قورئانی پیرۆز کە لە ١١٤ سورەت پێکھاتووە زۆربەی ھەرە زۆری لە ھەردوو شاری مەککە و مەدینە دابەزیووە لەبەر ئەمە زانایانی ئیسلام ئەم سورەتانەیان دابەش کردوە بۆ سورەتی مەککەیی و سورەتی مەدینەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەریەک لەو سورەتانە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و دەکرێت لێک جیا بکرێنەوە، لەم بابەتە بە کورتی ھەندێک لە خەسڵەتەکانی ئەو دوو جۆرە سورەتانەتان پێ دەناسێنین ھیواداراین سوودی لێ ببینن.
خەسڵەتەکانی سورەتی مەککەیی :
• ئەو سوڕەتانەی لە شاری مەککە دابەزیوون دەستەواژەی (کلا) تێدایە وبەمەش دەبێتە سورەتی مەککەیی، زۆرینەی ئەو سورەتانەش لە بەشی نیوەی کۆتایی قورئانن.
• ھەر سوڕەتێک کە خودای گەورە تێیدا فەرموویەتی (یا ایھا الناس) و خودای گەورە تێیدا نەیفەرمووە (یا ایھا الذین امنو)، ئەوا سورەتی مەککەییە، تەنھا سورەتی حەج نەبێت کە خودای گەورە تێیدا فەرمووە (ێا ایها الذين امنو ارکعوا و اسجدوا) و زۆرینەی زانایان ئەم سوڕەتە بە سورەتی مەککەیی دادەنێنن.
• ھەموو ئەو سوڕەتانەی کە باس لە چیرۆکی پێغەمبەران دەکات و باس لە نەتەوە و میللەتانی پێشووتر دەکات، ئەوا سوڕەتی مەککەییە تەنھا سوڕەتی البقرە نەبێت.
• ھەر سوڕەتێک باسی چیرۆکی پێغەمبەر ئادەم(علیه السلام ) و ئیبلیس بکات ئەوا سوڕەتێکی مەککەییە، تەنھا سوڕتی البقرە نەبێت .
• ئەو سوڕەتانە کە بە پیتەکان دەستی پێکردوە وەک (الم) و (الر) و ئەوانی دیکەش ئەوا سوڕەتی مەککەیین، تەنھا سوڕەتی البقرە و سوڕەتی ال عمران نەبێت.
ھەروەھا تایبەتمەندییەکانی سوڕەتی مەککەیی بریتی بوو لە داوا کردن بۆ یەکخواپەرستی و ھاوبەشی نەکردن(شرک) بۆ اللە لە پەرستن، چونکە تاکە خودایە کە شایەنی پەرستنە، ھەروەھا لە سورەتە مەککەییەکان باس لە رۆژی دوایی و پاداشت و سزای ئەو رۆژە دەکات و باس لە دۆزەخ و سزاکانی کراوە لەگەڵ باسی بەھەشت و نیعمەتەکانی، ھەروەھا یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە دەستەواژەکانی کورتن و وشەکانی بەھێزن.
خەسڵەتەکانی سورەتەکانی مەدینە :
ئەو سوڕەتانەی لە شاری مەدینە دابەزین ھاوشێوەی سوڕەتەکانی مەککە چەند خاسیەتێکی تایبەتیان ھەبوو کە زانایان ئەو سوڕەتانەیان پێ جیاکردووتەوە وەک :
• لە سوڕەتەکانی مەدینە باس لە سروتە ئاینیەکان دەکرێت وەک پەرستن و مامەڵەکردن و سنوور دانان لە ئیسلام و سیستەمی خێزان و میرات و خێری تێکۆشان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە کاتی شەڕ و ئاشتی و و بنەماکانی حوکم کردن و چەند بابەتێکی تری شەرعی ..ھتد.
• لە سوڕەتەکانی مەدینە ئاڕاستەیەک بۆ دواندنی (موخاتەبە)ی ئەھلی کتاب وەک جولەکە و فەلەکان(مەسیحیەکان) و بانگیان دەکات بۆ ناو ئاینی ئیسلام و ھەروەھا باسی ئەو کەسانە دەکات کە لە ئەھلی کتابن و دەستکاری کتێبە ئاسمانیەکانیان کردووە.
• لە سوڕەتەکانی مەدینە زۆر باسی دوو رووەکان(مونافق) دەکات و رەفتاریان ئاشکرا دەکات و دەروونیان شی دەکاتەوە و نھێنیەکانیان ھەڵدەماڵێت و باسی مەترسی ئەو جۆرە کەسانە دەکات لەسەر ئاینی ئیسلام.
• یەکێکی جیکە لە خەسڵەتەکانی سوڕەتەکانی مەدینە درێژی ئایەتەکانیەتی و ھەروەھا درێژی بڕگەکانی لە باسکردنی شەریعەت و دیاریکردنی ئامانجەکان.
سەرچاوە | الموضوع