ماڵپەڕی کوردزۆن ھەوڵدەدات لە چەند بابەتێکی زانستی و شیکاری زیاتر ئاشناتان بکات بەو نەخۆشیەی کە ھەموومان ترسمان لە خێرایی بڵاوبونەوەی ھەیە، لە ژێر ئەو وتەیەی کە دەڵێت (ئەگەر بتەوێت بەسەر ھەر شتێکدا سەربکەویت دەبێت بە باشی بیناسیت) .
شێرپەنجە نەخۆشییەکی تایبەتە بریتیە لە دروست بوونی چەند خانەیەکی بێ شومار و ناتواندرێت کۆنترۆل بکرێت و ئەمانەش خانەی سروشتی نین و ناسراوە بە شەڕانگێزی و بە خێرایی زیاد دەکات و ھێرش دەکاتە سەر خانەکانی دیکە و لەناویان دەبات .
ئەم نەخۆشییە تووشی ھەموو ئەندامانی لەش دەبێت و جیاوازی لە نێوان تەمەنی مرۆڤەکان ناکات و ھەندێک جار منداڵ لە نێو سکی دایکی تووشی دەبێت و ناشزاندرێت مرۆڤ بە چ شێوازێک تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە پشکینینی بۆ دەکرێت و یەکێک لە خانەکان دەردەکەوێ، ئەمەش تەنھا لە تاقیگەکان دەکرێت
. نیشانەکانی شێرپەنجە : شێرپەنجە نەخۆشییەکی قورسە و ھەندێک کەس ناویان ناوە (نەخۆشیە بێ دەنگەکە) چونکە ھیچ نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە کە بزاندرێت مرۆڤەکە تووشی ئەم نەخۆشییە قورسە بووە ، ھەروەھا نیشانەکانی گشتین و ھاوشێوەی نیشانەی نەخۆشی دیکە کە مەترسییان لەسەر ژیانی مرۆڤ نییە ، لەگەڵ ئەوەش دەکرێت ھەندێک نیشانە دیاری بکەین کە لەو مرۆڤانە بەدەر دەکەون کە تووشی شێرپەنجە بوون
لەوانەش :
• لەدەستدانی کێش .
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش .
• ئارەزووی بۆ خواردن نامێنێت .
. • ھەروەھا ئەو شوێنەی تووشی حاڵەتەکە بووە ھەندێک نیشانە لێ بەدەر دەکەوێت وەک گۆڕانی رەنگی پێست و دروست بوونی پارچەی گەورە لە ژێر پێست و ھەروەھا بوونی ھەندێک رژێنی ناسروشتی بە تایبەتی لەھەندێک جۆری شێرپەنجە وەک شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی ھێلکەدانی ئافرەت، جگە لەمانەش ھەندێک نیشانەی دیکەی ھەیە کە ئاماژەن بۆ شێرپەنجە لەوانەش ئەستووربوونی رژێنی لیمفاوی.
لەگەڵمان بەردەوام بە بۆ ئەوەی ھاوکارتان بین بە پیدانی زانیاری لەبارەی ئەم نەخۆشیە کوشندەیە و رێگای خۆپارێزیتان پێ ئاشنا بکەین، چەندین بابەت و زانیاری لە بابەتەکانی داھاتومان ببینن .