رۆژانە کێشە لێرە و لەوێ لەنێوان ھاوسەران روودەدا و خەڵکانێک ھەن بە نیەتێکی باش ھەوڵدەدەن ئەم کێشانە چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی رێک و پێک بتوانیت نێوانی خەڵکی چاک بکاتەوە پێویستە رەچاوی ھەندێک بنەما بکەیت بۆ ئەوەی کێشەکان ئاسانتر چارەسەر ببن.
١.دیاریکردنی بنەماکانی ئاشت بوونەوە:
واتا پێشەکی پێویستە لەسەرت ھەندێک بنەما سەرەکی دابڕێژی کە ھەردوولا پێی رازیبن بۆ ئەوەی ئاشت بوونەوەکە دەست پێبکات و رێگری بکات لە دووبارە بوونەوەی کێشەکان لە دوا رۆژ.
٢. بابەتیانە بیر بکەوە :
لە زۆربەی کێشەکان ھەردوو لا خۆیان پێ راستە و بەئاسانی دان بەھەڵەکانی خۆیان نانێن، لەبەر ئەمە پێویستە بابەتیانە کێشەکان بخەیتە روو و ھەوڵبدەیت ھەردووکیان بھێنیتە سەر رێچکەیەک کە ئاشت ببنەوە بەشێوەیەک کەسیان ھەست نەکات مافی خوراوە.
٣. دوور کەوتنەوە لە خۆ پەرستی (ئەنانیەت) :
ئەو کەسەی سەرپەرشتی پرۆسەی ئاشت بوونەوە دەکات دەبێت بیر لە خودی خۆی نەکاتەوە و سۆزدارانە بیر نەکاتەوە بەڵکو پێویستە بەشێوەیەکی عاقڵانە بیر لە بابەتەکە بکاتەوە و بەشێوەیەکی دانایانە مامەڵە لەگەڵ راستیەکان بکات و ھەردوولا ئاڕاستە بکات و قەناعەتیان پێ بھێنێت کە ئاشت بوونەوەکە لەبەرژەوەندی ھەردوو لایەنە.
٤. گوێگرتن لەرای لایەنەکان :
لە کاتی روودانی ھەر کێشەیەک پێویستە بە تەواوەتی گوێ لەھەردوو لا بگیرێت بۆ ئەوەی رای خۆیان رون بکەنەوە و سەرجەم رایەکان گرنگن چونکە ھەموو ھەوڵدەدەن تێروانینی خۆیان بخەنە روو ھەروەھا ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ھەردوو لا گوێ لە یەکتری بگرن و جارێکی دیکە ھەمان ھەڵە دووبارە نەکەنەوە.
٥. لەگەڵ ھەردوو لا بە سۆزەوە مامەڵە بکە:
ئەو کەسەی نێوانی دوو کەس ئاشت دەکاتەوە پێویستە لەسەری سۆزی بۆ ھەردوو لا ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی بە تین لەگەڵیان دروست بکات و ھەردوو لا ئەو کەسە بە کەسی خۆیان بزانن و ناخی دڵ خۆیانی لا باس بکەن و متمانەی پێبکەن.
٦. بەکارھێنانی وشەکان بە ووردی :
بەکارھێنانی ھەندێک وشە و دەستەواژە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەندێک جار یەک وشە یان یەک دەستەواژە بەسە بۆ کۆتایی ھێنان بەھەندێک کێشە و نابێت بە ھیچ شێوەیەک وشە و دەستەواژەی رووخێنەر بەکار بێنێت کە ببێتە ھۆی قوڵبوونەوەی کێشەکە.
٧. زیرەکانە مامەڵە بکە:
لەکاتی چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک پێویستە لەسەرت چاوەڕێی کاردانەوەی توندی یەکێک لە لایەنەکان بکەیت، لەم حاڵەتە ئەرکی تۆ بریتی دەبێت لەھێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگری بکەیت لە تەشەنەکردنی زیاتری بابەتەکە.
٨. پرسیاری گونجاو بکە:
کاتێک دەتەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەیت پێویستە پرسیاری گونجاو بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بە شێوەیەکی ئاسان بچیتە نێو بابەتەکە و ھەوڵبدەیت چارەسەری بکەیت و نابێت پرسیارەکانت ببێتە ھۆی بێزارکردنی یەکێک لە لایەنەکان و دوور کەوتنەوە لە بنەڕەتی کێشەکە.
٩. روونی بکەوە کە ئاشت بوونەوە چەند گرنگە :
ئەگەر ھەوڵتدا نێوانی دوو کەس چارەسەر بکەیت، پێویستە لەسەرت بۆیان روون بکەیتەوە کە لە لایەنی کۆمەڵایەتی چەند گرنگە مرۆڤەکان بە ئاشتیانە بژین و ئەم ئاشتییە کاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دەبێت و شکۆمەندییەکی زیاتریان پێ دەبەخشێت و ھەردوو لا سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم بابەتە.