گرێبەستەش قازانجم کرد . و یەک یۆرۆیەکە حەڵاڵی تۆ بێت .
ئافرەتەکە دەستەکانی کردەوە و گووتی : فەرموو ئەوە یەک یۆرۆیەکە .
من ئێستا قەرزەکەت دەدەمەوە و زۆر سوپاس گوزارتم لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستەی لە شوێنی پلیت بڕینەکە لەبەرامبەر من نواندت .
ئینجا یەک یۆرۆیەکەی پێدام و بەزەردەخەنەوە سەیری کردم و منیش بە زەردەخەنەوە سەیرم کردەوە و زەردەخەنەکەم زیاتر لە یەک خولەکی خایاند .
لەم کاتەش ئافرەتەکە سەری گرتم ونێوچەوانی ماچکردم و گووتی : لەوانەیە چەند کاتژمێرێک چاوەڕێم کردبا بێ ئەوەی گرفتەکەم چارەسەر بێت ، چونکە ئەوانی دیکە نەیاندەزانی کێشەی من چییە .!
منیش ئامادە نەبووم لە یەک کەسی داوا بکەم ..!!
منیش گووتم : باشە چیم پێ دەفرۆشی ئەگە ١٠٠ یۆرۆم دابا .
بە پێکەنینەوە گووتی : دەمگووت ئەم مارەییمە و شووم پێدەکردی .
دەنگی پێکەنینمان لەنێو پاسەکە بەرز بووە ، منیش بەنواندنەوە وام نیشاندا کە دەمەوێت لە شوێنەکەم ھەستم و دوور بکەومەوە ، ئەویش دەستی گرتم و گووتی : ھاوسەرەکەم زۆر پەیوەستە بە من و مەزاجی نییە بەم زووانە بمرێت .
منیش دەمگووت : تەنھا یەک خولەک .. تەنھا یەک خولەک ..
پێشبینیم نەدەکرد کات ئاوا بە خێرایی بڕوات و بەخێرایی لە شارەکەی ئەو نزیکبووینەوە ..
پێش ئەوەی بگەینە شارەکەی ئەو ھەوڵیدا لە مۆبایلەکەی پەیوەندی بکات بۆ ئەوەی یەکێک بێت بە دوایا و لە وێستگەکە بیباتەوە .
رووی لە من کرد و گووتی : پێدەچێت مۆبایلەکەم باڵانسی تێدا نەبێت ، دەکرێت مۆبایلەکەی خۆتم پێبدەیت بۆ ئەوەی تەلەفۆنێک بکەم .
منیش مۆبایلەکەم خۆم پێدا و تەلەفۆنەکەی کرد .
دوای دابەزینی ئافرەتەکە بە چارەگە سەعاتێک دوو نامەم بۆھات !
یەکێکیان بریتی بوو لە ١٠ یۆرۆ باڵانس و نامەی دووەمیان نووسراوبوو ، یەکەی پێویستم ھەبوو لەنێو مۆبایلەکەم بەڵام من فێڵم لێکردی بۆ ئەوەی ژمارەکەت بزانم و پاداشتی چاکەکەت بدەمەوە .
گەر ئارەزووت کرد ژمارەکەی من لای خۆت بپارێزە و گەر سەردانی شارەکەمت کرد ، بزانە لێرە دایکێکی دیکەت ھەیە!
منیش بەنامەیەک وەڵامم دایەوە و نووسیم : کاتێک سەیری چاوەکانتم کرد ، نیگایەکی رێویانەم بەدی کرد ، بەڵام بوێری ئەوەم نەکرد پێت بڵێم ، ھیوادارم رۆژکار جارێکی دیکە بەیەکەوە کۆمان بکاتەوە ، زۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەو داناییەی پێت بەخشیم ، دڵنیابە من بە نرخێکی زیاتر دەیفرۆشم .
تەنھا یەک خولەک ، دیارییەکە بۆ ئێوە ، کێ لێم وەردەگرێت ، چونکە لە ئێستادا لە زەمەنێک دەژین کە چەندەھا کاتژمێری تێدا بەھەدەر دەدەین !