»  کورتەچیرۆک

باوک کێیە؟

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لە یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییەکانی کچان بەرپرسانی قوتابخانە داوایان لە کچەکان کرد باوکیان بانگھێشت بکەن بۆ بەشداری کردن لە ئاھەنگی دەرچوونی کۆتایی ساڵ . 
یەکێکە لە کچەکان باوکی پاککەرەوەی شەقامەکان بوو لە شارەوانی . 
ھەندێک لە کچەکانی ھاوپۆلی گاڵتەیان پێدەکرد ، چونکە باوکی ئەو کارەی دەکرد . 
پێیان دەگووت چۆن باوکت دێتە ئاھەنگی ئاوا کە پڕیەتی لە ئەندازیار و دکتۆر ....... 
کچەکان بە بە کچەکەیان دەگووت کچی (کەناس) (لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە بە پیاوی پاککەرەوەی شەقام دەگوترێت (کەناس)). 
کێشەکە لەوەدا بوو کچەکانی دیکە بەردەوام گاڵتەیان بەم کچە دەکرد . 
کچی کەناسەکە ھات ...
کچە کەناسەک رۆیشت .. 
یا دەیانگووت .. ھا کچی کەناس چۆنی .. 
ھەندێک زبڵ لێرە ھەیە ، تەلەفۆن بۆ باوکت بکە با بێت خاوێنی بکاتەوە . 
زۆربەی جارەکانیش گاڵتەیەکی زۆریان پێدەکرد ... 
بەڵام کچەکە لەبەرامبەر ئەو بێ رێزییە ھەرگیز وەڵامێکی نارێکی نەدەدانەوە ... 
لە رۆژی ئاھەنگەکە ھەمووان ئامادەبوون و لەنێوشیاندا باوکی کچەکە . 
بە جلی کارکردنەوە ھاتبوو .. 
پشتی کوڕ ببووە بە ھۆی زۆر کارکردنەوە و توانای نەمابوو پشتی خۆی بە تەواوەتی راست بکاتەوە . 
بەڵام لەگەڵ ئەوەش سەربەرز بوو بەوەی لە ئاھەنگی کچەکەی ئامادەیە . 
ھەمووان بە چاوێکی دیکە سەیریان دەکرد ، بەڵام ئەو بەچاوی خۆشەویستی و سەربەرزی تەنھا سەرنجی لەسەر کچەکەی خۆی بوو . 
ئینجا بەڕێوەبەری قوتابخانە داوای لە کچەکان کرد گەر وتارێکیان ھەیە ، دەیانەوێت پێشکەشی بکەن لەو رۆژە دەتوانن بەشداری بکەن . 
ھیچ کام لەکچەکان نەچوونە پێش ، تەنھا ئەو کچە نەبێت .. 
گووتی : من وتەیەکم ھەیە لەسەر خۆشەویستی باوک . 
ھەندێک لە کچەکان توانجیان لێدەدا و دەیانگووت : ئینجا باوکت چی تیایە تا خۆشت بووێت . 
بەڵام کچەکە ئاوڕی لێنەدانەوە و دەستی کرد بە خوێندنەوەی بابەتەکەی . 
ئینجا گووتی : بۆ باوکم ... ئەم سەرکەوتنەت پێشکەش بێت . 
کچەکە سەرنجی خستبووە سەر باوکی و ھەموو ھێزی دونیای لە ئەوەوە دەبینی و ئینجا بەردەوام بوو و گووتی ... 
لێم دەپرسن بۆچی باوکتت خۆش دەوێت ؟ 
چیم لە ئەو دۆزیتەوە تا خۆشم بووێ ؟ 
ئایا ئەمە پرسیارە ؟ 
ئایا باوکمم خۆش نەوێت ؟ 
باوکم شەو و رۆژ لێکدەدات بۆ ئەوەی ژیانێکی شەرفمەندانە بۆمن و خانەوادەکەم دابین بکات .. 
باوکم پشتی خۆی چەماندەوە لە ژیان بۆ ئەوەی ئێمە برسی و تێنوو نەبین . 
