مانگی رەمەزانی پیرۆز ھەموو خێر وبەرەکەتە و پێویستە لەسەر ئێمەی موسڵمان ھەموو کات و ساتەکانی بقۆزینەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خێرمان پێبگات ، لەگەڵ ئەوەش ھەندێک کار ھەیە پێویستە لەسەرمان ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی زۆترین خێرمان لەم مانگە پیرۆزە دەست کەوێت .
گرنگترین کارەکانیش بریتین لە :
١.زۆر نزا کردن :
یەکێک لە گرنگترین شێوازەکانی پەرستش لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بریتیە لە زۆر پاڕانەوە و نزاکردن لەبەردەم خوای گەورە ومیھرەبان بۆ ئەوەی رازەکانی دڵت بێتە جێ لەمبارەیەوەش خودای گەورە دەفەرموێت (وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا) واتا ئەوانەی ناوی خودای گەورە دەھێنن و ھەردەم لە بیر و ھزریانە ئەوانە پێگەیەکی گەورەیان ھەیە لە لای خودای گەورە و ھەروەھا پێغەمبەرمان لەمبارەیەوە دەفەرمووێت (ألا أُنبِّئُكم بخيرِ أعمالِكم ، وأزكاها عند مليكِكم، وأرفعِها في درجاتِكم، وخيرٌ لكم من إنفاقِ الذَّهبِ والورِقِ، وخيرٌ لكم من أن تلقَوا عدوَّكم؛ فتضربوا أعناقَهم، ويضربوا أعناقَكم؟ قالوا: بلى. قال: ذِكرُ اللهِ) واتا پێتان بڵێم باشترین کارتان چییە ، ئەو کارەی کە پلەتان بەرز دەکاتەوە و دەتانگەینێتە پلە باڵاکان ، گوتیان بەڵێ یارسول اللە ئەویش گوتی زیکری خوداری گەورە بکەن .
٢. نوێژکردن :
نوێژکردن یەکێکە لەباشترین عیبادەتەکان کە مرۆڤی موسڵمان ئەنجامی بدات ، چونکە روکنی دوومە لە دوای شەھادە ھێنان و بنەمای سەرەکی موسڵمانە و پێغەمبەرمان لەمبارەیەوە دەفەرموێت (رأسُ الأمرِ الإسلامُ، وعمودُه الصلاةُ) واتا ستوونی گرنگی موسڵمان بوون بریتیە لە نوێژکردن .
ھەروەھا دەربارەی گەورەیی نوێژکردن پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمووێت (ما مِن عَبْدٍ مُسْلِمٍ يُصَلِّي لِلَّهِ كُلَّ يَومٍ ثِنْتَيْ عَشْرَةَ رَكْعَةً تَطَوُّعًا، غيرَ فَرِيضَةٍ، إلَّا بَنَى اللَّهُ له بَيْتًا في الجَنَّةِ، أَوْ إلَّا بُنِيَ له بَيْتٌ في الجَنَّةِ..) واتا ھەر بەندەیەکی موسڵمان رۆژانە جگە لە نوێژە فەرزەکان ١٢ رکەعات نوێژی سونەت بکات ئەوا خودای گەورە ماڵێک لە بەھەست بۆ دابین دەکات .
٣. خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز :
پێغەمبەرمان د.خ زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردووتەوە کە خوێندنی قورئانی پیرۆز خێرێکی زۆر گەورەی ھەیە و لەمبارەیەوەش دەفەرموێت (مَن قرأَ حرفًا من كتابِ اللهِ فلَهُ بِهِ حسنةٌ والحسنةُ بعشرِ أمثالِها لا أقول الم حرفٌ ولَكن ألفٌ حرفٌ ولامٌ حرفٌ وميمٌ حرفٌ ) واتا ھەر یەکێک لە ئێوە پیتێکی قورئان بخوێنێتەوە ئەوا چاکەیەکی بۆ دەنووسرێت و ھەر چاکەیەکیش بە ١٠ چاکە ھەژمار دەکرێت و منیش ناڵێم (الم) پیتێکە بەڵکو الف پیتێکە و لام و پیتێکە و میم پیتێکە .
