لە دێر زەمانەوە ئافرەتێک ھاتە لای مەجلیسی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پیاوی بازرگان و لە دوورەوە ئاماژەی بۆ یەکێکیان کرد کە لێی نزیک بێتەوە .
یەکێک لە بازرگانەکان لە ئافرەتەکە نزیکبووە و گووتی : فەرموو خاتوون چیت دەوێت ؟
ئافرەتەکە گووتی : پێوستیم بە کارێک هەیە بۆم بکەیت و لەبەرامبەردا ٢٠ دینارت پێدەدەم.
بازرگانەکە گووتی : چ جۆرە خزمەتێک ؟.
ئافرەتەکە گووتی : پیاوەکەم ماوەی ١٠ ساڵە چووتە دەرەوەی وڵات بۆ بازرگانی و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە و ھیچ ھەواڵێکیشی نییە.
بازرگانەکە گووتی : ان شاء الله بەخێر و سەلامەتی دەگەڕێتەوە و من چیم پێدەکرێت ؟
ئافرەتەکە گووتی : دەمەوێت پیاوێک لەگەڵم بێت بۆ لای قازی و بلێت من مێردی ئەو ئافرەتەم، ئینجا تەڵاقم بدات، چونکە من دەمەوێت جارێکی دیکە شوو بکەمەوە و وەکو ئافرەتانی دیکە بژیم .
بازرگانەکە گووتی : باشە لەگەڵت دێم .
کاتێک چوونە لای قازی ئافرەتەکە لەبەرامبەر قازی گووتی : جەنابی قازی ئەوە پیاوەکەمە و ماوەی ١٠ ساڵە رۆیشتووە و ئێستاش دەیەوێت تەلاقم بدات .
قازی رووی لە بازرگانەکە کرد و گووتی : تۆی ھاوسەری ئەم ئافرەتەی.
بازرگانەکە گووتی : بەڵێ جەنابی قازی .
قازیەکە گووتی : دەتەوێ خێزانەکەت تەڵاق بدەیت .
بازرگانەکە گووتی : بەڵێ .
قازیەکە رووی لە ئافرەتەکە کرد و گووتی : تۆ رازیت پیاوەکەت تەڵاقت بدات.
ئافرەتەکە گووتی : بەڵێ جەنابی قازی .
قازی رووی لە پیاوەکە کرد و گووتی : باشە تەڵاقی بدە .
پیاوەکە گووتی : ئەوا سێ بەسێ تەڵاقم دا .
ئافرەتەکە گووتی : جەنابی قازی پیاوەکەم ماوەی ١٠ ساڵە لێم دوورە و ھیچ خەرجییەکی منی نەکێشاوە و ھیچ گرینگی بە من نەداوە، لەبەر ئەمە ئێستا خەرجی ئەو ١٠ ساڵەم دەوێت لەگەڵ خەرجی تەڵاقدان .
قازی رووی لە پیاوەکە کرد و گووتی : بۆ چی خێزانەکەت بەجێ ھێشت و خەرجیت نەکێشا .
پیاوەکە گووتی : سەرقاڵ بووم و نەمتوانی بگەڕێمەوە لای .
پیاوەکە گووتی : کەواتە دەبێت دوو ھەزار دیناری پێ بدەییت وەک خەرجی .
پیاوەکە سەری سوڕما! و لەبەردەم خۆی گووتی : ئەگەر نکۆڵی بکەم ئەوا زیندانی دەکرێم بە تۆمەتی شایەتی دانی بە درۆ، لەبەر ئەمە پارەکەی بدەم باشترە و خۆم رزگار بکەم .
پیاوە بازرگانەکە بە ناچاری ٢ ھەزار دیناری دا بە ئافرەتەکە دا، چونکە کەوتبووە گرفتێک نەیدەتوانی لێی رزگار بێت و ئەگەر قسەی کردبا لە نێو خەڵکی و بازرگانەکان ئابڕووی دەچوو .
پەند لەم چیرۆکە :
درۆ مەکە، چونکە نازانی باجەکەی چۆن دەدەیت .