»  ئایینی

پێشەوا عومەری کوری خەتاب چاکتر بناسە

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
پێشەوا عومەر یەکێک لە پیاوە ناودارەکانی قورەیش و پێش موسڵمان بوونیش شکۆمەندییەکی زۆری ھەبوو، لەناو خەڵکی مەککە رێزێکی زۆری لێدەگیرا. 

ناوی تەواوی :
عومەر کوڕی خەتابی کوڕی نوفیل کوری عەبدولعزی کوڕی رەباح کوری قرت کوڕی رەزاح کوری عدی کوری کەعب کوڕی لوئەی قورەشی یە. 

کاتێک موسڵمان بوو پێغەمبەر(درودی خوای لەسەربێت) شەش ساڵ بوو بانگەوازی ئیسلامی دەکرد لە شاری مەککە و تەمەنی ئیمام عومەر لە کاتی موسڵمان بوونی ٢٧ ساڵ بوو. 
ئیمامی عومەر جەستەیەکی بەھێز و پتەوی ھەبوو و باڵای بەرز بوو و رووخساری سپی بوو.

ئیمامی عومەر چەند جارێک ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوە و لەدیارترین خێزانەکانی : 

١.زەینەبی کچی مەزعون: لەم خێزانەی ئیمامی عومەر کچێکی بوو ناوی نا حەفەسە و دواتر بووە خێزانی پێغەمبەرمان (د.خ) و ھەروەھا دوو کوڕیشی ھەبوو بەناوەکانی عەبدوڵا و عەبدلورەحمان . 
٢. جەمیلەی کچی سابت ئەبی ئەقلەحی ئەنساری. لەم خێزانەی کوڕێکی ھەبوو بەناوی عاسم . 
٣. عاتکە کچی زەید کوڕی عەمر کوڕی نوفەیل، لەم خێزانەش کوڕێکی ھەبوو بەناوی عەیاز. 
٤. ئوم کەلسوم نەوەی پێغەمبەرمان(د.خ) و کچی ئیمامی عەلی بوو و حەزرەتی فاتیمە بوو، ئیمامی عومەر لەم خێزانی کوڕێکی ھەبوو بە ناوی زەید و کچێکیش بە ناوی روقیە . 
دادپەروەری ئیمامی عومەر: 
ئیمامی عومەر کەسایەتی ناسراو بوو بە دادپەروەری و چەندین نموونە ھەیە لەسەر دادپەروەری ئیمامی عومەر لەبەرامبەر خەڵکی و لەم بابەتە تەنھا یەک نموونە باس دەکەین. 
لەکاتی خەلافەتی ئیمامی عومەر، عەمری کوری عاس والی میسر دەبێت. 
لەم کاتە پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری لەنێوان چەند کەسێک دەبێت و لە پێشبڕکێیەکە گەنجێکی میسری لە کوڕی عەمری کوڕی عاس دەباتەوە و سەردەکەوێت بەسەری. 
کوڕەکەی عەمری کوڕی عاس توڕە دەبێت و بە قامچی لە گەنجە میسرییەکە دەدات. 
گەنجەکە خۆی دەگەینێتە شاری مەدینە و سکاڵا لەدژی کوڕەکەی عەمر کوڕی عاس لەلای ئیمامی عومەر دەکات. 
ئیمامی عومەر پەیامێک بۆ عەمری کوڕی عاس دەنێرێت و داوای لێدەکات لەگەڵ کوڕەکەی بە زووترین کات بگەڕێنەوە شاری مەدینە. 
لەکاتی گەیشتنیان بۆ شاری مەدینە ئیمامی عومەر دادگایەک ساز دەکات و لەم دادگایە تاوانباری کوڕەکەی عەمری کوڕی عاس دەسەلمێندرێت. 
ئیمامی عومەر داوای لە گەنجە میسرییەکە دەکات چۆن لێیدراوە بەم شێوەیە لە کوڕەکەی عەمری کوڕی عاسی والی میس بداتەوە. 
گەنجەکەش لەبەردەم خەڵکەکە مافی خۆی وەردەگرێتەوە لە کوڕەکەی والی دەداتەوە. 
لەو کاتەش ئیمامی عومەر وتە بەناوبانگەکەی دەڵێت " لەکەیەوە خەڵکتان کردووتە کویلە لەکاتێکدا لە سکی دایکیان بە ئازادی لە دایک بوونە.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
7587بینین‌‌‌
5 ساڵ پێشتر - Apr 12 2019 11:54AM