بەمەش تۆی موسڵمان ھەرچەند قورئانی پێرۆز بخوێنیتەوە ئەوا خێر و چاکەکانت زیاتر دەبێت و پاداشتت لە خوای گەورە زیارت دەبێت .
٤. زەکات :
زەکات یەکێک لە روکنەکانی ئیسلام و زۆرینەی موسڵمانان لە مانگی رەمەزان زەکاتی ماڵی خۆیان دەردەکەن ، چونکە خێر وچاکە لەم مانگە پیرۆزە پاداشتی زیاترە لەلای خوای گەورە . لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر موسڵمانان ئەوانەی توانایان ھەیە زەکات بدەن ئەم زەکاتە بە شێوەیەکی رێک وپێک بدەن و بیدەنە کەسانی موستەحەق و رەچاوی ھەموو لایەنەکان بکەن لە پێدانی زەکات چونکە ئەمە ئەرکە لەسەریان .
٥. سەدەقە ، خێر و چاکە :
سەدەقە یەکێکە لە ھۆکارەکانی قبوڵ بوونی عیبادەتەکان لەلای خودای گەورە ، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر موسڵمانان ھەر کەسە و بەپێی توانای خۆی لەم مانگە پیرۆزە سەدەقە و خێر بکات و تا دەکرێت خێرەکان بە شاراوەیی بێت و نھێنی بێت لە نێوان خۆی و خودای گەورە بۆ ئەوەی زۆرترین پاداشتی دەستکەوێت .
٦. بە جێ گەیاندنی سیلەی رەحم :
پێویستە لەسر مرۆڤی موسڵمان بەزەیی بێت ونابێت دڵ رەق بێت لەبەر ئەمە پێویستە لەم مانگە پیرۆزە بەپێی توانای سەردانی خزم و دۆست و دراوسێکان بکات و لە گوزەرانیان بپرسێت و بەپێی توانا یارمەتیان بدات لەمبارەیەوەش پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمووێت (مَن أحَبَّ أنْ يُبْسَطَ له في رِزْقِهِ، ويُنْسَأَ له في أثَرِهِ، فَلْيَصِلْ رَحِمَهُ) واتا ھەر کەسێک دەیەوێت رزقی فراوان بێت با سیلەی رەحم بە جێ بگەینێت
٧. زیندووکردنەوەی شەوانی قەدر :
شەوی قەدر یەکێکە لە پیرۆزترین شەوەکانی ساڵ و لەو شەوەدا قورئانی پیرۆز دابەزی و ھەروەھا پەرستش و عیبادەت لەم شەوە پیرۆزە خێری ھەزار شەوی ئاسایی ھەیە ، شەوی قەدر دەکەوێت دە کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان و بۆ ئەوەی بتوانێت بەم شەوە پیرۆزە بگەیت , وا باشە ١٠ شەوی کۆتای رەمەزان بەرز رابگریت و باشتری عیبادەت ئەنجام بدەیت .
٨. ئیعتیکاف :
یەکێکە لە سونەتەکانی پێغەمبەرمان د.خ لەمانگی رەمەزان بریتی بوو لە ئیعتیکاف کردن لە مزگەوت و دوورکەوتنەوە خۆ سەرقاڵ کردن بە کار دونیایی ، لەمبارەیەوە حەزرەتی عائیشە دەفەرمووێت (أنَّ النبيَّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ، كانَ يَعْتَكِفُ العَشْرَ الأوَاخِرَ مِن رَمَضَانَ حتَّى تَوَفَّاهُ اللَّهُ) واتا پێغەمبەرمان د.خ لە دە رۆژی کۆتایی رەمەزان لە مزگەوت دەمایەوە تا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد .
سەرچاوە | الموضوع