ھۆکار زۆر ھەن کە وا دەکەن منداڵ عیناد بێت و بەم شێوەیە رەفتار بکات، لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ئەو ھۆکارانەی وا دەکات منداڵ عیناد بێت و ھەوڵبدەین لەم رەفتارانە دوور بکەوینەوە.
• پشتگوێخستن: ھەرکاتێک دایکان و باوکان منداڵەکانیان پشتگوێ خست ئەوا پەیتا پەیتا منداڵەکە رەفتاری پێچەوانە نیشان دەدات و زیاتر مکوڕ دەبێت لەسەر ئەو کارانەی دەیکات، ئەمەش کاریگەی خراپی لەسەر شێوازی پەروەردەکردنەکەی دەبێت.
• بێ بەشکردن : ئەگەر منداڵ بێ بەش کرا لەو شتانەی ئارەزووی لێدەکات یا پێویستی پێیەتی ئەوا رەنگدانەوەی پێچەوانە نیشان دەدات، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەکە بێ بەش بوو لە سۆزی دایکایەتی و خۆشەویستی باوکی، لەم حاڵەتانەش منداڵەکە پەنا دەباتە بەر رەفتاری عینادی بۆ ئەوەی ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بھێنێت.
• پێداویستیە زەرووریەکان : ھەندێک پێداویستی ھەیە کە منداڵ دەبێت ھەیبێت ئەگەر نا رەفتارەکانی دەگوڕێت وەک پێویستی بە خواردن کە ئەرکە لەسەر باوانی بۆی دابین بکەن.
• توندوتیژی دایک و باوک : ھەندێک دایک و باوک ھەیە زۆر بەتوندی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و ھەندێک جار ناچاریان دەکەن ھەندێک کار بکەن کە ئارەزووی پێناکەن لەبەرە ئەمە منداڵەکە کاردانەوەی پێچەوانەی دەبێت و عینادی دەکات تا کارەکە نەکات.
• پەروەردەی خراپ : منداڵ زۆربەی شتەکان لە باوانی فێر دەبێت و بەتایبەتی شێوازی مامەڵەکردن لەکاتی کێشەکان و ھەندێک جار باوانی منداڵەکە دەزانن رەفتاریان ھەڵەیە بەڵام مکوڕ دەبن لەسەری ئەمەش وا دەکات منداڵەکان ھەمان رێچکەی باوانیان بگرن.
• پەنابردنە بەر گریانی بەردەوام : ھەندێک منداڵ ھەیە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بەدەست بھێنێت ئەوا پەنا دەباتە بەر گریان و دەیەوێت لەرێگەی ئەم رەفتارە ئامانجەکانی بھێنێتە دی.
• تەنگەژەی دەروونی : ھەندێک منداڵ ھەیە کێشەی دەروونیان ھەیە و ئەمەش وایان لێدەکات رەفتاری عینادی بنوێنن و دەیانەوێت لە رێگەی ئەمەوە مەرامەکانیان بەدەست بھێنن.
• نەخۆشی بەردەوام : ئەو منداڵانەی زوو زوو نەخۆش دەکەون، زیاتر عینادتر دەبن چونکە دەیانەوێت لەرێگەی ھەندێک رەفتارەوە باوانیان ناچار بکەن گوێڕایەلیان بن.
• لە دایک بوونی منداڵێکی نوێ : ھەر کاتێک منداڵێکی نوێ لەنێو خێزان لە دایک دەبێت ئەوا ھەموو سەرنج و خۆشەویستیەکە بۆ ئەو دەبێت، لەبەر ئەمە منداڵە گەورەکە پەنا دەباتە بەر رەفتاری سەیر بۆ ئەوەی مەرامەکانی بەدەست بھێنێت و لەرێگەی ئەم شێوازە دەیەوێت سەرنجی باوانی بۆ خۆی رابکێشێت.