»  راپۆرت

چی دەربارەی گیای چارەسەرەكان (رەیحان) دەزانیت؟

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

چی دەربارەی گیای چارەسەرکان دەزانی؟

 
گوڵە رەیحان یەکێکە لەو رووەکانەی لە زۆربەی ماڵەکانی کۆمەڵگەی خۆمان ھەیە و بۆنێکی خۆشی ھەیە و ئاسوودەیی بە دەروون دەبەخشێت، بەرزییەکەی لەنێوان ٦٠ – ٩٠ سم دەبێت و زۆربەی گەڵاکانی سەوزن و ھەندێکجار روو لە رەنگێکی سووری تۆخ دەکات . 
رەیحان چەندین ناوی جیاوازی ھەیە لە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Basil)  ، (Common basil)  و (Sweet basil). 
ھەروەھا لە زمانی ھیندی پێی دەگوترێت (Babui Tulsi) و لە زمانی عەرەبی پێی دەگوترێت (البدروج ، الحبق و الریحان). ئەم رووەکە لە بنەڕەتدا لە وڵاتی ئێران ھەبووە لەگەڵ وڵاتی سند و بەرزاییەکانی پەنجابی ھیندی. 
ئەم رووەکە وەک رووەکی جوانکاری دەچێندرێت بەڵام چەندین سوودی گرنگی ھەیە . 
رەیحان چەندێم پێکھاتەی ڤینۆلی لە خۆ دەگرێت کە ئەمەش وای کردووە ببێتە رووەکێکی تەندروستی و چارەسەری. 
سوودەکانی رەیحان : 
رووەکی رەیحان چەندین خەسڵەتی دەرمانی لە خۆ دەگرێت وەک چارەسەرکردنی زۆر ئارەقە کردن ، بەرەنگاربوونەوەی رشانەوە، بەرەنگاربوونەوەی سکچوون و زیاد کردن ئارەزووی سێکسی و بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا و فتریات . 
ھەروەھا رەیحان زۆر بەسوودە بۆ نەخۆشی دڵ و خوێن و کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان و ئازاری ددان و کەمکردنەوەی ئازاری گوێ و راگرتنی خوێن بەربوونی لووت و بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ کارفور بەکارھێندرا . 
ھەروەھا غەرغەرە کردن بە ئاوی رەیحان بۆنی ناخۆشی ناو دەم ناھێلێت . 
ھەروەھا رەیحان وەک چارەسەری سەرئێشە بەکار دێت لەگەڵ لەرز و تا و کۆخە ، ھەروەھا رەیحان وەک پاککەرەوەی برین بەکاردێت و چارەسەری ئاوسانی پێست دەکات و ھەروەھا ھەندێکجار وەک چارەسەری گورچیلە بەکار دێت، ھەروەھا گەڵای رەیحان لە وڵاتی ئەسیوپیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەلاریا بەکار دێت. 
ھەروەھا لەرووە زانستیەکەی رەیحان بۆ ئەم بوارانە بەکاردێت ، ھەرچەندە تا ئێستا بەتەواوەتی ئەم بابەتە یەکلایی نەبووتەوە و پێویستی بە توێژینەوە زانستی زیاتر ھەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە پسپۆڕانی دەرمانی گیایی بە چارەسەری دادەنێن بۆ ئەم بوارانەی خوارەوە. 
زیپکە وقینچکە ، ھەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەکرێت دەرمانێک لە رەیحان دروست بکرێت و زیەتی پرتەقاڵ تێکەڵ بکرێت و دەتوانێت لەماوەی ٨ ھەفتە چارەسەری زیپکە و قینچکە بکات . 
چالاکی ھزری ، بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەکرێت بۆنی رەیحان وەک چارەسەرێک بۆ چالاکی ھزری بەکار بێت ، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ھەست بە ماندووبونی مێشک دەکەن . 
