دەگێڕنەوە لە دێر زەمان شازادەیەک ھەبوو و ئەم شازادەیە راوێژکارێکی دانای ھەبوو
ئەم شازادەیە خەونی بەوە دەبینی کە بە گەنجێتی بمێنێتەوە و پیری رووی تێنەکات
شازادە داوای لە راوێژکارەکەی کرد کە دەەرمانێکی بۆ بدۆزێتەوە و تەمەنی درێژی بکات .
لەبەرامبەر ئەم کارەشی ھەر شتەکی بوێت پێی دەبەخشێت ..
راوێژکارەکەی رووی لە شار و لادێکان کرد بۆ ئەوەی دەرمانی تەمەن درێژی بۆ شازادە بەدەست بھێنێت
بە گوندێک تێپەڕی و پرسیاری لە خەڵکەکەی کرد کە ئایا گیایەک ھەیە تەمەنی مرۆڤ درێژ بکات .
خەڵکی گوندەکە بڕۆ بۆ سەر ئەم چیایە لەو شوێنە دوو برا دەژیین لەوانەیە ئەوان وەڵامی پرسیارەکەیان تۆیان لابێت
راوێژکارەکە رووی لە چیایەکە کرد و پێش رۆژئاوابوون گەیشتە شوێنی مەبەست
سەرەتا چاوی بە خانوویەکی بچووک کەوت و ھەموو شتەکان لەم ناوە پەرت و بڵاو بوون و لە پێش دەرگاکەش پیاوێکی بەتەمەن دانیشتبوو
پیاوەکە بەساڵ دا چووبوو و ھێزی لەبەر دا نەمابوو
راوێژکارەکە سڵاوی لە پیاوەکە کرد و پیاوە پیرەکەش وەڵامی سڵاوەکە داوە
راوێژکارەکە داوای لە پیاوە پیرەکە کرد کە رێگەی پێبدات ئەم شەو لە لای ئەو بمێنێتەوە
پێش ئەوەی پیاوە پیرەکە وەڵام بداتەوە ، دەنگێک لە ژوورەوە ھات و دەنگی ئافرەتان بوو و گووتی : ھیچ شوێنی میوانمان نییە و ناتوانیت شەو لێرە بمێنیتەوە
ئافرەتەکە گووتی : بڕۆ شوێنێکی دیکە بۆ خۆت بدۆزەرەوە
پیاوە پیرەکە سەری خۆی نزم کرد و ھیچ قسەیەکی نەکرد
راوێژکارەکە رووی لە خانوویەکی دیکە کرد کە نزیک بوو و خانووەکە زۆر خاوێن بوو و بە رێک وپێکی پارێزگاری لێکرابوو و لەھەموو لایەکەوە بە گوڵ رازێنرابوو و بەردەوام دەنگی بولبول و باڵندەکان دەھات
لە بەر دەرگای ماڵەکەش گەنجێکی جوان راوەستابوو و بەخێرھاتنی راوێژکارەکەی کرد و بانگی خێزانەکە کرد و گووتی : ئاگاداربە میوانمان ھەیە
خێزانەکەشی گووتی : یاخوا بەخێر بێت ئەم میوانە بەرێزە
دوای ئەوەی شەو لەلای ئەوان مایەوە، بۆ بەیانیەکەی چیرۆکی خۆی بۆ پیاوە گەنجەکە گێرایەوە و گووتی : من بە دوای دەرمانی تەمەن درێژی دەگەڕێم
دەمەوێت بزانم تۆ چۆن وا گەنجیت و برا گەورەکەشت وا بەتەمەن کەوتووە
گەنجەکە پێکەنی و گووتی : تۆ ھەڵەی ئەو برا گەورەی من نییە ، ئەو برا بچووکمە و منیش ٢٠ ساڵ لە ئەو گەورەترم
راوێژکارەکە سەری سوڕما لەم وەڵامە و گووتی : دەبێت بەھەر شێوەیەک بێت ئەم نھێنیەم بۆ ئاشکرا بکەیت و چیت دەوێت لە بەرامبەر ئەوە پێتی دەدەم
پیاوە گەنجەکە بەڵێنی پێدا تا نیوەڕۆ ئارام بێت و وەڵامەکە پێدەدات
لەکاتی نانی نیوەڕۆ پیاوە گەنجەکە لەگەڵ خێزانەکە خۆشترین خواردنیان پێشکەش بە راوێژکارەکە کرد و ئینجا لە ژێر دارێک دانیشتن
پیاوە گەنجەکە داوای لەخێزانەکەی کرد بچێتە نێو بێستانەکەیان و باشترین شووتی بھێنێت بۆ ئەوەی پێشکەشی میوانەکەیان بکەن
خێزانەکەشی روویکردە ناو بێستانەکە و شووتییەکی باشی ھێنا
پیاوەکە دەستی لە شووتیەکە دا و گووتی : خێزانی خۆشەویستم ، من مەبەستم ئەو شووتیە نەبوو ، بزانە شووتیەکی باشتر ناھێنیت
خێزانەکەی گووتی : بەسەرچاو و ئینجا گەڕایەوە شوتیەکی پێبوو
دیسان پیاوەکە گووتی : ھاوژینی خۆشەویستم مەبەستم ئەو شووتیە نەبوو ، دەکرێت بیگۆڕیت .
خێزانەکە گووتی : بەسەر چاو دەچم دەیگۆڕم
خێزانەکە گەڕایەوە نێو بێستانەکە و شووتیەکی لەگەڵ خۆی ھێنا ..
پیاوەکە دەستی لە شووتیەکە دا و گووتی : من مەبەستم ئەو شووتیە باشە بوو
ئینجا شووتیەکەیان شکاند و خواردیان
راوێژکارەکە گووتی : ئێستا من دەمەوێت وەڵامی پرسیارەکەم دەستکەوێت و بزانم دەرمانی تەمەن درێژی چییە ؟
پیاوە گەنجە گووتی : تەمەن درێژی خواردن و گیا و دەرمان نییە
بەڵکو نھێنی بەختەوەری و گەنجی من ، خێزانەکەمە
لەوەتەی ژیانی ھاوسەرگیریمان پێکھێناوە جگە لە خۆشەویستی و سۆز و رێز تەقدیر ھیچ شتێکی دیکەم لێ نەدیتووە
ئایا دەزانی لە بێستانەکەمان تەنھا یەک شووتی ھەبوو، ئەویش ئامادەبوو سێ جار بچێت و ھەمان شووتی بھێنێتەوە بێ ئەوەی دڵتەنگ بێت یا ناڕەزایی دەرببڕێت و لە شکۆی منی لەبەر دەم تۆ کەمنەکردەوە
راوێژکارەکە سەری سوڕما لەم ئافرەتە باشە
ئینجا تێگەیشت کە بەختەوەری و ئارامی و تەندروستی باش و گەنجێتی، خێزان لەماڵەوە دروستی دەکات و پەیوەندی بە دەرمان و خواردن نییە