لەوانەیە ئەم بابەتە گشتگیر نەبێت و ھەموو کەسێک گرنگی پێنەدات و ھەندێک کەس بلێت ئەم ھەموو شتە ناکرێت، بەڵام دایک و باوکی ئازیز کچەکانمان ناسکن و ئەمانەتی خوای گەورەن لەلای ئێمە، ئێمەش دەتوانین بەم کردارانە ھەم پەروەردەیەکی باشیان بکەین و ھەم بیانپارێزین.
١.لەباوەشی بگرە :
لەباوەشگرتنی کچەکانمان وا دەکات ھەست کردن بەنەھامەتی و ئازار لەلایان کەم بێتەوە و دڵ و دەروونیان پاک دەکاتەوە لەبەر ئەمە باشترین کار ئەوەیە لە خۆشی و ناخۆشییەکان لە باوەشیان بگرن .
٢.لەرووی سۆز و خۆشەویستیەوە تێری بکە:
راستە لەوانەی ھەندێک لە داواکارییەکان کچەکانمان مەنتیقی نەبێت، بەڵام تۆ دایک و باوکی پێویستە لەسەرت لە رووی ماددی و مەعنەوی تێری بکە (بەڵام بێ زێدەڕۆیی) چونکە ئەگەر تۆ لەم لایەنانە تێرت ئەستەمە پەنا بۆ ھیچ کەسێکی دیکە ببات بۆ ئەوەی داوای شتێکی لێ بکات.
٣. ستایشی بکە:
کچەکانتان بچووک یا گەورە پێیان خۆشە ستایشیان بکەین و لە پێش خەڵکی شانازی پێبکە چونکە ئەمە وا دەکات متمانەی بەخۆی زیاتر بێت .
٤. بەھێزی بکە :
ھەموو کات پێی بڵێ کە تۆ لە پشتی ئەوی و پشتگیری لەکارەکانی دەکەی، تێیبگەینە خوێندن گرنگە بۆ ئەوەی دوارۆژێکی باش بۆ خۆی دابین بکات، وای لێبکە کەسایەتیەکی بەھێزی ھەبێت و لەھەندێک لە کارەکان پشت بەخۆی ببەستێت.
٥. گوێی لێبگرە:
مەرج نییە تۆ چارەسەری ھەموو کێشەکانی ئەوت لابێـت بەڵام دەکرێ گوێی بۆ بگری و ھەوڵبدەی لەگەڵی کێشەکان چارەسەر بکەیت، ئەگەر کێشەکان بچووکیش بوو.
٦. بەتەنیا لەگەڵ بڕۆ دەرەوە:
کاتێک کچەکەت کەمێک گەورە دەبێت، کاتێکی بۆ تەرخان بکە و پیاسەیەکی لەگەڵ بکە و بەیەکەوە لەفەیەک بخۆن با ئەو خواردنەش بە دڵی ئەو بێت، ئەم کارە مانایەکی زۆر بۆ ئەو دەگەینێت .
٧. رێز لە تایبەتمەندی بگرە :
پێش ئەوەی بچییە ژوورەکە لە دەرگا بدە، جانتاکەی مەپشکنە و وەک سیخوڕ مامەڵەی لەگەڵ مەکە، متمانەی پێبکە و با متمانەت پێبکات ئەوکات بەخۆی ھەموو شتێکت بۆ باس دەکات و تۆش ئاسوودە دەبیت.
٨. پارێزگاری لێبکە:
تۆ بەرھەمی خۆت دەدوریتەوە، واتا چۆن کچەکەت پەروەردە دەکەیت لە دوا رۆژ بەم شێوەیە دەردەچێت، تا دەکرێت پارێزگاری لێبکە و رێگەی باشی نیشانبدە و لە ھەڵە بچووکەکانی ببورە و بۆی راستبکەوە، مەرج نییە ھەموو شتێک بە سزادان چارەسەر بکرێت.
٩. بەتایبەتی تەلەفۆنی بۆ بکە:
کاتێک لێت دوورە یا تۆ لە شوێنێکی دیکەی بە تایبەتی تەلەفۆنی بۆ بکە و لە ئەحواڵی بپرسە، بۆ ئەوەی بەھای خۆی بەتەواوەتی لای تۆ بزانێت .
١٠. خۆشت بووێت :
ھەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە بەلایەکی، ئەمەشیان بە لایەکی دیکە، چونکە خۆشەویستی دایک و باوک بۆ کچەکەیان بە ھیچ شتێکی دیکە بەراورد ناکرێت، لەبەر ئەمە واز لە ھەندێک داب و نەریتی سەقەت بێنە، خۆشەویستیەکی راستەقینیە پێ ببەخشە با ھەست بەو خۆشەویستیەی تۆ بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر ھاتوو تووشی ھەر گرفتێک بوو یەکەم کەس پەنا بۆ تۆ ببات.