»  هاوسەران

ببە بە باشترین هاوژین

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
بەشێوەیەکی گشتی خانمان ئارەزوو دەکەن ، ھاوژینێکی نموونەیی بن بۆ ھاوسەرەکانیان و ھەوڵێکی تەواویش دەدەن بۆ ئەوەی خێزانێکی بەختەوەر پێک بھێنن و پارێزگاری لێبکەن ، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە وا ئاسان نییە ، بەڵام ئەستەمیش نییە ، دەکرێت بە پابەندبوون بەم رێنماییانە ھاوژینێکی نموونەیی بێت و کەمترین کێشەت ھەبێت . 
١.واز لەو بیرکردنەوە بێنە کە ژیانی ھاوسەرگیری بێ کێشەیە : 
پێویستە خانمان باش بزانن کە ھەموو خێزانێک بە ئەندازەی خۆی کێشەی ھەیە ، ئەوەی لە دراماکان دەیبینی و یا لە چیرۆکەکان دەیخوێنیەوە ، زۆربەی خەیاڵیە و کەمی واقیعی ژیان نیشان دەدات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کێشە ھەیە دەکرێـت بە گوێگرتن لە یەکتری و خۆشەویستی و رێزگرتن زاڵ بن بەسەر گرفتەکە. 

٢. واز لەوە بێنە بە شێوەیەکی نموونەیی خۆت نیشان بدەیت : 
پێویستە لەسەر خانمان واز لەوە بێنن خۆیان وەک کەسێکی نموونەیی نیشان بدەن و ھیچ گرفتێکیان نییە ، وەک ئەوەی بەردەوام کێشی خۆی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە بەدەرکەوێت ، یاخود بەردەوام ماکیاژ بکات بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە بەدەرکەوێت ، ئەمەش وا دەکات بەردەوام لە دودڵی بژیت ، زۆر ئاساییە مرۆڤ ماندوو وبێت و ھەندێک جاریش زۆر جوان و رێکپۆش نەبێت ، چونکە ئەمە ژیانی راستەقینەیە. 

٣. ھەست کردن بە بەختەوەری : 
پەندێک ھەیە دەڵێت (ئەگەر خانمی ماڵ بەختەوەر بوو ، واتا خێزان بەختەوەرە) چونکە گەر خانمی ماڵ بەختەوەر بوو ئەوا ھەمووان لەگەڵ خۆی بەختەوەر دەکات و بەختەوەری باڵی بەسەر ماڵەوە دەکێشێت، بە پێچەوانەوەش ئەگەر بەردەوام دودڵ بوو و ترسی ھەبوو ئەوا ژیانی ھەمو خێزانەکە قورستر دەبێت ، لەبەر ئەمە بۆ  ئەوەی خێزانەکەت بەختەوەر بێت ، پێویستە تۆ بەختەوەر بی. 

٤. گرنگیدان بە وردەکارییەکان : 
خانمی نموونەیی گرنگی بەھەموو وردەکارییەکانی خێزانەکەی دەدات ، جا بچووک بێت یا گەورە بەم شێوەیەش ئاگاداری ھەموو شتەکان دەبێت . 

٥. بەخشینی خۆشەویستی : 
خانمی نموونەیی خۆشەویستی بە تەواوی ئەندامانی خانەوادەکەی دەبەخشێت ، ئەم خۆشەویستیەش بە قسە و بەکردار دەبێت ، چونکە ھەموو ئەندامانی خێزان پێویستیان بەم خۆشەویستیە ھەیە . 

٦. پشوودان : 
بەوپێیەی خانمی ماڵەوە پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەرە ، چونکە ھەندێک جار لە ماڵەوە و دەرەوە کاری ھەیە ئەمەش وا دەکات ماندووتر بێت و ئەو کاتە نەتوانێت ئەرکەکانی بە باشترین شێوە ئەنجامبدات ، لەبەر ئەمە پێویستی بە پشوو دەبێت و پێویستە ھەندێک کات بۆ خۆی تەرخان بکات و گرنگی بە خۆی بدات . 

٧. ئەرێنی بە و بەشداری بە ھەمووان بکە : 
یەکێک لەو خەسڵەتانەی وا دەکات ئافرەت نموونەیی بێت ، ئەوەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی بیر بکاتەوە و ھەمووان بەشداری پێبکات لە خۆشەویستی و بەختەوەری . 

٨. سوپاسگوزار بە : 
پێویستە ماوە نا ماوە وەک خانمی ماڵەوە سوپاسی پیاوەکەت بکەیت ، بەھۆی ئەو قوربانیەی ھاوسەرەکەت لە دەرەوە پێشکەشی دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی بەختەوەرانەتان بۆ دابین بکات .

٩. کات لەگەڵ یەکتری بەسەر ببەن : 
باشترین بەختەوەری خانمی ماڵەوە و ھاوسەرەکەی پێشکەشی خێزانەکەیان بکەن ، کات لەگەڵ یەکتری بەسەر ببەن، و قسە و گفتوگۆیان ھەبێت لە بابەتەکان و ھەندێک یاری لەگەڵ یەکتری بکەن . 

١٠. ھەستەکانی خۆت بە ھاوسەرەکەت بڵێ : 
خانمی نموونەیی بەشێوەیەک رەفتار دەکات کە متمانەی تەواو بە پیاوەکەی دەدات و ھەموو ھەستەکانی خۆی لەلا دەردەبڕێت ، ھەروەھا پێداویستیەکانی خۆی بە ھاوسەرەکەی دەڵێت و متمانەیەکی بە تین لە نێوان ھەردوو لا دروست دەبێت . 
سەرچاوە | الموضوع 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
438بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Aug 27 2023 10:13PM