پەنکریاس ئەندامێکی ناوەوەی لەشە و قەبارەکەی گەورەیە و بەشێوەیەکی ستوونی لە ناوسک بەدیار دەکەوێت ، پەنکریاس جۆرە رژێنێک دەدردەدات کە یارمەتی پرۆسەی ھەرسکردن دەدات و ھەروەھا یارمەتی رێکخستنی کاربۆھیدرات دەدات لە ناو لەش.
قەبارەی پەنکریاس نزیکەی ١٥ سم و شێوەی لە ئاڵوباڵو دەچێت ،
پەنکریاس ئەندامی مەڵبەندییە لە کۆئەندامی ھەرسی مرۆڤ ، چەندین جۆرە ھۆڕمۆن دەردەدات کە ئەنسۆلین لە خۆ دەگرێت کە یارمەتی لەش دەدات بۆ چارەسەرکردنی رێژەی شەکر لە لەش.
ھەروەھا پەنکریاس چەند ترشەلۆکێک بەرھەم دەھێنێت کە یارمەتی پرۆسەی ھەرسکردنی خواردن دەدەن .
شێرپەنجە پەنکریاس لە خانەکانی ناوەوەی پەنکریاس دروست دەبێت .
چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاس زۆر قورسە ، ئەگەر لە قۆناغی سەرەتای نەخۆشیەکەش بێت.
شێرپەنجەی پەنکریاس زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و بە زەحمەت لە قۆناغەکانی سەرەتای دەرکەوتنی دەست نیشان دەکرێت مەگەر بە دەگمەن نەبێت .
ئەمەش وایکردووە رێژەی مردن بەم جۆرە شێرپەنجەیە زۆر بێت بەبەراورد بە شێرپەنجەکانی دیکە .
زۆربەی جارەکان نیشانەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس لەو کاتە دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکە بە تەواوەتی تەشەنەی کردووە و گەیشتوتە ئەو رادەیەی بە ئەستەم بە نەشتەرگەری گرێیەک دەربھێندرێت .
جۆرەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس
جۆرەکانی خانەکان رۆلیان ھەیە لە دروست بوونی شێرپەنجەی پەنکریاس گرنگترین جۆرەکانیشی بریتین لە :
١.ئەو شێرپەنجەیەی لە کەناڵەکانی پەنکریاس دروست دەبێت (Adenocarcinoma).
ئەم جۆرەیان لە خانەکانی ناوەوەی کەناڵەکانی پەنکریاس دروست دەبێت کە یارمەتیدەرن بۆ بەرھەم ھێنانی ترشەلۆکی ھەرس کردن. زۆرینەی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە شێوەی گرێ دەبێت .
٢. ئەو شێرپەنجەیەی نێو خانەی ھۆڕمۆنەکان دروست دەبێت .
ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە لەو خانانە دروست دەبێت کە بەرپرسن لە بەرھەم ھێنانی ھۆرمۆنەکان لەناوەوەی پەنکریاس و پێی دەگوترێت گرێیەکانی رژێنی ھۆرمۆنی ناوەوە . ئەم جۆرە گرێیەش زۆر دەگمەنە .