ژیانی ھاوسەرگیری بریتیە لە ئەرک و ماف ، ئەنجامدانی ئەرکەکان و رێزگرتن لە مافەکانی یەکتری ، دەبێتە ھۆی دروست بوونی خێزانێکی بەختەوەر ، لە ژیانی ھاوسەرگیری تەنھا ئافرەتان مافیان لەلای پیاوەکان نییە ، بەڵکو پیاوانیش ھەندێک مافیان لەسەر خێزانەکانیان ھەیە کە پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئاسوودەیی لەنێو خێزان بەرقەرار بێت ، گرنگترین مافەکانی پیاویش لەسەر ھاوژینەکەی بریتین لە :
١.گوێڕایەڵی بێت :
لەم دۆخە پێویستە لەسەر خانمانی بەرێز گوێڕایەڵی ھاوسەرەکانیانبن بەتایبەتی ئەگەر زانیان راسپاردەی پیاوەکانیان ھیچ زیانێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی لێناکەوێتەوە ، پێویستە لەسەر خانمان رەچاوی ھەندێک خاڵ بکەن لە ژیانی ھاوسەرەکانیان وەک رێزگرتن لە کەسوکاری و پارێزگاری کردن لە ماڵ و موڵکی .
٢.رێگەی پێبدرێت چێژ لە ژیانی ھاوسەرگیری ببینێت :
یەکێک لەو خاڵانەی کە پەیوەندی نێوان ھاوسەران بەھێز دەکات بریتیە لە چێژ وەرگرتن لە ژیانی ھاوسەرگیری و بەتایبەتی ئەنجامدانی کاری سەرجێی بە شێوەیەکی حەڵاڵ ، پێویستە خانمان رەچاوی ئەم خاڵە بکەن و رێگری لە پیاوەکانیان نەکەن لە ئەنجامدانی ئەم کارە ، تەنھا لەو حاڵەتانە نەبێت کە شەرع رێگەی پێنادات وەک ئەوەی لە سووڕی مانگانە بێت یا بەرۆژوو بێت .
٣. رێگە بەکەسانە نەدرێت بێنە ماڵەکەت کە پیاوەکەت پێی ناخۆشە :
پێویستە لەسەر خانمان رەچاوی ئەم خاڵە بکەن ورێگە بەکەسانێک نەدەن کە پیاوەکانتان پێیان خۆش نییە بێنە ماڵتان ، رێگەیان پێبدەن ھاتووچۆتان بکەن ، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی کێشە دروست کردن لەنێو خێزان .
٤. بەبێ پرسی ئەو مەچووە دەرەوە :
یەکێک لەو کارانەی پێویستە لەسەر خانمان رەچاوی بکەن، ئەوەیە بێ پرس ھاوسەرەکانیان نەچنە دەرەوە ، ئەگەر چوونە دەرەوەکەش بۆ کارێکی پێویست بوو ئەوا دەکرێت مۆڵەتی لێ وەربگریت.
٥. پێویستە خزمەتی پیاوەکەت بکەیت :
پێویستە لەسەر ئافرەتان خزمەتی پیاو و ماڵی خۆی بکات ، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە ئافرەتان وەک بەندە سەیر بکرێن بەڵکو بەپێی توانای خۆیان خزمەتی ماڵەکەی بکات و پێویستیشە لەو کارانەی قورسە پیاوەکە یارمەتی بدات .
سەرچاوە | الموضوع