ھەروەھا رەیحان چارەسەری ئیشتھا نەکردنی خۆراک دەکات و ھەروەھا چارەسەر بۆ گرژبوونی گەدە و تێکچوونی گورچیلە و غازاتی گەدە . 
ھەروەھا رەیحان چارەسەری کرمی ناو لەش دەکات . 
دەکرێت رووەکی رەیحان وەک چارەسەر بەکار بێت بۆ پێوەدانی زیندەوەر و مار و چالاککردنی سووڕی خوێن . 
رەیحان ترشی ناوکی (DNA) لەش دەپارێزێت و دەتوانێت بەرەنگاری شێرپەنجە ببێتەوە . 
ھەروەھا لە ھەندێک توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە رەیحان توانای ھەیە ئازار کەم بکاتەوە و بەرەنگاری ئاوسان دەبێتەەوە و دژە ئۆکسیدە 
ھەروەھا رەیحان ماسولکەکانی دڵ چالاک دەکات و رێژەی شەکر لە خوێن کەم دەکاتەوە و ھەروەھا کۆلیسترۆل لەناو خوێن ھاوسەنگ دەکات. 
رەیحان کۆئەندامی بەرگری لەش بەھێز دەکات . 
رەیحان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ڤیتامین سی و ئاسن و مالسیۆم و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم . 
چەند زانیارییەک دەربارەی رەیحان 
لەسەردەمی یۆنانیەکان رەیحان وەک دەرمان بەکار ھاتووە بەتایبەتی لەلایەن پزیشکی یۆنانی (دیسکوریدۆس)، ئەمەش لە دێرنترین کتێبی پزیشکی یۆنانی ناوی ھاتووە (De Materia Medica) ، ئەو کات رەیحان وەک چارەسەر بۆ پێوەدانی دووپشک بەکار ھاتووە . 
بەڵام ئەوروپییەکان رەیحانیان وەک رووەکی رێوەرەسمی ناشتن وبەکار ھێناو بە چاوێکی گوماناوی (متشائم) سەیریان کردووە . 
ھەروەھا ھیندییە سوورەکان لە کاتی گیان لەدەستدانی کەسێک رەیحانیان لەگەڵ دەناشت بۆ ئەوەی وەک رێگەپێدەری بەھەشت بێت بۆیان. 
ھەروەھا لە ساڵی ١٦٠٠ ئینگلیزەکان رەیحانیان بەکار دەھێنا لەسەر دەرگای ماڵەکانیان و دەرکردنی زیندەوەر و روحی خراپە لە ماڵەکانیان . 
ھەندێک لایەنی نەرێنی بەکارھێنانی رەیحان . 
ئەگەر ھاتوو رەیحان بەشێوەیەک تەندروست بەکارھات ئەوا سوودی ھەیە بەڵام ئەگەر ھاتوو رەیحان بەشێوەیەک بەردەوام و ھەڕەمەکی بەکار ھات ئەوا چەندین لایەنی نەرێنی لێدەکەوێتەوە لەوانەش : 
نزمبوونەوەی شەکرەی خوێن . 
بەکارھێنانی زۆری رەیحان دەبێتە ھۆی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر . 
ھەروەھا زۆر بەکارھێنانی کاریگەری دروست دەکات لەسەر تەندروستی منداڵ و ئافرەتی دووگیان . 
ھەروەھا ئەوانەی بەنیازن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن دەبێت دوو ھەفتە پێش وەختە رەیحان بەکار نەھێنن چونکە رێگری دەکات لە مەیینی خوێن . 
نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، روەکی رەیحا پاڵەپەستۆی خوێن دادەبەزێنێت لەبەر ئەمە ئەوانەی کێشەی نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێنیان ھەیە دەبێت دووربکەونەوە لە بەکارھێنانی ئەم رووەکە. 
سەرچاوە  | الموضوع 
............................



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3056بینین‌‌‌
5 ساڵ پێشتر - Jun 8 2019 4:45PM
12