»  هاوسەران

مافی ئافرەت لەسەر پیاوەکەی چییە ؟!

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
پرۆسەی ھاوسەرگیری پرۆسەیەکی پیرۆزە و سەرەتایەک بۆ بونیات نانی خێزان و بەردەوامی بوونی کۆمەڵگە و پارێزگاری کردن لە نەوەی داھاتوو بە شێوەیەکی شەرعی و دوورکەوتنەوەی مرۆڤە لە سەرپێچی، لەگەڵ ئەوەش پیاو ھەندێک مافی دەکەوێتە سەر لەبەرامبەر خێزانەکەی، لێرەدا بە کورتی ھەندێک لەم مافانە دەخەینە روو :

١.مارەیی :
یەکێکە لە مافەکانی ئافرەت لەسەر پیاو و نابێت زۆری لێ بکرێت ئەم بڕە پارەیە بۆ کاری دیکە بەکار بھێنێت مەگەر بەرەزامەندی خۆی نەبێت .

٢.ئارم گرتن و لێبوردەیی : 
پێویستە لەسەر پیاو ئارام گر و ھێمن بێت لە مامەڵە کردن لەگەڵ خێزانەکەی و چاوپۆشی لە ھەڵە بچووکەکانی بکات، ھەروەھا ناکرێت  زۆری لێ بکرێت داب و نەریتەکانی خۆی بە یەکجاری بگۆڕێت تەنھا بۆ ئەوەی ھاوسەرەکەی لە خۆی رازی بکات، بەلکو کارەکان دەبێت بە پرس و رابێت .

٣. فێری کاروباری ئاین بکرێت : 
یەکێکە لە مافەکانی ئافرەت لەسەر پیاوەکەی ئەوەیە فێری کاروباری ئاینەکەی خۆی بکات و رێگەی بدات لەو وانانە ئامادە بێت کە سوودی بۆ خێزان و ئاینەکەی بێت و خۆی رۆشنبیر بکات بۆ ئەوەی لە مافەکانی خۆی لە ئاین تێبگات .

٤. ئازار نەدانی بەھیچ شێوەیەک : 
نابێت پیاو پەنا ببات بۆ لێدان یان سوکایەتی کردن بە خێزانەکەی، بەڵکو بەپێچەوانە دەبێت رێزی لێ بگرێت و خۆشی بووێت و پارێزگاری لە شکۆمەندی ئەو ئافرەتە بکات .

٥. وەفادار بێت بۆی : 
نابێت پیاو ناپاکی لە ھاوسەرەکەی بکات و دەبێت بۆی بەوەفا بێت چ ئەو کاتەی لەگەڵیەتی یان ھەتا ئەو کاتەی لێشی جیا دەبێتەوە و پارێزگاری لە نھێنیەکان بکات و نابێت لای خەڵک باسی کەموکورییەکانی بکات .

٦. مامەڵەی باش : 
پێویستە لەسەر پیاو مامەڵەیەکی باشو تەندروست لەگەڵ خێزانەکەی بکات ئەمەش لەرێگەی قسەکردن و مامەڵە کردنی رۆژانە و گاڵتەکردن لەگەڵی بۆ ئەوەی خێزانەکەی ئاسوودە بێت و ھەروەھا دوورخستنەوەی لە ناخۆشی و ئازار پێگەیاندن .

٧. مافی خەرجی : 
لەسەر پیاو پێویستە بە پێی توانای دارایی خۆی ژیانێکی شایستە بۆ ھاوژینەکەی دابین بکات لەرێگەی دابین کردنی شوێنێکی نیشتەجێبوونی گونجاو و خواردنی باش و جلوبەرگی رێک و پێک و ھەروەھا دابین کردنی برَێک پارە بۆی بۆ ئەوەی خەرجی رۆژانەی ماڵەوە ی پێبکات .   


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
7327بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - Jun 25 2022 12:12PM