»  تەندروستی

چەند رێگایەکی ناوازە بۆ چارەسەری خێرای ھەڵامەت

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لەگەڵ ئەوەی ھەڵامەت حاڵەتێکی کاتییە و ماوەی ھەفتەیەک دەخایەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چەند رێگەیەکی خێرا ھەیە بۆ ئەوەی زووتر چارەسەری خۆتی پێبکەیت لەوانەش :

پشوویەکی باش بدە و ھەوڵبدە ئەگەر دەوامت ھەبوو ئەم رۆژە مۆڵەت وەربگریت، بۆ ئەوەی وزەیەکی باش بۆ لەشت بەدەست بھێنیت بۆ ئەوەی رووبەرووی ڤایرۆسەکە ببیتەوە کە بووتە ھۆی توووشبوون بە ھەڵامەت. 

لەشەوان ھەوڵبدە باش بخەویت و ھەروەھا لە رۆژیش قەیلولەیەک بکە، چونکە کەم خەوی دەبێتە ھۆی لاواز بوونی کۆئەندامی بەرگری لەش و بەم شێوەیەش توانای رووبەرووی بوونەوەی ڤایرۆسەکەت کەم دەبێتەوە. 

لەکاتی نووستن ھەوڵبدە سەرینێکی زیاتر بەکار بھێنی بۆ ئەوەی سەرت بەرز بێت و توانای ھەناسەدانت باشتر بێت. 

ھەوڵبدە شلەمەنی زۆر بخۆیتەوە و بەتایبەتی ئاو، چونکە ئەم شلەمەنیە یارمەتیدەرە لە سەر دەردەدانی چڵمی ناو لووت و بەمەش ھەناسەدانت باشتر دەبێت. 

دوور بکەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان و مادەی کافایین و مەی، چونکە ئەم جۆرە خواردنەوانە حاڵەتەکەت توندتر دەکەن.

غەرەغەرە بە ئاو و خوێ بکە(خوێواوک) چونکە رۆلی ھەیە لە کەمکردنەوە چڵم . 

چای گەرم بخۆوە لەگەڵ شیری گەرم چونکە رۆلیان ھەیە لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی ھەڵامەت و چارەسەرن بۆ ئازاری قورگ. 

ھەنگوین بخۆ، چونکە رۆلێکی باشی ھەیە لە کەمکردنەوەی کۆکە(کۆخە) بەڵام نابێت ئەگەر کەسەکە تەمەنی لەیەک ساڵ کەمتربوو ھەنگوینی پێبدرێت. 

بە ئاوی گەرم خۆت بشۆ، چونکە ئەو ھەڵمەی لە ئاوەکە ھەڵدەستێت یارمەتیدەرە بۆ تەڕکردنی قورگ ولووت و نیشانەکانی ھەڵامەت کەم دەکاتەوە هەروەها ئاوی گەرم ماسولکەکان خاو دەکاتەوە. 

خواردنی ئەو دەرمانانە کە ھۆکارن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکە ئەمەش بە پێی رێنمایی کەسانی پسپۆڕ لە حاڵەتەکە.

سەرچاوە| الموضوع


«  ته‌واوی بابه‌ته‌ پزیشكیه‌كان ئامۆژگاری گشتین، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری گونجاو سه‌ردانی پزیشك بكه‌! »  
«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4287بینین‌‌‌
5 ساڵ پێشتر - Feb 15 2019 5:46PM