»  زۆنی زانیاری

کێ ئەندازیاری مزگەوتی مەککە و مەدینەی پیرۆزە

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
ھیچ رۆژێک ئەو پرسیارەت لە خۆت کردووە ؟ 
ئایا ئەو ئەندازیارە کێیە کە دیزاینی مزگەوتی مەککە و مەدینەی پیرۆزی کردووە . 
ئایا پرسیارت کردوە کێ ئەم دیزاینە جوان و سەرنج راکێشەی کردوە کە رەنگی سپی زاڵ بێت بەسەر دیمەنی مزگەوتەکە و دیزاینەکە ئاوا سەرنج راکێش و جوان بێت. 

ئەو ئەندازیارەی ئەم دیزاینەی کردوە لە لای زۆربەی موسڵمانان نەناسراوە و کەمتر حەزی بە دەرکەوتن کردوە، ئەم ئەندازیارە ناوی دکتۆر (محمد کمال اسماعیل) ە .

چەند لایەنێک لە ژیانی :
ناو : محمد کمال اسماعیل ە، بە رەگەز میسرییە . 
یەکەم ئەندازیارە کە سەرپەرشتی دیزاین کردن و فراوان کردنی مزگەوتی مەککەی پیرۆزی کردبێت کە لەماوەی ١٤ سەدەی رابردوو بە باشترین و جوانترین شێوە ئەنجامدراوە.

ئەم کارەی بێ بەرامبەر کردوە، واتا دیزاین کردن و سەرپەرشتی کردنی کارەکەی بە خۆرایی کردوە و کاتێک گروپی کۆمپانیای بن لادن و حکومەتی سعودیە ملیۆنەھا ریال یان خستە بەردەستی . 
ئەندازیار محمد گووتی : پارە لە کارێک وەربگرم کە بۆ مزگەوتی مەککەی پیرۆزی بکەم، دواتر بە چ رووێک سەیری خوای گەورە بکەم .

ھاوسەردەمی ھەموو پاشاکانی حکومەتی سعودییە بووە، واتا لەسەر دەمی مەلیک عەبدولعەزیز تا سەردەمی سەلمان پاشا.

لەکارەکانی دیزاین و سەرپەرشتی زۆر ووردبین بوو و بەھیچ شێوەیەک موجامەلەی کەسی نەدەکرد، ھەتا خودی پاشاکانی سعودییە تێکەڵاوی کارەکانی نەدەبوون و رێزێکی زۆریان لێدەگرت.

لە تەمەنی ٤٤ ساڵی ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوە و تەنھا یەک کوڕی ھەبووە، دواتر خێزانەکەی جێی ھێشتووە و بەتەنیا ماوەتەوە و خۆی تەرخان کردوە بۆ خوا پەرستی.
 
تەمەنی لە ١٠٠ ساڵ تێپەڕی و کۆچی دوایی کرد و ھەموو ژیانی تەرخان کردبوو بۆ خزمەت کردنی مزگەوتی مەککەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەربێت) لە شاری مەدینە . 
کەسایەتیەکەی بەجۆرێک بوو کە دوور بوو لە خۆ دەرخستن و زۆر بەکەمی لە راگەیاندنەکان دەردەکەوت .

ئەم پیاوە بەڕێزە چیرۆکێکی سەیری لەگەڵ مەڕمەڕی مزگەوتەکە ھەیە، چونکە ئەندازیارەکە دەیوویست مەڕمەرێکی سپی لە زەوی مزگەوتەکە بدات بۆ ئەوەی ئەم گەرمییە بمژێت و ئەو جۆرە مەڕمەرەش لە چیایەک ھەبوو کە لە چیاکانی یۆنان ھەبووە.

چیڕۆکی کڕینی مەڕمەڕی مزگەوتی مەککە و مەدینەی پیرۆز :
ئەندازیار محمد بۆ ھێنانی ئەم مەڕمەڕە رووی لە یۆنان کرد بۆ ئەی مەڕمەڕەکە بھێنێت و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت کرد بۆ ئەوەی مەڕمەڕەکە بھێنێتە سعودییە. 
کاتێک دەگەڕێتەوە مەڕمەرەکە لە زەوی مزگەوت دەدات، بەڵام دوای ١٥ ساڵ بەرپرسانی وڵاتی سعودییە داوا لە ئەندازیار محمد دەکەن کە جارێکی دیکە مزگەوتی مەککەی پیرۆز فراوانتر بکەن و پێویستە ھەمان مەڕمەڕ بۆ ئەم مەبەستە بەکار بھێنێت. 
ئەندازیار محمد دەڵێت : کاتێک ئەو داوایەم لێکرا چونکە ئەو جۆرە مەڕمەڕە تەنھا لە شوێنێکی چیای یۆنان ھەیە و رێژەیەکی زۆر کەم بووە و لەوانەیە نەمابێت. 
ئەندازیار محمد دەڵێت : جارێکی دیکە گەشتم کرد بۆ یۆنان بۆ ئەوەی ھەمان مەڕمەڕ بھێنم و چوومە کۆمپانیایەکە پێشوو کە مەڕمەرەکەم لێ کڕی بوون و داوای ھەندێکی دیکەم کرد. 
بەڵام لە کۆمپانیا پێیان گووتم : ئەم جۆرە مەڕمەڕە نەماوە و دوای تۆ کەسێکی تر کڕیوویەتی و لەئێستاشدا ئەم مەڕمەڕە دەست ناکەوێت.
ئەندازیار محمد دەڵێت: بەم قسانە دڵم زۆر تەنگە و قاوەکەشم نەخواردەوە و کۆمپانیام جێھێشت و پلیتی فرۆکەم وەرگرت بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سعودییە .

