ب
بەختەوەری وشەیەکە زۆرینەی مرۆڤەکان بە دوای ویڵن، سەرچاوەیەکی دیاریکراوی بەختەوەری نییە ، ھەندێک مرۆڤ بەختەوەری بە لایەنی ماددی دەبەستنەوە و پێیانوایە ئەگەر باری داراییت باشتر بوو ئەوا بەختەوەرتر دەبیت ، بەڵام بەشێکی زۆری مرۆڤەکان بەختەوەری لە دەرەوەی ماددەوە دەبیننەوە و پەیوەستی دەکەن بەلایەنی دەروونی مرۆڤ و ئاسوودەیی لە ژیان و ویژدانێکی ئارام ، لەبەر ئەمانە ناکرێت بەختەوەری پێناسەیەکی دیاریکراوی ھەبێت ، چونکە زیاتر گرێدراوە بە ھەستی مرۆڤەکان جا چ گەورە بێت یا بچووک ، دەوڵەمەندبێت یا ھەژار .
لەگەڵ ئەمەش پێویستە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری رەچاوی ھەندێک یاسا بکەین ..
یاساکانی بەختەوەری
١.ناتوانی ھەمووان دڵخۆش بکەیت :
پێویستە ئەم یاسایە لە ژیانی خۆت پەیڕەو بکەیت ،ئەویش تۆ بەرپرس نی لە دڵخۆش کردنی ھەموو خەڵکی و ئەم کارەشت پێ ئەنجام نادرێت ، بەڵام دەکرێت ھاوکار بی لە بەختەوەر کردنی کەسانی دەوروبەری خۆت .
٢.بەشی پێویستی خۆت بخەوە :
نووستن ئارامی بە جەستە دەبەخشێت و وزەری پێبدەخشێتەوە ، لەبەر ئەمە بۆ ئەوەی جەستەیەکی تەندروست ھەبێت و ھەست بە دڵخۆشی بکەیت لە کارەکانت ، بەشی پێویستی خۆت بخەوە .
٣. پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکی :
تۆ بەرپرسی یەکەمی لە دیاریکردنی شێوازی پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکی دیکە، ئەگەر ھەستت کرد کەسانێک ھەن ژیانت ناخۆش دەکەن ، بیکە یاسایەکی تایبەت ئەوانە لە خۆت دوور بخەوە چونکە لە سەر ئێشە زیاتر ھیچی دیکەیان لێ بەدەست ناھێنی ، بەڵام لەلایەکی دیکەش ئەگەر ھەستت کرد کەسانی باش ھەن ئەوا پەیوەندییت لەگەڵیان پتەو بکە .
٤. کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەی :
ئەم دەستەواژەیە وات لێدەکات ھەست بە بەختەوەری بکەیت ، چونکە ھەرگیز کارەکانت دوا ناخەیت و نابێتە مایەی نارەحەتی بۆت ، ئەگەر کارەکانی رۆژانەت دواخست ئەوا بەسەر یەکتری کەڵەکە دەبن و کێشەت بۆ زیاتر دەبێت .
٥. پەیوەندیت لەگەڵ وەرزش مەپچڕێنە :
گەر دەتەوێت بەختەوەر بیت ئەوا ھەرگیز پەیوەندیت لەگەڵ وەرزش مەپچڕێنە ، چونکە راھێنانی وەرزشی بەشێکە لە بەختەوەری مرۆڤ و ئاسوودەکردنی جەستەیی و دەروونی .
یاساکان تەنھا بریتی نین لەم چەند خاڵە ، چونکە بەختەوەری چەندین لایەنی جیاوازی ھەیە و دەکرێ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە
تۆش دەکرێت رای خۆت ھەبێت سەبارەت بەم بابەتە ..