سایگا یەکێکە لە جۆرەکانی مامز و دوو جۆری لاوەکی ھەیە ئەوانیش (Saiga Tatarica Tatarica & Saiga Tatarica Mongolica) .
ئەم جۆرە ئاژەڵە لە ناوچەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا و ھەندێک وڵاتی ئەوروپی دەژیت لە وانەش (کازاخستان ، مەنگۆلیا ، رووسیا ، تورکمانستان و ئۆزبەکستان) .
سایگا ئاژەڵێکە لەناوچەی لەوەڕگاکان دەژیت بەتایبەتی ناوچەکانی گژوگیای ساڤانا و ناوچەی دارستانەکان و بیابانەکان و ناوچە ووشکەکان.
ساڵانە ژمارەی ئاژەڵی سایگا روو لە کەمی دەکات بەھۆی ئەوەی بە رێژەیەکی زۆر راو دەکرێت و ناوچەکانی لەوەڕگاکانی لەدەست دەدات.
ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی سایگای تێدا دەژیت، ئەم ئاژەڵە راو دەکەن بۆ ئەوەی گۆشتەکەی بخۆن و سوود لە قۆچەکەی دەبینن ، چونکە لە بواری پزیشکی چینی بەکاردێت.
لە ئێستادا ژمارەی ئاژەڵی سایگا لە ٥٠ ھەزار سەر ئاژەڵ کەمترە.
قەبارەو کێشی :
قەبارەی سایگا ھاوشێوەی بزنی ئاساییە و بە زۆری قەبارەی نێرەکان لە مێیەکان گەورەترە و قەبارەیان لە نێوان ٤٢ – ٥٧ ئینجە و بەرزیان لە نێوان ٢٢ – ٣١ ئینجە و کێشیان لەنێوان ٤٦ – ١١٢ رەتل دەبێت.
سایگا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گژوگیا دەبەستێت بۆ دابین کردنی خواردنی خۆی .
شێوازی ژیانیان :
ئاژەڵی سایگا بە شێوەی مێگەڵ دەژین و ژمارەی ھەر مێگەڵێک لەنێوان (٣٠ - ٤٠) سایگا دەبێت و زۆرینەی مێگەلەکە مێیینەن و نێرەکان ئەرکیان پاراستنی مێگەلەکەیە.
سایگا بەوە بەناوبانگە کە زۆر کۆچ دەکەن و ماوەیەکی زۆر دەبڕن و کۆچی سایگا لە مانگی تشرینی دووەم دەست پێدەکات و لە توانای دا ھەیە لە یەک رۆژ ٧٢ میل ببڕێت .
سایگا ئاژەڵێکی زۆر خێرایە و توانای ھەیە لە یەک کاتژمێر بە خێرایی ٨٠کم لە یەک کاتژمێر رابکات بەتایبەتی ئەگەر ئاژەڵێکی دڕندە ھێرشی کردە سەر.
دوژمنەکانی سایگا:
بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی ئاژەڵە دڕندەکان دوژمنی سایگان بەتایبەتی گورگ، ھەروەھا مرۆڤیش ھۆکاری سەرەکییە بۆ کوشتنی ئەو ئاژەڵە و کەمبونەوەی ژمارەیان.
زاوزێ کردن:
ئاژەڵی سایگا لەوەرزی زستان کرداری زاوزێ ئەنجام دەدەن و نێرەکان لەنێوان خۆیان بەشەڕ دێن بۆ بەدەستھێنانی مێیینەیەک، ماوەی ئاوس بوونی سایگا پێنج مانگ دەخایەنێت و زۆربەی جارەکان دوو بێچووی دەبێت و لە چوار مانگی یەکەمی تەمەنی بێچووی سایگا پشت بە شیری دایکی دەبەستێت.
تەمەنی سایگا:
بەشێوەیەکی گشتی تەمەنی ئاژەڵی سایگا لە نێوان ٦–١٠ ساڵە، بەڵام زۆربەیان ناگەنە ئەو تەمەنە و لەناو دەچن.
سەرچاوە | پێگەی المرسال