جەژنی قوربانی پیرۆز بۆنەیەکی خۆش و پیرۆزە و لەم چەند رۆژە ھەندێک گۆڕانگاری بەسەر شێوازی خواردن و خواردنەوەمان دێت ، لەوانەیە رێژەیەکی زیاتر گۆشت بخۆین و شیرینەکی زیاتر وەربگرین ، لەگەڵ ئەمە پێویستە لەماوەی جەژنی قوربان پارێزگاری لە تەندروستی خۆمان بکەین بە گرتنەبەری چەند رێگایەک لەوانەش :
١.دووربکەوە لە زۆر خواردنی گۆشتی سوور و جگەر ، لەبەر ئەمە ھەوڵبدە زیاتر گۆشتی کوڵاو بخۆی و دوور بکەوە لە گۆشتی سوورکراوە .
٢. دوور بکەوە لە خواردنەوەی زۆری خواردنەوە گازییەکان چونکە دەبێتە ھۆی ترش بوونی گەدە و دەبێتە ھۆی قەڵەوبوون ، لە بڕی ئەمە ئاو شەربەتی فرێش بخۆوە .
٣. ھەوڵبدە پێش خواردن ھەندێک زەڵاتە بخۆیت ، چونکە کرداری ھەرس کردن ئاسان دەکات و رێژەی چەوری کەم دەکاتەوە و پارێزگاری لە کێشت دەکات ، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر ریشال لە خۆ دەگرێت کاری ھەرس کردن ئاسان دەکات و رێگری لە قەبزی دەکات و ریخۆلەکان پاک دەکاتەوە .
٤. دوور بکەوە لە زۆر خواردن بەتایبەتی لە کاتی شەوان و ھەوڵبدە دوای نان خواردن راستەوخۆ نەخەویت .
٥. خواردنەکان بە رێگەیەکی تەندروست ئامادە بکرێت و بەباشی بکوڵێت و رونی کەم بە کار بھێنن.
٦. رێژەیەکی باشی سەوزەوات لەگەڵ خواردن بخۆ وەک سپێناغ و کودی و ھەروەھا باینجان زۆر باشە لەگەڵ گەلای مێو چونکە سوودێکی زۆر بە گەدە دەگەینێت .
٧. لە رۆژانی جەژن ھەوڵبدە میوە بخۆیت و بەبەردەوام لەسەر خوانەکەت ھەبێت ، چونکە رێژەی کالۆری زۆر کەمە و دەوڵەمەندە بە مادەی خۆراکی و سوودێکی زۆری بۆ لەش ھەیە .
٨. ھەوڵبدە لەماوەی ئەم چەند رۆژە رۆژانە کەمێک وەرزش بکەیت ، چونکە یارمەتیدەرە بۆ سووتاندنی کالۆری .