دڵ گرنگترین ئەندامی لەشی مرۆڤە و ھەر کێشەیەک لە دڵ دروست بێت ئەوا کاریگەری لەسەر تەواوی ئەندامانی لەش دەکات و یەکێک لەو گرفتانەی رووبەرووی دڵ دەبێتەوە، بریتیە لە خێرایی لێدانی دڵ و ھەندێک جار ئەم لێدانە ئەوەندە خێرا دەبێت دەگاتە زیاتر لە ١٠٠ ترپە لەیەک خولەک، لە کاتێکدا لێدانی ئاسایی دڵ لە نێوان (٦٠ - ١٠٠) ترپەیە لە یەک خولەک، بۆ دڵ وا باشترە لێدانەکەی خاو بێت نەک خێرا بێت و ئەو چینەی زۆر تووشی خێرایی لێدانی دڵ دەبن بریتین لە وەرزشوانان کە رۆژانە چالاکیەکی زۆر ئەنجام دەدەن .
ھۆکارەکانی خێرا لێدانی دڵ :
چەند ھۆکارێک ھەن کە وا دەکەن لێدانی دڵ خێراتر بێت لە حاڵەتی ئاسایی خۆی لەوانەش :
• تووشبوونی مرۆڤ بە ھەندێک نەخۆشی کە پەیوەندی بە دڵ ھەیە، وەک تێکچوونی خانەکانی دڵ.
• بوونی گرفت لە دڵ لە کاتی لە دایک بوون وەک بوونی کونێک لە دڵ.
• بوونی کێشە لە کارەبای دڵی مرۆڤ .
• تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشی کەم خوێنی (ئەنیمیا).
• ئەنجامدانی راھێنانی وەرزشی کە ماندووکەر بێت بۆ مرۆڤ و دەبێتە ھۆی ماندوو بوونی مرۆڤەکە و ئەنجامدانی توانای زیاتر .
• ھەست کردن بە شڵەژان و رارایی و لە کاتی حاڵەتی ترس و تۆقاندن.
• ئەنجامدانی ھەندێک رەفتاری نارێک وەک جگەرە کێشان بۆ ماوەیەکی زۆر.
• تووشبوونی بە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن .
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە شێوەیەکی زۆر .
• خواردنەوەی مەی بە شێوەیەکی زۆر .
• خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە رێژەیەکی زۆر مادەی کافایین لە خۆ دەگرن وەک چای و قاوە.
• خواردنی ھەندێک دەرمان کە کاریگەری لاوەکی لەسەر لەشی مرۆڤ دەبێت.
• بوونی کێشە لە رژێنی دەرەقی و بەتایبەتی لە حاڵەتی ئەنجامدانی چالاکی زۆر.
• لە دەست دانی ھاوسەنگی کانزایی دڵ .
• ئاڵودەبوون بە مادەی ھۆشبەر و بەکار ھێنانی بۆ ماوەیەکی زۆر .
نیشانەکانی خێرا لێدانی دڵ :
ئەوانەی تووشی حاڵەتی لێدانی خێرای دڵ دەبن ھەندێک نیشانەیان لێ بەدەردەکەوێت ئەوانەش بریتین لە :
• ھەست کردن بە سەر ئێشەی بەردەوام .
• توانا ھەناسەدانی ئاساییان نابێت، ھەردەم ھەست بە دڵتەنگی دەکات.
• بوونی لێدانێکی زۆری دڵ و مرۆڤەکە ھەست بەم حاڵەتە دەکات.
• ھەست بە ھەندێک ئێش دەکەیت لە سینگ .
• بەردەوام مرۆڤەکە لە ھۆش خۆی دەچێت و ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە .
سەرچاوە | الموضوع