»  ئایینی

باشترین ئافرەتانی سەر زەوی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
ھەموو مرۆڤەکان لەسەر زەوی پێگەی گرنگی خۆیان ھەیە بەڵام ئەوەی مرۆڤەکان لە یەکتری جیا دەکاتەوە ئەو کردەوانەیە لە ژیانی خۆیان ئەنجامی دەدەن، ئافرەتانیش بەشێکی گرنگن لە ژیانی مرۆڤایەتی و ئاینە ئاسمانییەکان و رۆلێکی گەورەیان بینیووە لە گەیاندنی پەیامەکان بە باشترین شێوە و لەنێو ھەموو ئافرەتان پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت ناوی چەند ئافرەتێکی ھێناوە کە بە باشترین ئافرەتانی دیاری کردوون ئەوانیش (خەدیجەی کچی خوەیلد و فاتیمەی کچی محمد و مەریەمی کچی عمران و ئاسیای کچی مەزاحم (خێزانی فیرعەون)). ئەوەی وای کردوە ئەم ئافرەتانە ئەم پێگە گەورەیان ھەبێت بریتی بوو لەو قوربانیانەی داویانە لە پێناو ئەو ئاینەی باوەڕیان پێی ھەبووە و ھەروەھا ئەم ئافرەتانە موژدەی بەھەشتیان پێدراوە و پێگەیان لە بەھەشت لە شوێنە بەرزەکانە.

لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر ھەندێک کاری ئەو ئافرەتە بەرێزانە :

١.خەدیجەی کچی خوەیلد : 
خەدیجەی کچی خوەیلدی کچی ئەسەدی قورەیشی و نازناوی دایکی ئیمانداران بوو و خێزانی پێغەمبەرمان (د.خ) بوو، یەکێک بوو لە پاکترین ئافرەتانی قورەیش و پێگەیەکی بەرزی ھەبوو و ھاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەرمان کرد و یەکەم کەس بوو باوەڕی بە پەیامی ئیسلام ھێنا و ھەردەم پاڵپشتی لە پێغەمبەرمان دەکرد. 
بەتایبەتی کاتێک ئەو شەوەی وەحی بۆ ھاتە خوارەوە و ھەروەھا لە ھەموو ھەنگاوەکان پاڵپشتی سەرەکی ئاینی ئیسلام بوو و کاتێک موسڵمانان لە دۆڵی (شعب) گەمارۆدران دایکی ئیمانداران لەگەڵ موسڵمانان بەرگەی ناخۆشییەکانی گرت و گیای دەخوارد و لەو ساڵەی گەمارۆیەکە کۆتایی ھات دایە خەدیجە کۆچی دوایی کرد و پێغەمبەرمان (د.خ) بە گیان لە دەستدانی دایە خەدیجە زۆر خەمبار بوو چونکە زۆری خۆشدەویست، لەم بارەیەوەش دایە عائشە دەڵێت (پێغەمبەرمان (د.خ) بەردەوام باسی کار و کردەوەکانی دایە خەدیجەی دەکرد). 
ھەروەھا دایە خەدیجە یەکێک بووە لەو کەسانەی موژدەی بەھەشتی پێدراوە و جوبرائیل بە پێغەمبەرمانی راگەیاندوە کە دایە خەدیجە لە بەھەشت خانویەکی لە مرواری بۆ دروست کراوە. 
دایە خەدیجە ھەرگیز لە ژیانی خۆی پێغەمبەرمانی ئەزیەت نەداوە و ھەرگیز دەنگی لە سەر بەرز نەکردووتەوە.

٢.فاتیمەی کچی پێغەمبەرمان (د.خ): 
کچی پێغەمبەرمانە(د.خ) و نازناوی (ام ابیھا) واتا پالپشتی باوکی خۆی چونکە بەردەوام پاڵپشتی باوکی خۆی لەو کاتەی منداڵ بوو و تەمەنی شەش ساڵان بوو و بەردەوام چاودێری باوکی دەکرد و پشتگیری دەکرد . 
فاتیمە خان دڵنەواییەکی زۆر گەورە بوو بۆ باوکی بە تایبەتی دوای گیان لە دەستدانی دایکی (دایە خەدیجە)، کاتێک فاتیمە خاتوون گەورەبوو ژیانی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئیمام عەلی پێکھێنا و مارەییەکەشی تەنھا قەڵغانێک بوو و ژیانێکی سادە و ھەژارانە دەژیا . 
ھەروەھا فاتیمە خان دایکی (حەسەن و حوسێن) بوو کە نازناویان (سیدا شباب الجنە) بوو، فاتیمە خاتون منداڵەکانی بە جوانترین شێوە پەروەردە کردبوو .

٣. مەریەمی کچی عومران: 
مەریەمی کچی عومران دایکی پێغەمبەر عیسایە(سڵاوی خوای لێبێت) و ناوی لە قورئانی پیرۆز ھاتووە، خاتوو مەریەم لە ژیانی خۆی بەرگەی زۆر نەھامەتی گرتووە، چونکە بە نازداری(یەتیم) گەورەبووە و پێغەمبەر زەکەریا(سڵاوی خوای لێبێت) پەروەردەی کردوە .

تاکە ئافرەت بوو کە بەبێ ھاوسەرگیری منداڵی بووە، کاتێک جوبرائیل موژدەی ئەوەی پێدا کەسکی دەبێت بێ ئەوەی ھاوسەرگیری بکات ھیچ کاردانەوەیەکی نەبوو چونکە دەیزانی ئەو فەرمانی خوای گەورەیە و ھەروەھا لە ناخۆشترین بارودۆخ عیسا(سڵاوی خوای لێبێت)ی بوو چونکە بە تەنیا بوو و دوور بوو لە کەسوکاری خۆی و کاتێک پێغەمبەر عیسای بوو داوای لێکرا منداڵەکە ببات بۆ ئەوەی رووبەرووی قەومەکەی ببێتەوە، لەبەر ئەمە پێگەیەکی بەرزی ھەبوو .

٤. ئاسیای خێزانی فیرعەون : 
ناوی ئاسیای کچی موزاحم بوو ھاوسەری فیرعەونی تاغوت بوو کە داوای خوایەتی دەکرد، ھەرچەندە لەناو کۆشکی فیرعەون دەژیا  و خۆشترین ژیانی ھەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەی خۆی تەرخان کردبوو بۆ خودا پەرستی و رقی لە کردەوەکانی فیرعەون دەبووە . 
ئاسیا خان لەلایەن فیرعەونی ھاوسەری رووبەرووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوام بوو لەسەر پەرستنی خوای گەورە و لەلای ئەو خوا پەرستی لە ھەموو شتێک گرنگتر و گەورەتر بوو لەبەر ئەمە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز ناوی ھێناوە و پێگەیەکی بەرزی لە بەھەشت پێبەخشیووە.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
6324بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Jan 18 2021 2:20PM