بۆ رۆژووەکەت ناشکێنی
حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی لە رۆژێکی زۆر گەرم رووی کردە دەرەوەی شار
کاتی نیوەڕۆ داھات و خواردنیان بۆ ھێنا، ئەویش داوای کرد کەسێکی بۆ بانگ بکەن بۆ ئەوەی نانەکەی لەگەڵ بخوات.
پاسەوانەکانی چەند گەڕان کەسێکی وایان نەدۆزییەوە تەنھا ئەعرابیەکە نەبێت و داوەتیان کرد.
لەم کاتە ئەم گفتوگۆیە لەنێوان حەجاج و پیاوە ئەعرابیەکە دروست بوو.
حەجاج : ئەی ئەعرابی فەرموو میوانمان بە و نانی نیوەڕۆمان لەگەڵ بخۆ ؟
ئەعرابی : کەسێک لە تۆ خانەدانتر بانگی کردووم و منیش داوەتی ئەوم قبوڵکرد.
حەجاج : ئەو کەسە کێیە؟
ئەعرابی : خودای گەورە و میھرەبان بانگی کردم بۆ بەرۆژووبوون و منیش داوایەکم جێبە جێ کرد و ئێستاش بەرۆژووم .
حەجاج : لەم رۆژە گەرمە بەرۆژوو دەبیت ؟
ئەعرابی : بۆ رۆژێکی لەم رۆژە گەرمترە بەرۆژووم (مەبەستی لە رۆژی دواییە)
حەجاج : ئەمڕۆ رۆژییەکەت بشکێنە و بەیانی بەرۆژوو بە.
ئەعرابی : تۆ دڵنیایی ئەوەم پێدەدەیت کە تا بەیانی دەژیم.
حەجاج : ناتوانم ئەم کارە بکەم چونکە مردن بەدەست خوای گەورەیە.
ئەعرابی : باش چۆن داوای کارێکم لێدەکەیت کە خۆت دەسەڵاتێکت بەسەریەوە نییە.
حەجاج : بەڵام خواردنەکە زۆر خۆشە.
ئەعرابی : سوێند بەخوا تامی خۆش لە خواردن دا نییە بە ڵکو لە جەستەیەکی تەندروست دایە.
حەجاج : سوێند بەخوا تا ئێستا کەسی وەک تۆم نەبینیووە و خودای گەورە پاداشتی بە خێرت بداتەوە.
و حەجاج فەرمانی کرد پاداشتێکی باشی پێبدەن.