باوکم ئەو کەسەیە بە بینینی پێلاوەکانی لە بەردەگای ماڵەوە ھەست بە ئارامی دەکەین . 
ئایا نازانن بۆنی باوکم کاتێک لە کارەکەی دەگەڕێتەوە ، باوەشمان پێدا دەکات لە ھەموو بۆنی دونیا خۆشترە . 
ئایا نازانن دوایین شت شەوان بیبینین پێش ئەوەی بخەوین ، رووخسار باوکمانە .. 
ھەموو شەو دوایین کەسە دێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لەوەی بە ئارامی دەخەوین .. 
کاتێک بچووک بووین زۆر ئەزیەتمان دەدا .. 
داوای زۆر شتی بێ مانامان لێدەکرد ... 
بەڵام ھەرگیز بۆ جارێکیش دڵتەنگ نەبوو و ھەردەم دەیگووت : بەسەرچاو ئازیزەکانم . 
باوکم بەرگەی گەرما ھاوین و سەرمای زستانی گرت .. 
بۆ ئەوەی باشترین ژیان بۆ ئێمە دابین بکات .. 
کاتێک لەکارەکەی دەگەڕایەوە ماندووبوونی خۆی دەشارەدەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە یاری بکات . 
ھەردەم دەیگووت : ھەموو ماندووبوونم بە یاریکردن لەگەڵ ئێوە دەحەسێتەوە . 
ھەرگیز نەیگووت : دوور کەونەوە من ماندووم ..!! 
ھیچ خواردنێکی نەدەخوارد تا ئێمە نەمانخواردبا . 
نەدەخەوت .. تا ئێمە نەدەخەوتین .. 
بە ھەموو نوکتەکانمان پێدەکەنی .. 
گوێی لە ھەموو سکاڵاکانمان دەگرت .. 
لەگەڵ ھەر ئازارێکمان خێرا رایدەکرد بۆ لامان .. 
چاوپۆشی لە ھەندێک لە ھەڵەکانمان دەکرد .. 
ھەردەم ئامۆژگاری باشی دەکردین . 
ھەرکاتێک نەخۆش دەکەوتین ، ھاوشانی دایکم شەونخونی بە دیارمانەوە دەکرد . 
رێگە نەدەدا بە دڵشکاوی بیبینین ... 
ھەموو ھێزی ژیانمان لە ئەوە وەردەگرت .. 
ئێوە تەنھا سەیری رووخساری دەرەوەی ئەم پیاوە دەکەن ..!! 
بەڵام ھەرگیز سەیری ناخی ئەو پاڵەوانەتان نەکردووە .. 
ئێوا نازانن جوانی باوکایەتی چییە .... !!
لەبەر ئەم شتانە بە شانازییەوە دەڵێم .. 
باوکە گیان خۆشم دەوێی .. 
تۆ عەشق و شانازی و بەختەوەری و ئاواتی منی لەم ژیانە .. 
بەڵی خۆشم دەوێی .. و خۆشەویستی من بۆ تۆ تا رۆژی مردنە ..
تۆ پشتت چەماوە بێت یا وەستا ، لای من گرنگ نییە .. 
چۆنی ھەر بەو شێوەیە بە ، گرنگ نییە لای من خەڵک چۆن سەیرت دەکەن .. 
جێگەی تۆ لە ناو ناخی دڵمە .. 
بەم وتانە کچەکە وتارەکەی تەواو کرد .. 
ئامادەبوان سەرسام بوون بەقسەکانی و دەستیان بە گریان کرد . 
کچەکانیش رایانکردە لای کەسوکاریان و لە باوەشیان گرتن . 
دواتر باوکی کچەکە وەک کەسایەتی ساڵی قوتابخانەکە دەست نیشانکرا .. 
ئێستا زانیتان بۆچی باوکەکان خۆشەویستن .. 
خودای گەورە ئەو باوکانەی نەماون بەبەھەشتی بەرینیان شاد بکات ، و ئەوانەش لە ژیاندا ماون بەختەوەر و سەربەرز بن. 
 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2879بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Oct 11 2023 9:56PM