بەڵام پێش ئەوەی لە کۆمپانیا بێمە دەرەوە چوومە لای سکرتێرەکە و و پێم گووت : کێ بڕە مەڕمەرەکەی دیکەی کڕی . 
سکرتێرەکەش گووتی : ئەم بابەتە ساڵانێکی زۆری بەسەر رۆیشتووە و ئەستەمە بتوانین ئەو کەسە بدۆزینەوە کە مەڕمەرەکەی دیکەی کڕیووە. 
منیش گووتم : من رۆژێکی دیکە لە یۆنان دەمێنمەوە و ئەگەر ھەر زانیارییەکتان دەست کەوت ئەمە ژمارەی تەلەفۆنی ھوتێلەکەمە، بەخەمباری کۆمپانیام بەجێ ھێشت .

دوای ئەوەی کۆمپانیام جێھێشت لە خۆم پرسی بۆچی دەتەوێ بزانی کێ کڕیوویەتی ؟ بەڵام نەمدەزانی بۆچی ئەم کارە دەکەم بەڵام ئومێدێکم لە دڵدا ھەبوو . 
ئەندازیار محمد دەڵێت : بۆ بەیانی بە چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی گەشت بکەم، لە کۆمپانیا تەلەفۆنیان بۆ کردم و گووتیان وەرە کۆمپانیا، چونکە ناونیشانی ئەو کەسەمان دۆزییەوە کە مەڕمەڕەکەی کڕیووە. 
منیش رووم کردە کۆمپانیا و لە رێگاش بەخۆم دەگووت باشە چی لە ناونیشانی ئەو کەسە بکەم کە مەڕمەڕەکەی کڕیووە. 
کاتێک چوومە کۆمپانیا و ناونیشانی ئەو کەسەیان پێدام کە مەڕمەڕەکەی کڕیووە، سەرم سوڕما کە بینیم ئەو کەسەی مەڕمەڕەکەی کڕیووە ھاوڵاتیەکی سعودییە. 

راستەوخۆ رووم لە فرۆکەخانە کرد و گەڕامەوە سعودییە و رووم لەو کۆمپانیایە کرد کە مەڕمەڕەکەی کڕیووە و چوومە لای خاوەنی کۆمپانیایەکە و پێم گووت ئەو مەڕمەڕەی لە یۆنان کڕیتان چیتان لێکردوەە. 
ئەویش گووتی : بەراستی نازانم، بەڵام با تەلەفۆن بۆ کۆگا بکەم بۆ ئەوەی بزانم ئەم مەڕمەڕە یۆنانیەیان چی لێکردووە . 
لە کۆگا گووتیان : تەواوی ئەو مەڕمەڕەی چەند ساڵێک پێش ئێستا لە یۆنان کڕیوومانە وا لە کۆگا ماوە و دەستی لێنەدراوە .

ئەندازیار محمد دەڵێت: کاتێک گوێم لەم قسەیە بوو وەک منداڵ دەستم بە گریان کرد و خاوەنی کۆمپانیایەکە گووتی بۆ چی دەگری. 
منیش تەواوی چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە و پێم گووت : ئەوە چەکێکی پارە چەندت دەوێ بینووسە و ئەو مەڕمەڕەمان پێبدە بۆ ئەوەی لە زەوی مزگەوتی مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) لەمەدینە بیدەین.

خاوەنی کۆمپانیایەکە گووتی : واللە ی شتێک بۆ مزگەوتی مەککەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەرمان(درودی خوای لەسەر بێت) بێت یەک درھەمی لەسەر وەرناگرم . 
چونکە ئەم کارە لە خۆڕا نییە، بەڵکو خوای گەورە ئەمەی لە بیر بردوومەتەوە و وای لێکردم بیکڕم بۆ ئەوەی ئەو رۆژە بێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە فراوان کردنی ئەو مزگەوتە بەکار بێتەوە.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
9275بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Jul 31 2021 11:15AM