ئافرەتێک و ھاوسەرە سەرخۆشەکەی
ئەم چیرۆکێکی راستەقینەیە و لە وڵاتی جەزائیر روویداوە
لەیەکێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکان وڵاتی جەزائیر , ئافرەتێک تەلەفۆنی بۆ بەرنامەکە کرد و لەم بەرنامەیە شێخ عەبدوڵا بن ئەبی داوەت کرابوو بۆ ئەوەی وەڵامی خەڵک بداتەوە .
ئافرەتەکە گووتی : من ئافرەتێکی موسڵمانم و پابەندی ئاینەکەمم ، بەڵام پیاوەکەم پیاوێکی مەی خۆرە و شەوانە درەنگ دەگەڕێتەوە بەسەر خۆشی .
ئافرەتەکە دەڵێت ، شەوێکیان گەڕایەوە ماڵەوە وبینی قورئان دەخوێنم ، قورئانەکەی لە دەستم برد و دڕاندی .
یاشێخ حوکمی من چییە لەو حاڵەتە و ئایا دەکرێت داوای تەڵاق بکەم ؟
شێخ گووتی : منداڵت لەو پیاوە ھەیە ؟
ئافرەتەکە : بەڵی پێنج منداڵم ھەیە .
شێخ گووتی : خانەوادەکەت لە کوێ دەژین ؟
ئافرەتەکە : لە گوندێکی دووری جەزائیر .
شێخ گووتی : کەس ھەیە سەرپەرشتیت بکات و بژێوی ژیانت دابین بکات ؟
ئافرەتەکە : نەخێر و منداڵەکانم ھێشتا بچووکن .
شێخ گووتی : دەکرێت ئارام بگریت و داوای تەڵاق نەکەیت و لەگەڵی بەشەڕمێ و ململانێی لەگەڵ مەکە..!!
ئافرەتەکە گووتی : یاشێخ چۆن داوا لە من دەکەیت ئارام بگرم و چۆن ئەو فەتوایە دەدەیت ..!!
شێخ : کچی بەرێزم ئەگەر تۆ لە ئێستادا بە جێھێشت ، ئەوا منداڵەکانت لێ دەسێنێت ، ئەو کات لە جیاتی سەرخۆشێک , شەش سەرخۆش دەبن و منداڵەکان دەچنە سەر رێچکەی باوکیان و خەسڵەتی ئەو وەردەگرن ، ئەو کات رۆیشتنی تۆ لە جیاتی قازانج زیانی زیاتر دەبێت ، بەڵام گەر تۆ سەرپەرشتی منداڵەکان بکەیت ئەوا بەدڵنیاییەوە مرۆڤی باشییان لێ دەردەچێـت .
ئینجا لەکاتی مانەوەشت دەکرێت بە شێوەیەکی ئارام داوا لە پیاوەکەت بکەیت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست ، چونکە ئافرەتی باش پردی پەیوەندییە لەنێوان منداڵ و باوک و کارە باشەکان .
من داوات لێ دەکەم شەونوێژ بکەیت بۆ ئەوەی خودای گەورە ھیدایەتی بدات .
ئافرەتەکە گووتی : انشااللە وادەکەم .
چەند مانگێک بەسەر ئەم تەلەفۆنە تێپەڕی ...
ئەم جارە لە ھەمان بەرنامە ئافرەتەکە تەلەفۆنی کردەوە و گووتی : سەلام عەلیکم یاشێخ
شێخ گوتی : علیکم السلام کچی خۆم .
ئافرەتەکە: یاشێخ نامناسیتەوە
شێخ گووتی : ناوەڵا کچی خۆم تۆ کێیت ؟
ئافرەتەکە : یا شێخ من ئەو ئافرەتەم کە چەند مانگێک بەر لە ئێستا تەلەفۆنم کرد و گووتم پیاوەکەم سەرخۆشە و زۆر خراپە لەگەڵمان و تۆش ئامۆژگاریت کردم ئارام بگرم و نزای خێری بۆ بکەم .
شێخ گووتی : ئێستا حاڵت چۆنە کچی خۆم ؟
ئافرەتەکە : سوپاس بۆ خودای گەورە ئێستا بارودۆخمان زۆرباشە و پیاوەکەم زۆر گۆڕاوە و ئێستا بەخۆی دەرگای مزگەوت دەکاتەوە ..
ئافرەتەکە بە گریانەوە گووتی : ئێستا پیاوەکەم زۆر گۆڕاوە و نوێژەکانی بەرێک وپێکی دەکات و مامەڵەی لەگەڵ ئێمە و خەڵک زۆرباشە و خودای گەورە دەرگای خێری خۆی بۆ کردووینەتەوە ..
ئافرەتەکە بەدەم گریانەوە دەیگووت : زۆر سوپاست دەکەم یاشێخ بەراستی ئەو ئارام گرییە و نزاکان وای کرد خودای گەورەی دەرگای رزق و بەختەوەریمان بە روودا بکاتەوە و ھەروەھا پیاوەکەم گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر دا ھاتووە و لەگەڵ منداڵەکان و من زۆر باشە ..
پەند : راستە ئارام گرتن قورسە بەڵام بەرھەمی شیرینە , ھەروەھا ھەموو مرۆڤێک ھەرچەند خراپیش لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان بگۆڕێت و ببێتە کەسێکی زۆر باش ، گەر دەوروبەری ھاوکاری بوون و یارمەتیان دا .